چه‌ند له‌ دارستانه‌ ته‌ڕ و چڕ و شێداره‌كانى جیهان ماوه‌؟

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/09/2019‌ :: 196‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

دارستانه‌ باراناوى و شێداره‌كانى جیهان خه‌ریکه‌ به‌ره‌و له‌ناوچوون ده‌چن و ئه‌گه‌ر به‌مشێوه‌یه‌ی ئێستاش به‌رده‌وام بێت ئه‌وا له‌وانه‌یه‌ له‌ 100 ساڵى داهاتوودا به‌ته‌واوه‌تى له‌ناوبچن.


دارستانه‌کانى هێڵى کەمەرى گرنگترین سیستمى ئایكۆلوجین له‌سه‌ر رووی گۆی زه‌وى، چونكه‌ نیشتمانى زۆرێك له‌ جۆره‌كانى بایۆلۆجییه‌ له‌ جیهاندا.

له‌چوارچێوه‌ى ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى رووبه‌ڕووى ئه‌و جۆره‌ دارستانانه‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ جیهاندا  ده‌بێت هه‌ندێك زانیاری گرنگ كه‌ په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌و دارستانانه‌وه‌ بزانیت كه‌ پێشتر چه‌ند بوون و چه‌ندیان ماونه‌ته‌وه‌ و هۆكاری تێكدانیان چییه‌؟!

له‌سه‌ر گۆی زه‌وى چه‌ند دارستانى ته‌ڕ و چڕ و شێدار هه‌یه‌؟
دارستانه‌ شێدار و ته‌ڕه‌كان پێشتر 14%ى مه‌ودای زه‌ویان داپۆشیبوو، به‌ڵام نیوه‌یان له‌ناوچوون و ئێستا له‌ 8%یان ماوه‌ته‌وه‌.

له‌ ساڵی رابردوودا جیهان 12 ملیۆن هێكتار زه‌وى له‌ دارستانه‌کانى هێڵى کەرمى به‌هۆی له‌ناوبردنیانه‌وه‌ له‌ده‌ستدا كه‌ ده‌كاته‌ مه‌ودای نزیكه‌ى 30 یاریگای تۆپی پێ و ئه‌وه‌ى جێگه‌ى دوودڵی و نیگه‌رانییه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م رێژه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا كه‌متر له‌ 100 ساڵى داهاتوو هه‌موو دارستانه‌كانى له‌و جۆره‌ له‌ناوده‌چن.

چی هه‌ڕه‌شه‌ له‌و دارستانانه‌ ده‌كات؟
به‌كورتى مرۆڤ هۆكاری سه‌ره‌كى هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئه‌و دارستانانه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كیشه‌ بۆ له‌ناوبردن و لابردنیان، چه‌ند هۆكارێكى تریش هه‌ن له‌وانه‌ دۆزینه‌وه‌ى زه‌وى بۆ له‌وه‌ڕاندنى ئاژه‌ڵه‌كان و به‌رفراوانكردنى كێڵگه‌كانى پاقله‌ و سۆیا و خواستى زۆری مه‌تات و زه‌یتى داره‌كان و دروستكردنى رێگه‌وبان و ده‌رهێنانى كانزا و وزه‌.

هۆكاری سه‌ره‌كى تێكدانى دارستانه‌كان له‌ جیهاندا (ئه‌مازۆن) گۆڕینى ئه‌و دارستانانه‌یه‌ بۆ شوێنى به‌خێوكردنى مه‌ڕوماڵات.

به‌پێی توێژینه‌وه‌یه‌كیش كه‌ سندوقی جیهانى بۆ سروشت ئه‌نجامیداوه‌ ئاشكرابووه‌ ئه‌مازۆن 17%ى دارستانه‌ شێدار و ته‌ڕه‌كانى له‌ماوه‌ى 50 ساڵى رابردوودا له‌ده‌ستداوه‌، ئه‌و ژماره‌یه‌ش له‌ هه‌ڵكشاندایه‌، شاره‌زایان گله‌یی له‌ حكومه‌تى بڕازیل ده‌كه‌ن كه‌ گرنگترین سیستمى ژینگه‌ له‌سه‌ر گۆی زه‌وى تێكده‌دات.

له‌ناوبردنى ئه‌و دارستانانه‌ چۆن كاریگه‌ریان هه‌یه‌ له‌سه‌ر كه‌شوهه‌وا؟
كه‌مبونه‌وه‌ى دارستانه‌ چڕ و ته‌ڕ و شێداره‌كان له‌سه‌ر گۆى زه‌وى كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌شوهه‌وا هه‌یه‌.

جیهان پێویستى به‌ دار و دره‌خته‌یە، چونكه‌ دوانه‌ ئۆكسیدی كاربۆن هه‌ڵده‌مژێت كه‌ گازه‌ خراپه‌كان ده‌ریده‌ده‌ن له‌ڕێگای چالاكیه‌ جیاوازه‌كانى مرۆڤه‌وه‌.

له‌ناوبردن و وێرانكردنى دارستانه‌كان واده‌كات ئه‌و گازانه‌ له‌ هه‌وادا بمێننه‌وه‌ و تیشكى هه‌تاو ده‌گرێت و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رما و كاریگه‌ری له‌سه‌ر كه‌شوهه‌وای هه‌موو جیهان دروستده‌كات.

زانایان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى 12%ى ده‌ردانه‌ زیانبه‌خشه‌كانى هه‌وا هۆكاره‌كه‌ى مرۆڤن و به‌له‌ناوبردنى دارستانه‌كان ده‌ستپێده‌كات.

تۆم كراوسه‌ر، زانای ژینگه‌ له‌ بواری گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا ده‌ڵێت: به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى دارستانه‌كان ته‌نها چاره‌سه‌رنییه‌ بۆ پاراستنى كه‌شوهه‌وا به‌ڵكو باشترینیانه‌.

ئه‌گه‌ر نه‌ریت و خووه‌كانمان له‌ڕه‌گه‌وه‌ نه‌گۆڕین و هه‌موو وڵاتان پابه‌ندى ئه‌و رێكه‌وتنانه‌ نه‌بن و نه‌وه‌ستن له‌ نه‌هێشتى دارستانه‌كان و ماوه‌ بده‌ینه‌ دارستانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ى خۆیان سارێژبكه‌نه‌وه‌ ئه‌وا له‌ماوه‌ى چه‌ند سه‌ده‌ى داهاتوودا به‌ته‌واوه‌تى دارستانه‌ چڕ و ته‌ڕ و شێداره‌كان له‌ناوده‌چن.
 
ئه‌مه‌ش ده‌رئه‌نجامى خراپی له‌سه‌ر ژینگه‌ى جیهان و جۆرایه‌تى بایۆلۆجی و مانه‌وه‌ى جۆره‌ جیاوازه‌كان ده‌بێت. 

پێداچونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure