چەند کەسێک بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکران

هەواڵ / کوردستان :: 04/09/2019‌ :: 200‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بەختیار شەریف

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەستگیرکردنی 4 کەسی بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر لەسنووری قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری راگەیاند.

موقەدەم زمناکۆ عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە 4ی ئەیلول) بەدواڕۆژی راگەیاند: "هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیمان پاش بەدواداچوون و گەڕان و پشکنین  توانیان لەماوەی 10 رۆژدا 4 کەس بەتۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیربکەن".

وتیشی: "یەکێک لەو چوار کەسە بڕی 7 گرام لەمادەی کریستاڵ و چەند پارچە شوشەیەک لەماڵیاندا دۆزرایەوە کە بۆ بەکارهێنانی ئەو کریستاڵە بەکاری هێناوە، لەهەمان کاتیشدا کەسێکی دیکەیان کە بەڕەگەز ئێرانییە بڕی 12 دەنک حەبی هۆشبەری پێ گیراوە کە ئەویش مادەی هۆشبەرە و بەکارهێنانی رێگە پێنەدراوە".

وتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی کە بارەگاکەیان لەقەزای چەمچەماڵە، ئەوەشی وت: "ئەو 4 تۆمەتبارە دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوە و بەبڕیاری دادوەر بەپێی مادەی 14ی هۆشبەر بەندن".

وتیشی: "داوا لەهاووڵاتیان دەکەین کە هاوکار و هەماهەنگمان بن، چونکە هەبوونی ئەو دیاردانە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی".

بەپێی ئامارە ناڕەسمییەکانی ئاسایش بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکانەوە روو لەهەڵکشانە.

پ: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure