جڤاتێکی 100 کەسی بۆ ئێزدییەکانی کوردستان و جیھان پێکدەھێنرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 95‌ جار بینراوە

تاگ :: شەنگال

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

بەرپرسێکی ئێزدی رایدەگەیەنێت: گەنجان و روشنبیرانی ئێزدی کۆکن لەسەر پێکهێنانى جڤاتێکی 100 کەسی بۆ ئێزدییەکانی کوردستان و جیھان، ئەمەش پاش کێشەى ئەمدواییە لەسەر یەکلاکردنەوەى میرى ئێزدییان.


شەمۆ قاسم، بەرپرسی بەشی رۆشنبیری و کۆمەڵایەتی بنکەی لالش (ئەمڕۆ شەممە 7ى ئەیلولى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: پێکھێنانی جڤاتێکی سەد کەسی بۆ ئێزدییەکانی کوردستان و جیھان پڕۆژەیەکی کۆنە و پێش چەند ساڵێک لەوکاتەى (میر تەحسین بەگ) لەژیاندابوو ئەم پڕۆژەیە دانرا.

وتیشی: "دوای کۆچی دوایی میرتەحسین بەگ، چەند لایەن لە ماڵی میرانی ئێزدییەکاندا دروستبوون، ھەر یەکێکیان دەڵێت من میرم، بۆیە بیرۆکەکە لەلای گەنجان و رۆشنبیرانی ئێزدی دروستبوو جارێکی تر لەسەر ئەو جڤاتەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا ھەوڵیاندابوو پێکیبھێنن، ئێستا دەیانەوێن بەشێوەیەکی باشتر کارى لەسەر بکەن و پێکیبھێنن".

ئاماژەى بەوەشکرد: بیرۆکەی نوێى پێکھێنانی ئەو جڤاتە ئەوەیە کە لە 100 کەسی ئێزدی لە کوردستان و جیھان پێکدەھێنرێت، بەپێى رێژەی ئێزدییەکان لەھەر وڵات و ناوچەیەک نوێنەرێکیان دەستنیشاندەکرێت و دەبێتە ئەندامی ئەو جڤاتە.

بەرپرسەکەى بنکەی لالش باسیلەوەشکرد: دوای پێکھێنانی ئەو جڤاتە لیژنەی تایبەتیان دەبێت بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیان و جڤاتی رۆحانی ئێزدییەکان ئەندام دەبێت تیایدا.

ئەوەشی خستەڕوو: ئەگەر ئەو جڤاتە پێکبھێنرێت، ئیشی باش بۆ ئێزدییەکان ئەنجامدەدرێت، بەتایبەت دیاریکردنی میرێک بۆ ئێزدییەکان، چونکە ئەگەر ئەو جڤاتە ھەبوایە لەکاتی دەستنیشانکردنی میر ئەوان کوبوونەوەیان دەکرد و میرێکیان دەستنیشاندەکرد و بڕیارەکەشیان جێی رەزامەندی ھەموویان دەبوو.

راشیگەیاند: یەکێک لەو خاڵە گرنگانەی ئەو جڤاتە جێبەجێیدەکات ئەوەیە، لە رووی سیاسی و ئایینی و رۆشنبیری خزمەت بە ئێزدییەکان دەگەیەنێت و چارەسەر بۆ زۆربەی کێشەکانیان دەدۆزنەوە و بەرێگای ئەو جڤاتە دەنگمان دەگاتە ھەموو جیھان.

پێداچونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure