سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناوى كاندیده‌كانیان گه‌یانده‌ دیوانى پارێزگاى هەڵەبجە

هەواڵ / کوردستان :: 05/09/2019‌ :: 230‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

جێگرى پارێزگارى هەڵەبجە رایدەگەیەنێت: سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناوى كاندیده‌كانیان بۆ ئەنجومەنى پارێزگا گه‌یانده‌ دیوانى پارێزگا.


بەپێى رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا (ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ى ئەیلولى 2019) كۆتا واده‌بوو بۆ پێشكه‌شكردنى ناوى كاندیده‌كان.

كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ى ئه‌یلولى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تا نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ناوى کاندیدەکانیان گه‌یانده‌ دیوانى پارێزگا. 

وتیشى: "ئێمه‌ش یه‌كشه‌ممه‌ى داهاتوو به‌ نووسراوى فه‌رمى ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆیان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌وێشه‌وه‌ ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكرێن و فه‌رمانى دەستبه‌كاربوونیان بۆ ده‌ربچێت".

به‌ گوێره‌ى رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ كۆى 25 كورسى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان شه‌ش كورسى، بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پێنج كورسى، یه‌كگرتووى ئیسلامى چوار كورسى، كۆمه‌ڵى ئیسلامى سێ كورسى، پارتی دیموكرات سێ كورسى، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی دوو كورسى، هه‌ریه‌كه‌ له‌ حزبه‌كانى شیوعی و سۆسیالیست و زه‌حمه‌تكێشانیش یه‌ك كورسی و هاوكات كاكه‌ییه‌كانیش كورسییه‌كى كۆتایان به‌رده‌كه‌وێت.

رێكکه‌وتنەکە هه‌فته‌ى پێشوو واژۆکرا و دابەشکردنەکەش به‌ پشتبه‌ستن بووە به‌ به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردنی 30ی نیسانی ساڵی 2014ی په‌رله‌مانی كوردستان.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure