پیلانێكی دیكەیە دژ بەشارەکە
"بۆمبە تەوقیتكراوەكە" دەهێنرێتە كەركوك

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 07/09/2019‌ :: 925‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

زیاتر لە دوو سەد خێزان كە سەرجەمیان كەسوكاری چەكدارانی داعشن لەپارێزگای نەینەواوە بەشێوەی زۆرەملێ گواستراونەتە كەمپی ئاوارەكانی كەركوك بەبیانوی ئەوەی بەرەچەڵەك كەركوكین، هەرچەندە كورد مەترسی ئەو پرۆسەیە ناشارێتەوە كە بەهۆی نەبوونی رۆڵی چاودێرییەوە پێدەچێت خێزانی عەرەبی شارەكانی دیكەش بهێنرێتە شارەكەوە.


دوای ئەوەی حكومەتی عێراق بڕیاریدا بەگواستنەوەی كەسوكاری چەكدارانی داعش بۆ كەمپی شارەكانی خۆیان، بڕیارە بەچەند قۆناغێك 165 خێزان لەكەمپەكانی نەینەواوە بگوازرێنەوە كەركوك و تاوەكو ئەمڕۆیش ژمارەیەكی زۆریان گواستراونەتەوە كەمپی ئاوارەكانی لەیلان (25 كیلۆمەتر رۆژهەڵاتی كەركوك ).

بەپێی بڕیارەكە كە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی دەریكردووە و بە بڕیاری 16 دەناسرێت، ئاوارەكانی نەینەوا دەگوازرێنەوە بۆ زێدی خۆیان لەشارەكانی كەركوك، سەڵاحەدین و ئەنبار كە ئەوەش كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە و لەكەمپی ئاوارەكانی شرگات بەنارنجۆكی دەنگی هێرش كرایە سەر خێزانە ئاوارەكان.

عوسمان محێدین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژی راگەیاند "بەوتەی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت ئەم خێزانانە بەرەچەڵەك خەڵكی كەركوكن و لەكەمپی ئاوارەی پارێزگاكانی دیكە نیشتەجێكراون و كەسوكاری چەكدارانی داعشن، لەئێستادا دەگەڕێنرێنەوە بۆ پارێزگاكانی خۆیان و ئاوارەی شارەكانی دیكەش لەكەركوك دەگەڕێندرێنەوە بۆ شارەكانی خۆیان".

وتیشی: "قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە وا خەریكە جێبەجێدەكرێت كە بریتییە لەگەڕانەوەی ئاوارە كەركوكییەكان بۆ شارەكە، بەڵام قۆناغی دووەم كە گەڕاندنەوەی ئاوارەی شارەكانی دیكەیە لەكەركوكەوە بۆ شارەكانی خۆیان، نازانرێت جێبەجێدەكرێت یاخود نا".

بەپێی ئەو ئامارەی ئیدارەی كەركوك خستوێتییەڕوو، ژمارەی خێزانەكان كە دەگەڕێنرێنەوە كەركوك، 165 خێزانە، بەڵام ئەو ئەندامەی ئەنجومەن پێشبینی دەكات ژمارەكە لەوە زیاتر بێت.

لەو بارەیەوە رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ لەراپۆرتێكیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە لە 23ی مانگی رابردووەوە هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی خۆجێی موسڵ دوو هەزار ئاوارەیان لەشارەكە بەشێوەی زۆرەملێ دەركردووە.

پێشتر بۆ ماوەی نزیكەی چوار ساڵ چەكدارانی داعش دەستیان بەسەر باشوور و رۆژئاوای كەركوكدا گرتبوو، بەڵام پێش ئازادكردنی حەویجە و دەوروبەری، بەشێك لە خێزانی چەكدارانی داعش رۆشتنە موسڵ كە دواتر لەكەمپەكاندا نیشتەجێكران، بەهۆیە ژینگەی كۆمەڵایەتی حەویجە و دەوروبەری و ترس لەدەستپێكردنی تۆڵەسەندن رێگە نەدراوە بچنە سەر زێدی خۆیان و هێشتا لەكەمپەكان ماونەتەوە.

حەسەن سۆفی بەرپرسی هەواڵگری لیوای 56ی حەشدی حەویجە و یەكێك لەكەسایەتییەكانی ناوچەكە بە دواڕۆژی راگەیاند "پێویستە كارەساتەكانی سەردەمی داگیركاری داعش تێپەڕێنین، لێبوردە بین بەرامبەر پیاوە پیرەكان و ژن و منداڵانی كەسوكاری چەكدارانی ئەو گروپە و بیر لەتۆڵەكردنەوە نەكەینەوە".

وتیشی: "من دەستپێشخەرییەكم خستووەتەڕوو كە ئەویش راگەیاندنی لێبوردنە لەكەسوكاری چەكدارانی داعش كە بەڕەچەڵەك خەڵكی حەویجەن بەمەرجێك ئەوانیش لەبەردەم دادگا دەستبەرداری كوڕەكانیان و خوێنەكانیان بن".

ئەوەشی خستەڕوو كە عەرەب خاوەن دابونەریتی خۆیەتی و جەخت لەپاراستنی شەرەفی ئەو ژنانە دەكەینەوە كە لەكەمپەكاندان بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەكانیان بگەڕێنەوە قەزاكەو دەست بەژیانێكی نوێ بكەنەوە، هەمووشمان كۆكین لەسەر رێگە گرتن لەگەڕانەوەی تاوانباران.

بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ كە لەسەرچاوە ئەمنییەكانەوە دەستی كەوتووە، 400 خێزانی خەڵكی شارەكانی دیكەی عیراق لەكەمپەكانی كەركوكدان كە كەسوكاری چەكدارانی داعشن.

بەڵام نوسراوێكی وەزارەتی بازرگانی كە ئیمزای بەڕێوەبەری پلاندانانی وەزارەتەكەی لەسەرە ئەوەندەی دیكە مەترسی مەرامی پرۆسەكە لەدژی كەركوك دەخاتەڕوو بەتایبەت كە رێگا دەدات بەگواستنەوەی فۆرمی خۆراكی ئەو خێزانانە كە كەسوكاری چەكدارانی داعشن لەپارێزگاكانی پێشویان بۆ ئەو پارێزگایەی ئێستا لێی نیشتەجێن.


پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure