ده‌زگاكانى ئاسایش و هه‌واڵگریى ئه‌مریكا له‌ باره‌گاى فه‌یسبوك كۆده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 05/09/2019‌ :: 100‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

به‌مه‌به‌ستى تاوتوێكردنى دڵنیایى ده‌رباره‌ى هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كەى ئه‌مریكا كه‌ ساڵى 2020 ئه‌نجامده‌درێت، ده‌زگاكانى ئاسایش و هه‌واڵگریى ئه‌مریكا له‌ ئاستێكى باڵادا له‌گه‌ڵ چه‌ندین كۆمپانیاى بوارى ته‌كنه‌لۆژیدا كۆبوونه‌وه‌.


رۆژنامه‌ى نیویۆرك تایمز كه‌ هه‌واڵه‌كه‌ى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت: "كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ باره‌گاى كۆمپانیاى فه‌یسبوك له‌ شارى سانفرانسیسكۆ-ى ویلایه‌تى كالیفۆرنیا به‌ڕێوه‌چووه‌ و چه‌ندین ده‌زگاى ئه‌منیى وه‌ك نووسینگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى فیدراڵى و نووسینگه‌ى هه‌واڵگریى نیشتمانى و وه‌زاره‌تى ئاسایشى ناوخۆ، به‌شدارییان تیادا كردووه‌".
  
ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌ره‌نجامى ترسى ئاژانسى ژێرخانى ئاسایشى ئه‌لیكترۆنیى سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تى ئاسایشى ناوخۆى ئه‌مریكایه‌ له‌وه‌ى داتا و زانیارییه‌كان و سیستمى تۆماركردنى ده‌نگده‌ران بكه‌ونه‌ به‌ر ئه‌و جۆره‌ ڤایرۆسانه‌ى كه‌ ده‌بنه‌هۆى له‌كاركه‌وتنى تۆڕه‌كانى كۆمپیوته‌ر له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاندا.

پێشتر سه‌نته‌رى (برینان)ى زانكۆى نیویۆرك له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كدا هۆشداریى ئه‌وه‌ى داوه‌: "هێشتا ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردنه‌ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى 2020ى ئه‌مریكا بكه‌وێته‌ به‌ر شاڵاوى چه‌ته‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان، به‌تایبه‌ت كه‌ ژماره‌یه‌كى زۆرى ده‌نگده‌ران به‌ سیستمى ئه‌لیكترۆنى ده‌نگده‌ده‌ن و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رى په‌لاماردانى هه‌یه‌ له‌لایه‌ن چه‌ته‌ هاکەرەكانه‌وه‌".

ئا: ل. م
پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure