داوایەك ئاڕاستەی كەسوكاری شەهیدان دەكرێت

هەواڵ / کوردستان :: 07/09/2019‌ :: 386‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید

كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە داوا لە كەسوكاری ئەو شەهیدانە دەكات كە سكاڵایان لەسەر كۆمپانیاكانی فرۆشتنی چەكی كیمیایی تۆمار كردووە تا رۆژی 15/10/2019 مۆڵەتیان هەیە بریكارنامە (وەكالەت) بۆ پارێزەرانی كەیسەكە بكەنەوە بە پێچەوانەوە سكاڵاكانیان هەڵدەوەشێتەوە.

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: بە مەبەستی جێبەجیێكردنی ڕێكارە یاساییەكانی تایبەت بە دۆسییەی تۆماركردنی سكاڵا لە سەر كۆمپانیاكانی فرۆشتنی چەكی كیمایی بە ڕژێمی بەعس داوا لە كەسوكاری شەهیدان دەكەین كە سكاڵایان تۆمار كردووە تا بەرواری 15/10/2019 وەكالەت نامە بۆ پارێزەرانی كەیسەكە بكەنەوە، چونكە ئێمە دۆسیەكەمان ڕادەستی كۆمەڵێك پارێزەری پسپۆڕو شارەزا كردووە و تا ئێستاش بەرەو پێشچوونی باش لە دۆسیەكەدا هاتوەتە ئاراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر هەر كەسوكارێكی شەهیدان تا ئەو بەروارەی دیاریمان كردووە وەكالەت نەكاتەوە بۆ پارێزەرەكان ئەوا سكاڵاكەیان هەڵدەوەشێتەوە و پاشان مافی وەرگرتنی قەرەبویان نامێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش كەسوكاری شەهیدان دەتوانن ڕۆژانە لە هەردوو شاری هەڵەبجە سەردانمان بۆ بكەن بۆ ڕایكردنی مامەڵەكانیان جگە لە ڕۆژانی هەینی و شەممە.

سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارنی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كەسوكاری شەهیدانەی كە لە شاری سلێمانی دادەنیشن دەتوانن سەردانی گەلەری ڕەند نهۆمی چوارەم بكەن بۆ ڕایكردنی مامەڵەكانیان و ئەو كەسوكاری شەهیدانەشی لە هەڵەبجە سەردانی بینای كۆمەڵەكەمان لە ماڵی عومەری خاوەر ڕۆژانە لە كاتژمێر نۆ بۆ پێنجی ئێوارە.

پێداچوونەوە و بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure