ئاسایشی سلێمانی بكوژی سەرەكی هاوڵاتییەك دەستگیر دەكات

هەواڵ / کوردستان :: 04/09/2019‌ :: 789‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هۆگر كەمال
ئاسایشی سلێمانی بكوژانی سەرەكی ئەو هاوڵاتییەی دەستگیر كرد، كە شەوی 3ی ئەم مانگە لە گەڕەكێكی شارەكە بە گوللـە كوژرا.


 
رزگار ئەحمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی، بە دواڕۆژی وت: "دوای ئەوەی  هەواڵمان پێگەیشت كە لە كاتژمێر 9:00ی شەوی (3ی ئەیلولی 2019)، لەنێوان  گەڕەكی (زێڕینۆك و حاجی ئاوا)ی شاری سلێمانیدا كەسێك تەقەی لێكراوە، پاش وەرگرتنی  بڕیار و فەرمانی دادوەر،  هێزەكانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەستیان كرد  بە لێكۆلینەوە".

وتیشی: "هەمان شەو توانرا لەماوەی یەك كاتژمێر و نیودا یەكێك لە هاوكارانی ئەو تاوانە دەستگیر بكرێت و دان بەوەدا بنێت كە (سەریاڵ محەمەد قادر)ی تەمەن (23) ساڵ پێشتر لەگەڵ كەسێك بەناوی (رەمەزان محەمەد ساڵح) ی تەمەن (28) ساڵ كێشەی هەبووە و كێشەكەیان بەردەوام بووە".

رزگار ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا "دوای ئەوەی بە هاوكاری  چەند كەسێك بەرنامەیان داڕشتووە لە كاتژمێر 9:00ی شەوی (3ی ئەیلولی 2019)، بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (B.M.W) لەنێوان گەڕەكی (زێڕینۆك و حاجی ئاوا) بە چەكی كلڵاشینكۆف تەقەیان لە (رەمەزان محەمەد صالح) كردووە پاش گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە".

باسی لەوەشكرد "دوای ئەنجامدانی ئەم تاوانە ئاسایشی سلێمانی بە رێنمایی سەرەكی دەزگای ئاسایشی هەرێم  و هاوكاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی  رۆژهەڵاتی هەولێر توانیان تاوانباری سەرەكی و سێ لە هاوكارانی لە بازگەی (سماقوڵی ) دەستگیر بكەن لەكاتێكدا كە بەنیاز بوون هەڵبێن بۆ شاری هەولێر".

لێپرسراوی راگەیاندنی ئاسایشی سلێمانی، ئەوەشی خستەڕوو "بەپێی مادەی (406) لەیاسای سزادانی عێراقی سەرجەم تۆمەتبارانی ئەم تاوانە كە لە حەوت كەس پێكهاتوون و سەرجەمیان دەستگیركراون لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانیەوە توانراوە دەست بگیرێت بەسەر پێنج ئۆتۆمبێل لەگەڵ سێ‌ چەك لە جۆری كلاشینكۆف و دەمانچە كە بەكاریان هێنابوو بۆ ئەنجامدانی تاوانەكەیان، سەرجەمیان دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە و  رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە".

پێداچوونەوە و بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە