نه‌وه‌ی نوێ: پەرلەمان پەیڕەوی ناوخۆی پێشێلکردووە

هەواڵ / کوردستان :: 05/09/2019‌ :: 199‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز

فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ ره‌خنه‌ لە سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان دەگرێت و  ئه‌ندامێكی فراكسیۆنەکەش رایده‌گه‌یه‌نێت: سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان په‌یڕه‌وی ناوخۆی پێشێلكردووه‌ و پرسیاره‌كانیانی  ره‌وانه‌ی حكومه‌ت نه‌كردووه‌.


كاوه‌ عه‌بدولقادر، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی نه‌وه‌ی نوێ (ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئەیلولی 2019) له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند:  له‌ مانگی ئابه‌وه‌ سێ پرسیاریان ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت كردووه‌، بەڵام سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان پێشێلی په‌یڕه‌وی ناوخۆی كردووه‌، به‌بیانوی بڵاوكردنه‌وه‌ی پرسیاره‌كان پێش ئه‌وه‌ی ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت بكرێن.

وتیشی: "پرسیارێكمان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت كردووه‌ له‌ باره‌ی ئه‌و سێ مووچه‌یه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ند ناردویه‌تی و دابه‌ش نه‌كراوه‌ له‌كاتێكدا له‌ عێراق فه‌رمانبه‌ران ته‌واوی مووچه‌كانیان وه‌رگرتوه‌، داوا له‌ سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌كه‌ین وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بۆ په‌رله‌مان و مووچه‌خۆرانی كوردستان بداته‌وه‌".

ئەوەشی وت: "پرسیارێکمان دەربارەی بەشە نەوتی هاووڵاتیان بووە كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ شاری هه‌ولێر دابه‌ش ناكرێت و هۆکارەکەشی دیارنیە و داوامان له‌ حكومه‌ت كردووه‌ روونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بدات، كه‌چی ئه‌و پرسیاره‌ش ئاڕاسته‌ی حكومه‌ت نه‌كراوه‌".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: دەربارەی  پرسی پێشینه‌كانی  قه‌رزی هاووڵاتیان كه‌ پێویسته‌ بدرێنه‌وه‌ بە حكومه‌ت، بارگرانی زۆری له‌سه‌ر هاووڵاتیان دروست كردووه‌ و وه‌زاره‌تی دارایی داوای گه‌ڕانه‌وه‌یان ده‌كات، بۆیە داوامان كردووه‌ له‌و بابه‌ته‌دا ره‌چاوی بار و گوزه‌رانی هاووڵاتیان و فه‌رمانبه‌ران بكرێت.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure