كۆمسیۆن کار بۆ هەموارکردنەوەى یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان دەکات

هەواڵ / کوردستانی :: 03/09/2019‌ :: 203‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

وته‌بێژی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا كار بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم ده‌كه‌ن و پڕۆژه‌یه‌كیشیان بۆ هه‌مواره‌كه‌ ئاماده‌كردووه‌. 


(ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3ی ئه‌یلولی 2019) به‌ به‌شداری كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم و عێراق و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌كانی حیزبه‌كان و چاودێرانی به‌ڕێوه‌چوونی ده‌نگدان رێكخراوی ماڵی سه‌ركه‌وتن له‌ هه‌ولێر كۆنفرانسێكی زانستی تایبه‌ت به‌ یاسای هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا و پێنج توێژینه‌وه‌ی زانستیش له‌باره‌ی سیستمی هه‌ڵبژاردنه‌كان خرایه‌ڕوو. 

جه‌بار عه‌زیز، سه‌رۆكی رێكخراوی ماڵی سه‌ركه‌وتن به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئامانجی كۆنفرانسه‌كه‌یان بریتییه‌ له‌ خستنه‌ڕووی پێنج توێژینه‌وه‌ی زانستی جیاواز له‌ باره‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران، بازنه‌كانی هه‌ڵبژاردن، پێكهاته‌كان و كورسی كۆتا، هاوكێشه‌ی ده‌نگ بۆ كورسی. 

وتیشی: "له‌م خووله‌ی په‌رله‌ماندا كار بۆ پرۆژه‌یاسایه‌كی سه‌رده‌میانه‌ ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كوردستانی بكه‌ن و ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت، تاوه‌كو بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌ڵبژاردنێكی پاك و سه‌رده‌میانه‌ به‌ڕێوه‌بچێت". 

هاوكات شێروان زرار، وته‌بێژی كۆمسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و راپرسی هه‌رێم كه‌ له‌ كۆنفرانسه‌كه‌ به‌شداربوو به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كۆمسیۆن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێم هه‌مواربكرێته‌وه‌ و گۆڕانكاریش له‌ یاساكه‌دا بكرێت به‌تایبه‌ت له‌ سیستمی تۆماری ده‌نگده‌ران و شێوازی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان. 

وته‌بێژی كۆمسیۆن ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ده‌یانه‌وێ هاوشێوه‌ی وڵاتانی پێشكه‌وتوو یاسایه‌كی تازه‌یان بۆ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان هه‌بێت كه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكی كوردستان لێی رازیبن و ئه‌م یاسایه‌ به‌جۆرێك بێت كه‌ هیچ لایه‌نێك نه‌توانێت ده‌ستوه‌ردان له‌ به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردن و ده‌ستكاری رێژه‌ی ده‌نگه‌كان بكات كه‌ پێشتر به‌شێك لە لایه‌نه‌كان ره‌خنه‌یان له‌و بابه‌ته‌ هه‌بوو.

پ: چ.ع
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure