بەهەزاران عەرەب لە کەرکوک نیشتەجێدەکرێن

هەواڵ / کوردستان :: 06/09/2019‌ :: 331‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

بەرپرسێکی یەکێتی ئاشکرایکرد، هەزاران خێزانی عەرەب لەشارەکانی دیکەی عێراقەوە دەهێنرێنە کەرکوک بەمەبەستی زۆرکردنی دەنگی عەرەب لەهەڵبژاردنەکاندا.

شەمسەدین مەحمود لێپرسراوی هەڵبژاردنی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی بەدواڕۆژی راگەیاند "بەپێی زانیارییەکان زیاتر لە ٥ هەزار خێزانی عەرەب لەئەنبار و شارەکانی دیکەوە ماڵیان گواستووەتەوە بۆ کەرکوک و نیشتەجێبوون".

وتیشی: "بەشێکی زۆری ئەو خێزانانە باری کەسێتی و فۆڕمی خۆراک و کارتی زانیاری کەرکوکیان بۆ دەرهێنراوە تاوەکو بتوانن لەهەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا دەنگ بدەن".

ئەو لێپرسراوەی یەکێتی، پرۆسەی نیشتەجێکردنی عەرەب لەکەرکوک بەمەترسی دەزانێت لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردن بەتایبەت کە لەبەرژەوەندی عەرەب دەنگ زیاد دەبێت و لەبەرامبەریشدا هەموو هەوڵێک دەدرێت تاوەکو بەبیانووی وردبینیکردن بۆ تۆماری دەنگدەران هەزاران ناوی کورد بسڕێتەوە بەو پێیەی باری کەسێتی و فۆڕمی خۆراکیان هاوشێوەی یەکتر نییە.

بڕیارە ساڵی ٢٠٢٠ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەکەرکوکیشەوە ئەنجامبدرێت کە ١٤ ساڵە لەو پرۆسەیە بێبەشکراوە، بڕگەی ٣٥ لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تایبەتکراوە بەدۆخی کەرکوک تێیدا جەختدەکاتەوە لەوردبینیکردنی تۆماری دەنگدەران و سڕینەوەی ئەو ناوانەی باری کەسێتی و فۆرمی خۆراکیان کەرکوک نییە ئەوەش مەترسی لەسەر لابردنی هەزاران دەنگی کورد دروستدەکات بەو پێیەی لەچوارچێوەی سیاسەتی تەعریبدا باری کەسێتیان گواستراوەتەوە سەر شارەکانی دیکە.

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure