سه‌ركرده‌یه‌كى پارتى: هیچ بڕیارێك نیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ كۆنگره‌ ببه‌ستین

هەواڵ / کوردستان :: 07/09/2019‌ :: 248‌ جار بینراوە
لۆگۆى پارتى دیموکراتى کوردستان

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

ئه‌گه‌رچى پارتى ماوه‌ى هه‌شت ساڵه‌ كۆنگره‌ى نه‌به‌ستووه‌ و کۆمسیۆنى هەڵبژاردنیش داواى لە سەرجەم لایەنەکان کردووە بۆ سازدانى، بەڵام سه‌ركرده‌یه‌كى ئه‌و حزبه‌ ده‌ڵێت: "هیچ بڕیارێك نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ له‌مساڵدا".


بڵند ئیسماعیل، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان (ئەمڕۆ شەممە 7ى ئەیلولى 2019) به‌ دواڕۆژى راگەیاند: "تائێستا له‌ناو پارتى هیچ بڕیارێك نیه‌ بۆ ئه‌نجامدانى كۆنگره‌، بڕواشناكه‌م ئه‌مساڵ كۆنگره‌ ببه‌ستین".

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى هۆكارى چیه‌ چه‌ندین ساڵه‌ له‌ به‌ستنى كۆنگره‌ دواكه‌وتوون، بڵند وتى: "به‌هۆى شه‌ڕى داعش و هێرشى حه‌شدى شه‌عبى بۆ سه‌ر خاكى كوردستان و هه‌موو ئه‌و كێشانه‌ى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا هات كۆنگره‌مان نه‌به‌ستووه‌، ئه‌گه‌رنا كۆنگره‌ بۆ پارتى زۆر ئاسانه‌ و هیچ كێشه‌ و رێگرییه‌ك نیه‌ و بڕیارى لێبدرێت له‌ماوه‌ى مانگێگدا ئه‌نجامى ده‌ده‌ین".

پارتى دواهه‌مین كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌ى له‌ ساڵى 2011 گرێداوه‌، به‌وپێیه‌ش چوار ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و واده‌یه‌دا تێپه‌ڕیوه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ كۆنگره‌ى تێدا ببه‌ستن.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق نووسراوى ئاڕاسته‌ى سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌، ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ى حزبه‌كانیان نه‌بەستن بۆیان نیه‌ به‌شدارى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان بكه‌ن، بڵند ئیسماعیل رایگەیاند: هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان له‌ مانگى چوارى ساڵى داهاتوو دایه‌، به‌دڵنیاییه‌وه‌ پارتى پێش ئه‌و واده‌یه‌ كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت.

پێداچونەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure