سەدام حسێن سەرپەرشتی پڕۆژە نادیارەكانی كەركوك دەكات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 1 هەفتە ‌ :: 1386‌ جار بینراوە

تاگ :: كه‌ركوك

دواڕۆژ، عیماد جەباری

زیاتر لەمانگێكە ئیدارەی كەركوك وەڵامی نووسراوەكانی ئەنجومەنی پارێزگا ناداتەوە كە داوای كۆپییەكی لیستی پڕۆژە پەسەندكراوەكان دەكات تاوەكو لەو رێگەیەوە چاودێری چۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكان بكات.


پرۆژەكانی كەركوك كە دوای زیاتر لە دوو مانگ چاوەڕوانی لە رێگەی كۆكردنەوەی واژۆی ژمارەیەك لەئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاوە پەسەندكرا، لەئێستادا جارێكیتر بووەتە پرسی گەرم لە شارەكەدا بەتایبەت كە گومان لەجێبەجێكردنیان دەكرێت.

سەدام حسێن كێیە كە كۆپی لیستی پڕۆژەكان ناداتە ئەنجومەن

نەجات حسێن سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژی راگەیاند: زیاتر لەمانگ و نیوێك ئامادەنەبووین دەنگ لەسەر پرۆژەكانی ئیدارەی كەركوك بدەین كە زیاتر (وێنەیی) بوون بەڵام دواتر لە رێگەی كۆكردنەوەی واژۆی 19 ئەندام لەگەڵ 2 واژۆی دیكەی ساختەدا كە هێشتا لێكۆڵینەوە لەو بابەتە دەكرێت پەسەندكرا.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی (سەدام حسێن) بەڕێوەبەری پلاندانانی پارێزگا تۆمەتبار دەكات بە وەڵام نەدانەوەی ئەنجومەنی پارێزگا و دەڵێت: "ئەنجومەنی پارێزگا لەماوەی مانگێكدا سێ نووسراوی ئاڕاستەی ئیدارەی كەركوك كردووە تیایدا داوا دەكات لیستی پرۆژە پەسەندكراوەكان رەوانە بكرێت تاوەكو چاودێری بكات، بەڵام ئامادەنین بیخەنە بەردەستمان بۆیە ئێمە وەكو ئەنجومەن و تەنانەت بەڕێوەبەری فەرمانگەكانیش شوێن و جۆری پرۆژە راگەیەندراوەكان نازانین.

سەدام حسێن، بەڕێوەبەری نوێی پلاندانانی دیوانی پارێزگایە كە لەشوێنی (یەشار) دانراوە، بەوتەی ئەندامانی ئەنجومەن دوو پاسەوان بەردەوام لەبەردەم دەرگای ژوورەكەیدا وەستاون تەنانەت رێگە بە چوونە ژوورەوەی ئەندامانی ئەنجومەنیش نادەن، نووسینگەكەی بەژووری نهێنییەكان ناودەبرێت كە تیایدا سەرجەم پرۆژە و تەندەرەكان بەبەڵێندەران دەدرێت بەبێ ئەوەی ئەنجومەن ئاگاداری وردەكارییەكەی بێت.

گەندەڵی لە 167 پرۆژەدا هەیە

چاودێرانی ئابوری هۆكاری قۆرخكاری و گەندەڵی لەپڕۆژەكانی كەركوكدا بۆ نەبوونی دەسەڵاتی چاودێری بەسەر ئیدارەی شارەكەوە دەگەڕێننەوە كە بووەتە هۆی بەهەدەردانی پارەیەیەكی زۆر.

بەپێی راپۆرتێكی دەستەی دەستپاكی عێراق، سستی لەجێبەجێكردنی 167 پرۆژەی كەركوكدا هەیە كە تێچووەكانیان دەگاتە 370 ملیۆن دۆلار.

دیارترین ئەو پرۆژانەیش بریتین لە جێبەجێكردنی تۆڕەكانی چارەسەری ئاوی باران و ئاوەڕۆ بەبڕی 136 ملیار دینار، پرۆژەی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی بەبڕی 45 ملیۆن دۆلار، یەكێكی دیكە لەو دەیان پرۆژانەش بریتییە لە فڕۆكەخانەی نێودەڵەتی كەركوك بەتێچووی زیاتر لە 93 ملیۆن دۆلار كە رێژەی جێبەجێكردنی تاوەكو ئێستا لەسەدا یەكە.

كورد هەڕەشەی كشانەوەی واژۆكانی دەكات

بەپێی پلانەكانی ئیدارەی كەركوك كە پێشتر ئەنجومەنی پارێزگا دەیان تێبینی لەسەری هەیە، بڕیارە لەمساڵدا 400 پرۆژە بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە بەشێكیان ئەو پرۆژانەن كە پێشتر كاركردن تیایاندا وەستێندرابوو بەهۆی نەبوونی بودجە و شەڕی داعشەوە.

كاكەڕەش سدیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژی راگەیاند: وەزارەتی پلاندانان ریژەیەكی دیاری كردووە كە هەر پرۆژەیەك تێچووەكەی لەملیارێك زیاتر نەبێت دەتوانرێت لەلایەن خودی فەرمانگەكەوە جێبەجێبكرێت واتا (جێبەجێكردنی راستەوخۆ) ئەگەر لەو پارەیەش زیاتربوو پێویستە تەندەرەكان ئیحالە بكرێن بۆ ئەوەی بدرێنە بەڵێندەر.

وتیشی: "ئێمە گومانمان تەنیا لە پڕۆژەیەكدا هەبوو ئەویش لەئێستادا راگیراوە، كاتی خۆشی بەكۆمەڵێك مەرج واژۆمان لەسەر پەسەندكردنی پرۆژەكانی ئیدارە كردووە، ئەوەشمان بە روونی لەگەڵ راكان جبوری باسكردووە كە هەركاتێك مەرجەكانی ئێمە جێبەجێنەكرێت ئێمە ئامادەنین هاوكاری ئیدارە بین و واژۆكانمان دەكشێنینەوە.

مەرجی ئەندامانی یەكێتی لەلیستی برایەتی بۆ واژۆكردن لەسەر لیستی پرۆژەكانی راكان جبوری، بەوتەی خۆیان جێبەجێكردنی پرۆژەی خزمەتگوزارییە لەناوچە كوردنشینەكان بەشێوەیەكی هاوسەنگ بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخرێتەڕوو چونكە لەبنەڕەتدا لیستی پرۆژەكان ناڕوون و نادیارە بەشێوەیەك دیارینەكراوە پرۆژە لەچی شوێنێكی شارەكەدا جێبەجێدەكرێت.

دادگا لەئاستی راكان جبوری بێدەنگ نابێت

 بودجەی كەركوك كە لەچەند سەرچاوەیەكەوە دابیندەكرێت دەگاتە زیاتر لە 450 ملیار دینار لەگەڵ 51 ملیار دینار پشكی شارەكە لەپارەی پترۆدۆلار كە پێشتر لەبانكی كوردستان دەستی بەسەردا گیرابوو.

نەك تەنیا كورد و توركمان، بەڵكو پێكهاتەی عەرەبیش ئیدارەی ئێستای كەركوك تۆمەتباردەكات بەئەنجامدانی گەندەڵی و تەنانەت داوای لێكۆڵینەوە دەكات لەو پرۆژانەی بڕیاربوو بەپارەی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دروستبكرێت لەسنووری قەزای حەویجە چونكە لەسەر ئەرزی واقیع هیچ پرۆژەیەك نابینرێت.

بەتۆمەتی گەندەڵی ژمارەیەكی زۆر سكاڵا دژی راكان جبوری پارێزگاری كاتی كەركوك تۆماركراوە، ئەوەش وایكردووە لەماوەی دوو مانگی رابوردوودا دووجار بانگهێشتی دادگا بكرێت، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە یەكلاییان بكاتەوە.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure