گەنجێک دوای وەرگرتنی مووچەکەی بێسەروشوێن دەبێت

هەواڵ / کوردستان :: 03/09/2019‌ :: 566‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، رەڤەند گوھەرزی

لەدوێنێ دووشەممەوە گەنجێکی تەمەن ٢٩ ساڵ دوای وەرگرتنی مووچەکەی لە سەنتەری پارێزگای دھۆک بێسەروشوێن بووە، کەسوکاریشی دەڵین: "خێزاندارە و ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نەبووە".


ئەیمەن دۆسکی، ئامۆزای گەنجە بێسەروشوێنبووەکە بە دواڕۆژی راگەیاند: ئامۆزاکەم فەرمانبەری رێکخراوی (MAG)یە، رۆژانە کاتژمێر ٧:٣٠ بۆ ٨:٠٠ی بەیانی دەبێت لە سەر کاری خۆی ئامادەبێت، دوێنێ کاتێک دەچێتە دەوامی خۆی و لەوێشەوە بۆ وەرگرتنی مووچەکەی دەچێتە بانکێک لە سەنتەری شارەکە".

وتیشی: "دوای وەرگرتنی مووچەکەی جارێکی تر دەچێتەوە بۆ دەوامەکە، کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ دەوامەکەی کۆتاییھاتووە و رۆیشتووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە و تائێستا بێسەروشوێنە".

ئاماژەی بەوەشکرد: ئامۆزاکەم (خەلیل حەیدەر دەروێش) تەمەنی ٢٩ ساڵ و خێزاندارە و منداڵێکی ھەیە، پێشتر ھیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەسدا نەبووە و لایەنە ئەمنییەکانیشمان ئاگادارکردووەتەوە.

بەوتەی ئەیمەن، ئامۆزاکەی ھەمووکات پارەى پێبووە، دوێنێش کە مووچەکەی وەرگرتووە و دیارنەماوە، گومانمان ھەیە رفێندرابێت.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure