مەترسى هەیە جێى خوێندن بەخۆڕایى بگرێتەوە
داوادەکرێت چاو بە سیستمى پاڕالێڵدا بخشێندرێتەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 440‌ جار بینراوە
"رۆژ به‌ڕۆژ كه‌رتى خوێندن به‌ره‌و بەپاره‌کردن ده‌ڕوات و خوێندنى حكومى بێ بایه‌خ ده‌كرێت"

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

کارکردن بە سیستمى پارالێڵ وەک بەشێک لە سیستمى گشتى وەرگرتنى خوێندکاران لە زانکۆ و پەیمانگا حکومییەکان لەلایەن بەشێک لە چالاکوانانەوە رەخنەى لێدەگیرێت و وەک مەترسییەکى ئایندە بۆ سەر مافى خوێندن بە خۆڕایى لێکدەدرێتەوە، وەزارەتى خوێندنى باڵاش دەڵێت: سیستمەکە خراوەتە چوارچێوەى ریفرۆمەوە و پێداچوونەوەش بە نرخى خوێندندا دەکرێت. 


سیستەمى پارالێڵ (خوێندنى به‌ پاره‌) یه‌كێكه‌ له‌و سیسته‌مانه‌ى ده‌رچووانى ئاماده‌یى له‌ زانكۆ و په‌یمانگا حكومیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان پێوه‌رده‌گیرێت هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سیسته‌مى راسته‌وخۆى كریدیت و ئێواران.

ئه‌گه‌رچى له‌بنه‌ڕه‌تدا به‌رامبه‌ر خوێندنى هه‌ر ساڵێكى زانكۆ و په‌یمانگاكان مه‌بله‌غێك پاره‌ وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام به‌وته‌ى بەشێک لە خوێندكاران و هاووڵاتیان به‌هۆى ئه‌و سیسته‌مه‌وە مه‌ترسى له‌سه‌ر بێبایه‌خكردنى خوێندنى حكومى هه‌یه‌.

لەو چوارچێوەیەدا ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانى مه‌ده‌نى و مامۆستایانى زانكۆ و رۆشنبیر و رۆژنامه‌نوسان، كه‌ ژماره‌یان 36 كه‌سه‌، كه‌مپینێكیان راگه‌یاند و داواده‌كه‌ن چاوخشاندنه‌وه‌یه‌كى خێرا به‌و سیسته‌مه‌دا بكرێت و خوێندن له‌ ئاینده‌یه‌كى مه‌ترسیدار رزگاربكرێت.

تالیب خالید، چالاكوانى مه‌ده‌نى و خوێندکارانى زانکۆ بە دواڕۆژى وت: "راسته‌ سیسته‌مى پارالێل به‌پێى بڕیاره‌ كارپێكراوه‌كان رێگه‌پێدراو و ئاساییه‌، به‌ڵام به‌هۆى فراوانكردنى و به‌رزكردنه‌وه‌ى كرێى خوێندن گومان لاى ئێمه‌ دروستبووه‌ كه‌ رۆژ به‌ڕۆژ كه‌رتى خوێندن به‌ره‌و بەپاره‌کردن ده‌ڕوات و خوێندنى حكومى بێ بایه‌خ ده‌كرێت".

تالیب، کە یەکێکە لە بەشداربووانى کەمپینەکە، وتیشى: "وه‌كو كۆمه‌ڵێك له‌ چالاكوانان و خوێندکاران رووبه‌ڕووى ئه‌و مه‌ترسیه‌ ده‌بینه‌وه‌ و داوا له‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا ده‌كه‌ین چاوێك به‌و سیسته‌مه‌دا بخشێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى جیاوازى له‌نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و هه‌ژاران دروست نه‌بێت و هاوسه‌نگى بۆ خوێندن بگه‌ڕێته‌وه‌".

كرێى خوێندنى به‌رایى پارالێڵ و خوێندنى ئێواران له‌ كۆلێژه‌كاندا له‌ یه‌ك ملیۆن و 450 هه‌زار دینارەوە ده‌ستپێده‌كات و به‌رزترین نرخیش بۆ خوێندنى یه‌كساڵ بۆ به‌شى ئه‌ندازیارى ته‌لارسازیه‌ كه‌ بڕه‌كه‌ى چوار ملیۆن دینارە، وەک ئەوەى لە دواین بڕیارى زانكۆى سه‌ڵاحه‌ددیندا لە 1ى ئەیلولى ئەمساڵدا ئاماژەى پێکراوە.

لەگەڵ ئەوەش بۆ ئەمساڵ پێدەچێت ژمارەى کورسییەکان بۆ ئەو جۆرە خوێندنە زیادکرابێت، وەک ئەوەى شارەزایەک باسیدەکات.

شێرزاد مەحمود، شاره‌زاى زانكۆلاین بە دواڕۆژى وت: "ئه‌وه‌ى جێگه‌ى هه‌ڵوه‌سته‌كردنه‌ له‌سه‌رى، پارساڵ رێژه‌ى كورسى ته‌رخانكراو ته‌نها 10% بوو له‌كاتێكدا ره‌چاوى ته‌مه‌نى كه‌سه‌كانیش كرابوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ پلانى وه‌رگرتن بۆ هه‌ر به‌شێك له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان به‌پێ بڕیارى وه‌زاره‌ت بۆ 40% زیادكراوه‌ كه‌ ئه‌مه‌ش به‌ روونى دیاره‌ خوێندن بەرەو به‌ پاره‌ ده‌بردرێت".

هاوکات ئیحسان یاسین، هەڵگرى بڕوانامەى ماستەر لە بوارى کارگێڕى بە دواڕۆژى راگەیاند: ئه‌و سیسته‌مه‌ واده‌كات له‌ رووى ده‌رونى و كۆمه‌ڵایه‌تى و دارایى و ئینتیماى نه‌ته‌وه‌یى كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانى تاك و خێزان و كۆمه‌ڵگا دروستبكات و ده‌رهاویشته‌ى خراپى ده‌بێت.

وتیشى: "ئه‌گه‌رچى سیسته‌مه‌كه‌ یارمه‌تیده‌رێكه‌ بۆ زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ى ئاره‌زووى خوێندن ده‌كه‌ن، به‌ڵام پێویسته‌ گۆڕانكارى له‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى نرخ و رێژه‌ى وه‌رگرتنى قوتابیاندا بكرێت".

داخوازى چالاکوان و خوێندکاران گەیشتووەتە بڕیاربەدەستانى وەزارەتى خوێندنى باڵا، بڕیاریشە وەک هەنگاوى یەکەم کار لەسەر کەمکردنەوەى کرێى خوێندن بکرێت.

ئارام محەمەد قادر، وه‌زیرى خوێندنى باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستى بە دواڕۆژى راگەیاند: یه‌كێك له‌ پڕۆژه‌كانمان كه‌مكردنه‌وه‌ى كرێى خوێندنه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو.

وتیشى: "ئه‌وانه‌ى كه‌مپین دژى سیسته‌مى پارالێڵى خوێندن راده‌گه‌یەنن دڵنیایان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌جیاتى ئه‌وان لێره‌ین و داواكاریه‌كانیان هى ئێمه‌شه‌ و جێى خۆى ده‌گرێت".

بەپێى ماددەى 34 لە دەستورى عێراق، خوێندن بە خۆڕایى مافى هەموو هاووڵاتییەکە، بەڵام ساڵانێکە لە قۆناغى سەرەتاییەوە تا زانکۆ رێگە بە کەرتى تایبەت دراوە بەشداربن تیایدا و لە چوارچێوەیەشدا خوێندنگە و زانکۆى تایبەت بکرێتەوە، هەمیشەش نرخى خوێندن جێى سەرنج و نیگەرانى بووە.

پێشتر عه‌باس ئه‌كره‌م، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا به‌ دواڕۆژى راگه‌یاندبوو: كار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى كرێى خوێندن له‌ زانكۆ و په‌یمانگا تایبه‌ته‌كان ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش له‌چوارچێوه‌ى ریفۆرم و پێشخستنى كه‌رتى خوێندن ده‌بێت.

وتیشى: "وه‌زیرى خوێندنى باڵا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ له‌ په‌یوه‌ندى به‌رده‌وامدایه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى زانكۆكان و شاره‌زایانى بواره‌كه‌" ئەوەشى وت: "ئامانج له‌و هه‌نگاوه‌ ره‌چاوكردنى بارودۆخى دارایى و ئابوورى خه‌ڵكى كوردستان و ره‌خساندنى ده‌رفه‌تى زیاترى خوێندن و تواناى گه‌نجانى هه‌رێمه‌كه‌مانه‌ به‌شێوه‌یه‌ك كه‌مكردنه‌وه‌كه‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر كوالێتى خوێندن نه‌كات".

پێداچونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure