دواڕۆژ ناوى كاندیده‌كانى گۆڕان بۆ پۆسته‌ باڵاكانى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 04/09/2019‌ :: 284‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

باژێڕوانى مه‌كۆى هه‌ڵه‌بجه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كات: ناوى كاندیده‌كانمان بۆ پۆستى جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ و قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌ ئاماده‌یه‌ و سبه‌ینێش ناوى كاندیده‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا ده‌نێرینه‌ دیوانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌.

نزار مه‌حمود، باژێڕوانى مه‌كۆى هه‌ڵه‌بجه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان (ئەمڕۆ چوارشەممە 4ى ئەیلولى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌گوێره‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى كه‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان واژۆى له‌سه‌ر كراوه‌ بۆ دابه‌شكردنى پۆسته‌ ئیدارییه‌كانى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ئێستادا ده‌بێت پۆسته‌كانى جێگرى پارێزگار و قایمقامى ناوه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌ وه‌ربگرین.

ئاشكراشیكرد: بۆ پۆستى جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ ( شاهین حه‌مه‌ ڕه‌زا) و بۆ پۆستى قایمقامى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ (حه‌مید بارام) و بۆ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌ (جیهاد سابیر)مان كاندید كردووە، به‌جۆرێك له‌ ئێستادا (حه‌مید بارام) خۆى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌یه‌ و ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ قایمقامى هه‌ڵه‌بجه‌ و (جیهاد سابیر)یش پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى بیاره‌ وه‌رده‌گرێت.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: سبه‌ینێ ناوى كاندیده‌كانمان بۆ ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌نێرینه‌ دیوانى پارێزگا ئه‌وه‌ش به‌ گوێره‌ى دواین رێككه‌وتنى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ كاراكردن و ده‌ستبه‌كار بوونى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا كه‌ له‌ 25 ئه‌ندام پێكدێن.

پ: چ.ع
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure