ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید: كارگه‌یه‌كى دروستكردنى ئۆتۆمبێل ده‌هێنینه‌ كوردستان

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 13893‌ جار بینراوە
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید

دواڕۆژ، سامان قوبادى 

له‌ سلێمانى كارگه‌یه‌كى دروستكردنى ئۆتۆمبێل داده‌مه‌زرێت. ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید خاوه‌نى پڕۆژه‌كه‌ له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ورده‌كاریى پڕۆژه‌كه‌ ده‌خاته‌ڕوو و ده‌ڵێت: "ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى دروستده‌كرێن هه‌مان كوالێتى ئۆتۆمبێلى بیانییان ده‌بێت و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكیدا ده‌ستبه‌كاركردن ده‌كرێت".

دواڕۆژ: له‌ سلێمانى كارگه‌یه‌كى دروستكردنى ئۆتۆمبێل داده‌مه‌زرێت، پڕۆسه‌ى وه‌به‌رهێنان له‌م كارگه‌یه‌دا چییه‌؟ 

ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید: ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه‌ سه‌رقاڵى بنیادنانى كارگه‌ى دروستكردنى ئۆتۆمبێلین له‌ سلێمانى، واته‌ چه‌ند ساڵێكمان ویستووه‌ تا بڕوا به‌و كۆمپانیا جیهانیانه‌ بهێنین لێره‌ كارمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، بۆیه‌ پڕۆژه‌كه‌ هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاى نێوده‌وڵه‌تى. كارگه‌ى دروستكردنى ئۆتۆمبێل زۆر ورده‌، به‌ته‌واوه‌تى هه‌مووى له‌ یه‌ك شوێندا به‌رهه‌م ناهێنرێت، له‌ ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانیش مۆڵه‌تى ره‌سمى پێدراوه‌ و 91 دۆنم زه‌وى بۆ ته‌رخانكراوه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ى پیشه‌سازیى عه‌ربه‌ت-سلێمانى.

دواڕۆژ: سه‌رمایه‌ى بنیادنانى كارگه‌كه‌ چه‌نده‌ و كه‌ى ده‌ستبه‌كار ده‌بن؟
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید: بۆ بنیادنانى كارگه‌كه‌ له‌ قۆناغى سه‌ره‌تادا 250 ملیۆن دۆلار پێویسته‌ تا ئه‌وكاته‌ى ده‌ست به‌ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ین، واته‌ بۆ دروستكردنى بینا و هێنانى ئامێر و به‌گه‌ڕخستنى، دواتر زیاد ده‌كات بۆ نزیكه‌ى 5 ملیار دۆلار ئه‌مه‌یش به‌پێى قۆناغه‌كان. به‌م زوانه‌ ده‌ست به‌ بنیادنانى ده‌كرێت.

دواڕۆژ: جۆرى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ چین كه‌ به‌رهه‌مى ده‌هێنن؟ به‌رهه‌مى ساڵانه‌ى چه‌ند ئۆتۆمبێله‌؟
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید
: ئۆتۆمبێلى پیكاب به‌ هه‌موو جۆره‌كانى دروست ده‌كه‌ین، ساڵۆن سیدان،  ئۆتۆمبێلى suv واته‌ سه‌یاره‌ى به‌رز به‌هه‌موو جۆره‌كانییه‌وه‌. به‌رهه‌مى ساڵانه‌ى كارگه‌كه‌ بۆ یه‌ك شه‌فت له‌ قۆناغى سه‌ره‌تادا و بۆ هه‌ر یه‌ك له‌و جۆرانه‌ 10 هه‌زار ئۆتۆمبێل ده‌بێت، ئه‌مه‌ تا ماوه‌ى 2 ساڵ، دواتر ژماره‌كه‌ى زیاتر ده‌كه‌ین، به‌ڵام له‌سه‌ره‌تادا چه‌ند به‌شێكى كه‌مى سه‌یاره‌كه‌ بۆ نموونه‌ مه‌كینه‌ و گێڕ لێره‌ دروست ناكرێت.

دواڕۆژ: ئایا هیچ كۆمپانیایه‌ك یان تیمێكى بیانیى شاره‌زاى ئه‌م بواره‌ ده‌هێنرێته‌ كورستان؟
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید
: له‌ قۆناغى سه‌ره‌تادا تیمى هه‌نده‌سى بیانى دێن سه‌رپه‌رشتى پڕۆژه‌كه‌ ده‌كه‌ن، تا ئه‌وكاته‌ى كادیره‌كانى خۆمان بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ ده‌نێرینه‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى راهێنان و خول بینین، دواى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ ساڵێك له‌ ژێر چاودێریى تیم و ئه‌ندازیاره‌ بیانییه‌كان كار ده‌كه‌ن، دواتر پێویستمان به‌ خه‌ڵكى بیانى نابێت.

دواڕۆژ: ئایا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ئابورى ئه‌م ناوچه‌یه‌ زیاتر ببووژێته‌وه‌ و ژماره‌یه‌كى زۆر هه‌لى كار دابین بكات؟  
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید:
پڕۆژه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تادا 600 بۆ 1500 كارمه‌ند كارى تێدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام بۆ بنیادنانى پێویستى به‌ ده‌ستى كارى زیاتر هه‌یه‌، بۆ ته‌واوكردنى پڕۆژه‌كه‌ 36 مانگى پێویسته‌، ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى تاچه‌ند ئاسته‌نگ دێته‌ رێگه‌مان، به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ڕووى ئابورییه‌وه‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ ده‌بووژێنێته‌وه‌.

دواڕۆژ: بۆیه‌كه‌مجاره‌ كارگه‌یه‌كى له‌و شێوه‌یه‌ ده‌هێنرێته‌ كوردستان، تاچه‌ند لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌ت هاوكارتانن؟
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید
: تائێستا ناوچه‌ پیشه‌سازییه‌كه‌ خزمه‌تگوزاریى بۆ نه‌كراوه‌، ده‌بێت كۆمپانیاكان خۆیان بیكه‌ن و به‌ڵێننامه‌یشمان پێ پڕكراوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌بێت ئاو و كاره‌با خۆمان دابینى بكه‌ین تا ئه‌وكاته‌ى دۆخى دارایى حكومه‌ت باشتر ده‌بێت، كێشه‌ و گرفتمان هه‌بووه‌، به‌ڵام بۆ پێدانى مۆڵه‌ت ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنانى سلێمانى كارئاسانیى ته‌واوی كردووه‌.

دواڕۆژ: جۆرى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى به‌رهه‌م ده‌هێنرێت ده‌توانێت له‌ كوالێتى و تایبه‌تمه‌ندیدا ركابه‌ریى ئۆتۆمبێلى ده‌ره‌وه‌ بكات؟
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید:
ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى له‌م كارگه‌یه‌دا دروست ده‌كرێن به‌ كوالێتى كۆنتڕۆڵى عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا تێپه‌ڕ ده‌بێت و به‌رهه‌مدێت، واته‌ هه‌مان كوالێتى ئۆتۆمبێلی یابانى و كۆرى و ئه‌مریكییه‌، هه‌روه‌ها كوالێتى خلیجى به‌كاردێت، بۆیه‌ ده‌توانین هه‌نارده‌ى ده‌ره‌وه‌ و وڵاتانى عه‌ره‌بى بكه‌ین، له‌سه‌ره‌تادا تا ئۆتۆمبیله‌كان ده‌ناسرێن به‌ ئێرۆ چوار و ئێرۆ پێنج كه‌ كوالێتییه‌كه‌ ئه‌وروپا وه‌ریده‌گرێت، بۆیه‌ ده‌توانرێت بنێردرێت بۆ وڵاتانى ئه‌وروپى و بفرۆشرێت.

دواڕۆژ: له‌ژێر چ ناوێك یان براندێك ئۆتۆمبێل به‌رهه‌م دێت و ده‌خرێته‌ بازاڕه‌وه‌؟ 
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید:
ئه‌و ئیمتیازه‌مان وه‌رگرتووه‌ كه‌ به‌ براندێكى تایبه‌تى خۆمان بیخه‌ینه‌ بازاڕه‌وه‌ ئه‌ویش براندى مارۆ-یه‌.

دواڕۆژ: ره‌نگه‌ گرنگترین شت به‌لاى خه‌ڵكه‌وه‌ نرخ بێت، له‌مباره‌یه‌وه‌ چى ده‌ڵێیت؟
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید
: بێگومان ئه‌گه‌ر ئۆتۆمبێلێك له‌ عێراق به‌رهه‌م بهێنرێت پێویسته‌ ته‌نانه‌ت له‌ نرخیشدا ركابه‌ریى ده‌ره‌وه‌ بكات، بۆیه‌ نرخه‌كه‌ى جیاوازیى هه‌یه‌ له‌چاو ئۆتۆمبێلی ده‌ره‌وه‌ و هه‌رزانتره‌، به‌ڵام به‌هه‌مان كوالێتى.

دواڕۆژ: ته‌نیا ئۆتۆمبێل به‌رهه‌م ده‌هێنن یاخود (ئه‌شیا) و پارچه‌كانیشى لێره‌ دروست ده‌كرێت؟ ئایا هاتوچۆ تابلۆى پێده‌دات؟ 
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید
: خزمه‌تگوزارییه‌كانى هه‌ر لێره‌ دابین ده‌كرێت به‌مه‌یش هاووڵاتى دڵنیاده‌بێت لێى، كه‌ره‌سته‌ى یه‌ده‌گ دروست ده‌كرێت، جگه‌له‌وه‌ دڵنیایى بۆ ده‌كرێت، داوامان كردووه‌ حكومه‌ت هاوكار بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌خشینى گومرگى بیگرێته‌وه‌، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن هه‌یه‌ له‌ناو حكومه‌تدا له‌م پڕۆژه‌یه‌ تێناگه‌ن، داوایشمان كردووه‌ بۆ پێدانى تابلۆ له‌لایه‌ن هاتوچۆ، دواى به‌رهه‌مێهنان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ى بۆ پێكده‌هێنرێت.

دواڕۆژ: ئێوه‌ ده‌ڵێن جۆرى تیۆتا به‌رهه‌م ده‌هێنن، ئایا له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایه‌دا رووبه‌ڕووى كێشه‌ى یاسایى نابنه‌وه‌؟
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید
: هیچ شتێكى كۆمپانیاى تر به‌كارناهێنرێت، دروستكردنى ئۆتۆمبێل بریتیه‌ له‌ ته‌كنه‌لۆجیا، تا 2 ساڵ به‌رهه‌مێهنانى چه‌ند به‌شێكى و به‌ستنى ئه‌نجام ده‌درێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پێویستى به‌ سه‌رمایه‌ى زۆره‌ تا پڕۆژه‌كه‌ داهاتێك بۆخۆى دروست ده‌كات، پاشان سه‌رجه‌م به‌شه‌كانى ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌ناو كوردستان دروست ده‌كرێت، له‌كاتى به‌رهه‌مهێنانیدا گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ خاوه‌نى ئه‌و كۆمپانیایانه‌دا ده‌كه‌ین كه‌ ته‌كنه‌لۆجیایان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ مه‌كینه‌ و گێڕى سه‌یاره‌كه‌، یان كاره‌باییه‌كه‌ى و دیزاینه‌كه‌ى.

دواڕۆژ: ره‌نگه‌ قورس بێت بۆ هاووڵاتییانى عێراقى ئۆتۆمبێلێك به‌كاربهێنن كه‌ له‌ناوخۆدا دروست كرابێت، چۆن متمانه‌ى خه‌ڵك به‌ده‌ستدێنن؟
ئه‌رده‌ڵان میرزا مه‌جید:
به‌ كوالێتییه‌ك دروستى ده‌كه‌ین كه‌ هه‌مان كوالێتى كۆنتڕۆڵى عێراق و كوردستان بێت و له‌و كوالێتیه‌ى بۆ ئۆتۆمبێلى هاورده‌كراوه‌ دانراوه‌، كه‌متر نه‌بێت.

پ: ل. م

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure