دواڕۆژ، پشتیوان جەمال
سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: هەرێمی كوردستان پێویستی بەئەنجومەنی باڵای حزبەكان نییە و ئەوە كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دەزگا هەڵبژێردراوەكانە.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەمڕۆ ٦ی ئەیلولی 2019 بە دواڕۆژی راگەیاند: "پڕۆژەی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسییەكان تازە هاتۆتە ئاراوە و تائێستا وەك یەكێتی تاوتوێیان نەكردووە".
وتیشی: "پێشتر ئەم پڕۆژەیە لەعێراقدا كراوە، بەڵام شكستی هێنا، بۆیە مادام سەرۆكی هەرێمی شەرعی لەلایەن پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە و سەرۆك وەزیران هەیە كە حزبەكەی زۆرینەی دەنگی هێناوە و بەشێوەیەكی شەرعی چۆتە دەسەڵات، پێویست بەئەنجومەنێكی دیكە ناكات".
ناوبراو روونیكردەوە: "سیستەمی سیاسی كوردستان پێویستی بەو هەموو دەسەڵاتە نییە و ئەمە كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر شێوەی كاركردن و رۆڵی دوو پۆستە سەرەكییەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیران، بۆیە ئەو ئەنجومەنە لەهەر وڵاتێكدا ئەگەر سەركەوتوو بوایە دەكرا هانای بۆ ببرێت، بەڵام هیچ وڵاتێك نییە سەرۆكی وڵات و سەرۆك وەزیرانی هەبێت و شتێك هەبێت لەسەرووی ئەو دووانەوە بێت، بۆیە ئەوە كەمكردنەوەی دەسەڵاتی دەزگا هەڵبژێردراوەكانە".
پێداچوونەوە : ئارام غەفور
ب: ئا.ح