ئارام محه‌مه‌د: خواردنه‌وه‌ی مه‌ی له‌ناو ماڵان بەبەرچاوی هاوسەر و منداڵەوە زیادیكردووه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 1169‌ جار بینراوە
ئارام محه‌مه‌د:

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا


به‌ڕێوەبه‌ری به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی له‌ پارێزگای دهۆك دەڵێت: "خواردنه‌وه‌ی مه‌ی له‌لایه‌ن پیاوان له‌گه‌ڵ هاورێكانیان له‌ناو ماڵ و ئه‌ندامانی خێزانی خۆیان زیادی كردووه‌ و چه‌ندین سكاڵای لە جۆرەمان لایە"، دەشڵێت "بەشوودانی كچان له‌ ته‌مه‌نێكی بچووكدا یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی زیاد بوونی رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌یه‌ و له‌ 6 مانگدا 80 سكاڵا له‌سه‌ر كه‌یسی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی تۆمار كراون".

لەچاوپێكەوتنێكی دواڕۆژدا ئارام محه‌مه‌د به‌ڕێوەبه‌ری به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانی له‌ پارێزگای دهۆك وەڵامی چەند پرسیارێكی دواڕۆژی داوەتەوە.

دواڕۆژ: ئه‌و كه‌یسانه‌ی دێنه‌ لاتان، چۆن رێگەچاره‌ی بۆ ده‌دۆزنه‌وه‌؟
ئارام محه‌مه‌د:
ئه‌و كه‌یسانه‌ی دێنه‌ لای ئێمه‌ به‌ڕێگەی دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی خێزانی تاوتوێدەكرێن و لێره‌ هه‌موو هه‌وڵێك ده‌درێت كه‌ خێزان هه‌ڵنه‌وه‌شێ و به‌شی راوێژكاری خێزانی ئه‌و ئه‌ركه‌ی پێ سپێردراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڕێگەی پزیشكی ده‌روونی، پارێزه‌ر، لێكۆڵه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی و مامۆستای ئایینی هه‌موو گرفتەكان چاره‌سه‌ر بكرێن و رێگه‌ نه‌ده‌ین هاوسه‌ر لێك جیا ببنه‌وه‌ تا كێشه‌ی مەودا درێژ به‌ تایبه‌ت بۆ منداڵان په‌یدا نه‌بێت و زۆر جاریش چاره‌سه‌رمان كردووه‌".

دواڕۆژ: ئاماره‌كانی شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ چۆنن؟
ئارام محه‌مه‌د: له‌ 6 مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا 1279 سكاڵا تۆمار كراوه‌ و 746 سكاڵا چاره‌سه‌ر كراوه‌ و 267 دۆسیە چۆتە به‌رده‌م دادگا و 266 سكاڵا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر به‌رده‌وامه‌، 7 رووداوی كوشتن هه‌بووه‌ و 12 ده‌ستدرێژی سێكسی و 13 خۆكوشتن و 80 سكاڵا له‌سه‌ر تۆڕه‌كانی كۆمەڵایه‌تی هه‌بووه‌.

دواڕۆژ: زۆر ترین ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ران له‌ پارێزگای دهۆك چین؟
ئارام محه‌مه‌د: ئێستا به‌شێكی زۆر له‌ ژنان ئیشی خۆیان ده‌كه‌ن و مووچه‌یان هەیە و هه‌ندێكجار پیاو هه‌وڵده‌دات مووچه‌كه‌ی لێ وه‌ربگرێت و رێگە نادا‌ت له‌ خۆی و منداڵه‌كانیدا سه‌رفی بكات و لێره‌وە كێشەكە‌ په‌یدا ده‌بێت، چونكه‌ ئه‌م مووچه‌یه‌ هی ئافره‌ته‌كه‌یه‌ و حه‌قی خۆیه‌تی هه‌ر چۆنێك بیه‌وێت خەرجی بكات و كێشه‌ی تریش هەن لەوانە، خواردنه‌وه‌ی مه‌ی له‌ناو ماڵ و له‌به‌ر چاوی هاوسه‌ر و مناڵه‌كان و هه‌ندێكجار پیاو هاورێكانی خۆیشی ده‌باته‌ ماڵی خۆی و پێكه‌وه‌ مه‌ی ده‌خۆنەوە كە ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌ندین كێشه‌.

دواڕۆژ: هه‌بوونی چه‌ك كە زۆربەیان بێ مۆڵه‌تن، چه‌ند كێشه‌ی خێزانی لێكه‌وتووه‌؟
ئارام محه‌مه‌د: ناكرێت هه‌ر كه‌سێك بیه‌وێت به‌ بێ مۆڵه‌تیش بێت چه‌ك هه‌ڵبگرێت و له‌ هه‌موو ماڵێك دانه‌یه‌ك یان زیاتر چه‌كی هه‌بێت كە ئەمە رووداوی كوشتنی زیاد كردووه‌.

دواڕۆژ: كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ كه‌مپی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران هه‌یه‌، ئایا گرنگی به‌وان ده‌ده‌ن؟
ئارام محه‌مه‌د:
جگه‌ له‌ شاره‌كان، ئێمه‌ 10 نووسینگه‌مان له‌ كه‌مپی ئاواره‌ و په‌نابه‌ران هه‌یه‌ و بەڕێگەی پرۆگرامی (تیم مۆبایل) سه‌ردانی هه‌موو كه‌مپه‌كان ده‌كه‌ین و كەیسەكان وه‌رده‌گرین و ئیش بۆ چاره‌سه‌ركردنیان ده‌كه‌ین و نووسینگه‌ی راوێژكاری خێزانیش له‌ به‌ڕێوبه‌رایەتی هه‌یه‌ و نووسینگه‌یەكیش له‌ كه‌مپی دۆمیز هه‌یه".

دواڕۆژ: شووكردن له‌ ته‌مه‌نی بچووكدا چه‌ند كاریگه‌ری له‌سه‌ر زیادبوونی رێژه‌ی جیابوونه‌وه‌ی خێزان هه‌بووه‌؟
ئارام محه‌مه‌د:
ئه‌گه‌ر به‌دواداچوونێك بۆ كه‌یسی جیابوونه‌وه‌ی خێزانه‌كان بكرێت دیار ده‌بێت كه‌ زۆرترینیان هۆكارەكەی شووكردن بووە له‌ ته‌مه‌نی بچووكدا‌ و هه‌ندێكجار كچ له‌خوار ته‌مه‌نی 18 ساڵیش به‌ شوو ده‌درێت، ئه‌ویش له‌ ده‌سەڵاتی دادوه‌ر دایه‌ و ئه‌گه‌ر قه‌ناعه‌تی هه‌بێت، ده‌توانێت ئه‌م بڕیاره‌ بدات و گرێبه‌ستی هاوژینی بۆ كچی ژێر 18 ساڵیش ئیمزا بكات، كێشەكەش كاتێك سەرهەڵدەدات كە ئەم كچه‌ هه‌موو شتێك له‌سه‌ر هاوسه‌رگیری نازانێت و ئاگای له‌ ئه‌رك و مافه‌كانی نییه‌ و به‌ره‌ به‌ره‌ تووشی كێشه‌ ده‌بێت هه‌تا دەگاتە جیابوونه‌وه‌ و پێشتریش چه‌ندین هه‌ڵمه‌ت دژی بەشوودان له‌ته‌مه‌نی بچووك كراوە و ئه‌نجامی باشیان هه‌بووه تەنانەت له‌ كه‌مپه‌كانیش كه‌م بووه‌‌".

دواڕۆژ: زۆر جار ده‌ستدرێژی ده‌كرێته‌ سه‌ر ئه‌و ئافره‌تانه‌ی كار ده‌كه‌ن، ئه‌م كه‌یسانه‌ دێتە لاتان؟
ئارام محه‌مه‌د:
چه‌ندین ئافره‌ت هاتوونه‌تە لامان و سكاڵایان تۆمار كردووه‌ له‌سه‌ر خاوه‌ن كارەكەیان یان هاورێیه‌كی ئیشی، چونكە ده‌ستدرێژییان كردووه‌تە سه‌ر و داوای مافی خۆیان كردووه‌ و ئێمه‌ش به‌دواداچوونمان بۆ كردووه‌ و به‌گوێره‌ی یاسا بڕیار لەسه‌ر كه‌یسه‌كان دراوه‌.

دواڕۆژ: پیاوانیش گله‌ییان هه‌یه‌ كه‌ هه‌ندێكجار ژنان توندوتیژی ئه‌نجامده‌ده‌ن له‌گه‌ڵیان؟
ئارام محه‌مه‌د:
ئه‌و یاسایه‌ی ئێمه‌ ئیشی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی خێزانییه‌ نه‌ك ته‌نیا ژن، به‌ڵكو به‌گوێره‌ی ئه‌م یاسایه‌ پیاویش ده‌توانێت سكاڵا له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی و ئه‌ندامانی خێزانی هه‌تا پله‌ چوار تۆمار بكات و ‌ساڵی رابوردوو 570 كه‌یس هه‌بووه‌ كه‌ پیاو سكاڵای له‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی تۆمار كردووه‌.

دواڕۆژ: گرنگیی په‌روه‌رده‌ی خێزان و قوتابخانه‌ بۆ سه‌ر منداڵ بۆ كه‌مكردنەوەی توندوتیژی خێزانی له‌ ئاینده‌دا چه‌ندێك كاریگەریی هەیە؟
ئارام محه‌مه‌د:
په‌روه‌رده‌ و فێركردن گرنگه‌ و چه‌ندینجار داوامانكردووه‌ وانه‌ی تایبه‌ت به‌ په‌روه‌رده‌ی خێزانی بۆ منداڵه‌كان له‌ قوتابخانه‌ زیاد بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی مافی خۆیان بزانن (كاتێك لێیان ده‌ده‌ن یان ده‌ستدرێژی سێكسی ده‌كرێته‌ سه‌ریان) نه‌شاردرێنه‌وه‌ و داوای مافی خۆیان بكه‌ن و كاتێك گه‌وره‌ ده‌بن بتوانن بەشێوه‌یه‌كی ئاسان و باشتر له‌گه‌ل كێشه‌كان رابێن.

دواڕۆژ: ئاماره‌كانی پار وئه‌مساڵ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟
ئارام محه‌مه‌د: به‌گوێره‌ی ئاماره‌كانی پار و ئه‌مساڵ دیاره‌ رێژه‌ی كوشتن، خۆكوشتن و توندوتیژی سێكسی كه‌می كردووه‌، بەڵام رێژه‌ی تۆماركردنی سكاڵا زیادی كردووه‌ و ئه‌مه‌ بۆ بڵندبوونی ئاستی رۆشنبیری خه‌ڵك ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ هه‌موو كاتێك ده‌یانه‌وێت به‌ رێگای یاسا كێشه‌كانییان چاره‌سه‌ر بكه‌ن، بۆ نموونه‌ له‌ شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا 1279 سكاڵا تۆمار كراوه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure