پۆڵا تاڵه‌بانى: كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن قه‌یرانى دارایى نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 458‌ جار بینراوە
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى

تاگ :: یه‌كێتى

دواڕۆژ، سامان قوبادى

پابه‌ندنه‌بوونى حكومه‌تى هه‌رێم، مه‌ترسییه‌كانى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى قه‌یرانى دارایى دروستكردووه‌. پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى به‌غدا-ى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا، هۆشداریى ده‌دات له‌وه‌ى له‌ چه‌ند مانگى داهاتوودا كێشه‌ داراییه‌كانى نێوان ناوه‌ند و هه‌رێم سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ رێككه‌وتنه‌وه‌.


دواڕۆژ: ماوه‌یه‌ك به‌ر له‌ئێستا هۆشداریتاندا له‌باره‌ى رۆڵى كورد له‌ به‌غدا و نێوانى لایه‌نه‌كان، هه‌ست به‌ چ مه‌ترسییه‌ك ده‌كه‌ن؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
بێگومان مه‌ترسى هه‌یه‌، ئه‌گه‌رى پێكدادانى سه‌ربازیى هه‌یه‌ له‌نێوان زلهێزه‌كان، پێمانوایه‌ بۆئه‌وه‌ى كورد سه‌نگ و پێگه‌یه‌كى به‌هێزى هه‌بێت و پارێزگاریى له‌خۆى بكات، پێویسته‌ یه‌كده‌نگ و یه‌كهه‌ڵوێست بێت، به‌وه‌ ده‌كرێت لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌ت له‌ به‌غدا هاوهه‌ڵوێست بن، پڕۆژه‌یه‌كى نیشتیمانیمان هه‌بێت، به‌بێ ئه‌مه‌ و به‌م په‌رته‌وازه‌ییه‌ى ئێستا ناتوانین له‌و رووداوه‌ گه‌ورانه‌ى له‌ به‌غدا دێنه‌ پێشه‌وه‌ رووبه‌ڕووی ببینه‌وه‌ یان بڕیارى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بده‌ین، ئه‌و ناكۆكیانه‌ى له‌نێوان لایه‌نه‌كانى هه‌رێم-دایه‌ بوونه‌ته‌ هۆى په‌رته‌وازه‌بوونى نوێنه‌ران و فراكسیۆنه‌كانى كورد له‌ به‌غدا.

دواڕۆژ: په‌یوه‌ندیى نێوان مه‌ڵبه‌ندى به‌غداى یه‌كێتى و فراكسیۆنه‌كه‌تان چۆنه‌؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
له‌گه‌ڵ فراكسیۆنه‌كه‌مان زۆر هاوكارین، پابه‌ندن به‌ حیزبه‌وه‌، له‌ به‌غدا بۆردێكمان هه‌یه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تى دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح، هه‌ر كارێك بكرێت له‌ به‌غدا ئه‌م بۆرده‌ بڕیارى له‌سه‌ر ده‌دات، واته‌ بۆرده‌كه‌ له‌وێ سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌كات، له‌ رێگه‌یه‌وه‌ پڕۆژه‌كان ئاراسته‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ پشكى یه‌كێتى پۆستیان هه‌یه‌.

دواڕۆژ: كێ به‌ خه‌تابار ده‌زانن له‌ به‌رده‌وامبوونى كێشه‌ داراییه‌كان، به‌تایبه‌ت دره‌نگ ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
حكومه‌تى عێراق به‌رپرسه‌ له‌ دابینكردنى بودجه‌ و مووچه‌ و بژێویى خه‌ڵك، له‌به‌رامبه‌ردا پێویسته‌ هه‌رێم ئه‌و پابه‌ندییانه‌ى له‌سه‌ریه‌تى جێبه‌جێى بكات تا بیانوو نه‌مێنێت، به‌داخه‌وه‌ هه‌رێم به‌ ئه‌ركى خۆى هه‌ڵنه‌ساوه‌ و پابه‌ندنه‌بووه‌، هیوادارین پابه‌ندبێت به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا. كێشه‌كان چاره‌سه‌رنه‌كرێن له‌ چه‌ند مانگی داهاتوودا قه‌یرانى دارایى نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ مه‌ترسیى خراپبوونى دۆخى دارایى هه‌رێم له‌ ئارادایه‌.

دواڕۆژ: پاش دوو ساڵ له‌ ریفراندۆم و 16ى ئۆكتۆبه‌ر، پێگه‌ى كورد له‌ به‌غدا له‌ چ ئاستێكدایه‌؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
به‌داخه‌وه‌ پێگه‌ و سه‌نگى كورد له‌ به‌غدا وه‌كو پێویست نییه‌، به‌ڵكو حكومه‌تى ناوه‌ند به‌ته‌واوه‌تى بووه‌ته‌ مه‌ركه‌زى بڕیار، پێویسته‌ هه‌رێم به‌ سیاسه‌تى خۆیدا بچێته‌وه‌، له‌ئێستادا پاش ده‌ستبه‌كاربوونى سه‌رۆك كۆمار و هاتنى عادل عه‌بدولمه‌هدى دۆخێك هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ كه‌ كورد بتوانێت بوون و قورسایى بۆ بگه‌ڕێته‌وه‌، ئه‌وه‌ى ماوه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌رى كێشه‌ داراییه‌كانى نێوان هه‌ردوولایه‌.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌یاسایى بودجه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیى كورد نه‌بێت، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق ده‌توانێت رێگریى لێ بكات؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
هه‌ر شتێك له‌ رووى ده‌ستورییه‌وه‌ كه‌موكورتیى تێدا بوو و دژى ده‌ستور بوو، ده‌توانێت بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق، به‌هه‌مانشێوه‌ بودجه‌یش ده‌توانێت. پێویسته‌ پێش ئه‌وه‌ رێككه‌وتن بكرێت تا نه‌گه‌ینه‌ ئه‌و قۆناغه‌ و خه‌ڵكیش له‌ دڵه‌ڕاوكێى بڕینى مووچه‌ رزگار بكرێت.

دواڕۆژ: كۆمه‌ڵێك پۆستى وه‌ك بریكارى وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى زۆر هه‌یه‌ پشكى كورده‌ و به‌ به‌تاڵیى ماونه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌رپرس هه‌یه‌ له‌ به‌غدا نزیكه‌ى 10 ساڵه‌ له‌ هه‌مان پۆست ماوه‌ته‌وه‌، چى له‌مه‌ ده‌كه‌ن؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
ئه‌و پۆستانه‌ى كه‌ پشكى یه‌كێتییه‌ له‌ هه‌وڵى پڕكردنه‌وه‌یانداین، رێككه‌وتن له‌نێوان لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان كراوه‌ كه‌ پشكى كورد بهێنرێته‌وه‌ ناو لیسته‌ كوردستانییه‌كان و به‌پێى كورسى دابه‌شبكرێته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى به‌ر یه‌كێتى ده‌كه‌ون پڕیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و كه‌سه‌كان ده‌گۆڕین، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش كاندیدى شیاومان ئاماده‌یه‌.

دواڕۆژ: وه‌فده‌كان كه‌ ده‌چنه‌ به‌غدا حیزبین، نه‌ك بریتیى بن له‌ وه‌زیر و په‌رله‌مانتار، ئه‌مه‌ جۆرێك نییه‌ له‌ بێمتمانه‌یى؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
ئێمه‌یش قسه‌مان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئه‌مه‌، ده‌بوایه‌ په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و كه‌سى شاره‌زاى تێدا بێت، به‌ڵام ئه‌جێنداى وه‌فده‌كان نازانرێت، پێویسته‌ ئه‌و وه‌فده‌ى حكومه‌تى هه‌رێم كه‌ دێته‌ به‌غدا هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى كورد هه‌بێت، تا كه‌سى شیاوى تێدا بێت.

دواڕۆژ: خالید شوانى، كه‌ سه‌ر به‌ یه‌كێتى-یه‌، وه‌ك وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى به‌غدا له‌ په‌رله‌مانى كوردستان سوێندى یاسایى خوارد، تائێستا فه‌رمانى وه‌زارى بۆ ده‌رنه‌كراوه‌، له‌كاتێكدا نوێنه‌رى حكومه‌ت له‌ به‌غدا، كه‌ سه‌ر به‌ پارتى-یه‌، دواى ئه‌و دانراوه‌ و فه‌رمانى بۆ ده‌ركرا، وه‌ڵامتان چییه‌؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
ده‌بوایه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كێتى به‌ هه‌ماهه‌نگى ئه‌م كاره‌ بكرایه‌، له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ سه‌رنجمان هه‌یه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌ى داهاتووى یه‌كێتى و پارتى-دا یه‌كێك ده‌بێت له‌و پرسانه‌ى كه‌ باس ده‌كرێت، پێویسته‌ براده‌رانى پارتى روونكردنه‌وه‌مان پێبده‌ن كه‌ بۆچى فه‌رمانى ده‌ستبه‌كاربوون بۆ خالید شوانى ده‌رنه‌كراوه‌.

دواڕۆژ: ده‌وترێت پارتى دیموكراتى كوردستان  پرسى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك-ى ئاراسته‌ى به‌غدا كردووه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى، پێتوایه‌ به‌غدا ئه‌م كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات؟ بۆچى پارتى ئاراسته‌ى به‌غداى كردووه‌؟
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
پرسى دانانى پارێزگارى كه‌ركوك زۆر درێژه‌ى كێشا، به‌داخه‌وه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ موزایه‌ده‌ى زۆرى پێوه‌كرا، ئه‌وه‌ى به‌لاى ئێمه‌وه‌ گرنگه‌ ئاسایكردنه‌وه‌ى دۆخى كه‌ركوك و دانانى پارێزگارێكى كورده‌ كه‌ داكۆكى له‌ خه‌ڵكى شاره‌كه‌ بكات، هه‌روه‌ها رێگه‌گرتن له‌ پڕۆسه‌ى ته‌عریبكردن. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئه‌م پۆسته‌ ئیستحقاقى یه‌كێتى-یه‌، به‌ڵام  وتمان با به‌ رێككه‌وتنى هه‌ردوولا بێت. پێمانوایه‌ ده‌بێت له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك ئه‌مه‌ یه‌كلایى بكرێته‌وه‌، دواتر له‌ به‌غدا رێكاره‌ یاسایى و ئیدارییه‌كانى بۆ بگیرێته‌به‌ر. ئێمه‌ تائێستا به‌تایبه‌ت له‌ پرسى پێكهێنانى حكومه‌ت له‌سه‌ر قسه‌ى خۆمان بووین، به‌ڵام لێره‌ به‌دواوه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌سه‌ر پۆستى پارێزگار پارتى هاوكار و پشتیوانى یه‌كێتى نییه‌ و سسته‌ له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كه‌، هیوادارین پارتى به‌ڵێنه‌كه‌ى خۆى به‌رێته‌سه‌ر، به‌ڵام به‌غدا ده‌توانێت ئه‌م پرسه‌ یه‌كلایى بكاته‌وه‌ و چاره‌سه‌رى بكات.

دواڕۆژ: ئایا كۆنگره‌ى یه‌كێتى دواده‌خرێت بۆ ساڵى داهاتوو؟ 
پۆڵا سیروان تاڵه‌بانى:
یه‌كێتى له‌خۆئاماده‌كردندایه‌ بۆ به‌ستنى كۆنگره‌، ئێمه‌یش وه‌ك مه‌ڵبه‌ندى به‌غدا به‌پێى سه‌نگ و قورسایى خۆمان به‌شدارده‌بین، كۆمه‌ڵێك پڕۆژه‌یش هه‌یه‌ بۆ كۆنگره‌، به‌ڵام مه‌كته‌بى سیاسى بڕیار ده‌دات دواده‌خرێت بۆ ساڵى داهاتوو یان نا.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure