جیهان بەكورتی: مامۆستایەک دەستدرێژی دەکاتە سەر یەکێک لە قوتابیەکانی

هەواڵ / جیهان :: 06/09/2019‌ :: 5912‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

 

سەدا ئەلبەلەد-مامۆستایەک دەستدرێژی دەکاتە سەر یەکێک لە قوتابیەکانی
دادگایەکی کوەیتی بڕیاری زیندانی هەتاهەتایی بۆ مامۆستایەک دەرکرد دەستدرێژی کردووەتە سەر  یەکێک لە قوتابیەکانی، دەوترێت مامۆستاکە پاش کاتژمێرەکانی خوێندن هەژماری سناپچاتی قوتابیەکانی دۆزیوەتەوە و وێنەی رووتی بۆ ناردوون و ویستوویەتی دەستدرێژی بکاتە سەر یەکێکیان، بەڵام پێش ئەوە پۆلیس دەستگیری کردووە، سەرەڕای ئەوەی خێزانی قوربانییەکە لە مامۆستاکە خۆشبوون دادگا لەسزاکەی کەمنەکردەوە.


ئەسرار میدیا- دایکێک فیشەک دەنێت بە کچەکەیەوە

دایکێکی ئەمریکی بە هەڵە فیشەک دەنێت بە کچە تەمەن 18 ساڵەکەیەوە، رۆژی هەینی لە ویلایەتی ئۆهایۆ دایکێک بە هەڵە فیشەک دەنێت بە کچەکەیەوە، چونکە کاتێک بەتەنیا لەماڵەوە بووە گوێی لە دەنگێکبووە لە چێشتخانەکەی و فیشەکێکی تەقاندووە، بەڵام بەر کچەکەی کەوتووە کە گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە بەبێ ئەوەی دایکی ئاگادار بکاتەوە، دەوترێت لە ئێستادا باری تەندروستی کچەکە جێگیرە و حاڵەتەکەی مەترسیدار نییە.


سەدا ئەلبەلەد- سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا: توانای موشەکە ئێرانییەکان مەترسیدارە
رۆژی هەینی جەنەراڵ جۆزێف دانفورد سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرایکرد ئێران هەوڵێکی زۆری داوە بۆ بەرەوپێشخستنی موشەکە بالیستییەکان و توانایەکی مەترسیداریان هەیە.


سەدا ئەلبەلەد- رێکخراوێکی ئەمریکی هۆکاری راستەقینەی ئاگرەکانی ئامازۆن ئاشکرادەکات
رۆژی پێنجشەممە رێکخراوی (هاوپەیمانی دارستانەکان)ی ناحکومی ئەمریکی ئاشکرایکرد دەستتێوەردانی مرۆڤ و گەرمبوونی بەرگە هەوای زەوی هۆکاری سەرەکی ئاگرە زەبەلاحەکانی دارستانی ئامازۆنە.


کۆمۆن دریمز-لەبەرئەوەی "جیهانێک بەبێ مێروو شایستەی ئەوە نیە تێیدا بژین" ئەڵمانیا گلیفۆسات قەدە‌غە دەکات
رۆژی چوارشەممە حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد رازیبووە لەسەر پرۆژە یاسای قەدەغەکردنی مادەی گلیفۆسات کە پێکهاتەیەکی سەرەکییە لەو مێرووکوژانەی دەکرێت بە بەرهەمی کشتووکاڵیدا و بڕیارەکە تاکو ساڵی 2023 بەتەواوەتی پەیڕەوی دەکرێت.


بزنس ئینسایدەر-پوتین دەڵێت پێشنیازی بۆ دۆناڵد ترامپ کردووە موشەکێکی رووسی بکڕێت خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاترە.
رۆژی پێنجشەممە ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی رووسیا ئاشکرایکرد لەم ماوەیەدا پێشنیازی بۆ دۆناڵد ترامپ کردووە چەند چەکێکی نوێیان لێ بکڕێت، وەک موشەکە نوێکەیان کە خێراییەکەی لە خێرایی دەنگ زیاترە، بۆ ئەوەی کێبڕکێی چەک دروستکردنی نێوان دوو وڵاتەکە نەمێنێت.


سکوب هوپ- نۆکەندی جهارخاند کە دروستکردنی 42 ساڵی پێچوو پاش 24 کاتژمێر لە کردنەوەی رووخا
لە شاری هەزاریباغ لە هیندستان نۆکەندی جهارخاند کرایەوە کە دروستکردنەکەی ماوەی 42 ساڵی پێچووە، بەڵام پاش تێپەڕبوونی تەنیا 24 کاژمێر بە لافاو رووخا.


ئەسرار میدیا-نەتەنیاهۆ باس لە ئەگەری کۆبوونەوەی ترامپ و روحانی دەکات
رۆژی پێنج شەممە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل وتی پێشبینی دەکات لە نیویۆرک لوتکەیەکی مێژوویی لە نێوان دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئێرانیەکەی حەسەن روحانی رێکبخرێت.


ئەلتەحریر نیوز-"جێگیربوونی بازاڕەکانی نەوت" پاڵ بە شازادەی جێنشینی سعودیەوە دەنێت پەیوەندی بە عەبدولمەهدییەوە بکات
عادل عەبدولمەهدی سەرۆک  وەزیرانی عێراق لەڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ شازادەی جێنشینی سعودیە گفتوگۆیان لەسەر پتەوکردنی پەیوەندی ئەم دوو دەوڵەتە و هاوکاریکردنی یەکتری بۆ جێگیرکردنی بازاڕی نەوت کرد".

وەرگێڕان:هێڤی فەرهاد

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure