سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی: دەمانەوێت ناوی حیزب بگۆڕین

هەواڵ / کوردستانی :: 02/09/2019‌ :: 206‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رایدەگەیەنێت: لەكۆنگرەی ئەمجارەدا دەیانەوێت ناوی حیزبەكەیان بەناوێكی دیكە بگۆڕن كە لەگەڵ ئەم کاتەدا بگونجێت. 


ئەحمەد حاجی رەشید، سەركردە و پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق (ئەمڕۆ دووشەممە 2ی ئەیلولی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: دەمانەوێت لەحیزبێكەوە كە روانگەیەكی ئایدۆلۆجیمان هەیە، روانگەیەكی سیاسیمان بۆ بابەتەكان هەبێت، قۆناغی ئێستا قۆناغێكە داخوازی و هاووڵاتیبون زیاتر بچەسپێت لەوەی داخوازییە ئایدۆلۆجییەكان جێبەجێ بكرێت، چونكە داخوازییە ئایدۆلۆجییەكان هەموان لێك دووردەخاتەوە، بەڵام ماف و داخوازی هاووڵاتییان لێكیان نزیكدەكاتەوە.

وتیشی: "لەبانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوودا یەكێك لەو خاڵانەی باسمان كردووە كرانەوەیە، هاووڵاتییبوونەوە، رەفاهی ئابوورییە و دەمانەوێت لەكۆنگرەی ئەمجارەدا بیانچەسپێنین".

سەبارەت بەوەی پێشبینی لابردنی وشەی (ئیسلامی) لەكۆنگرەی داهاتوویان دەكەن، ئەحمەد حاجی رەشید وتی: "لەوانەیە ئەو مەسەلەیە زیاتر تیشكی خرابێتەسەر و دەمانەوێت ناوی حیزب بگۆڕین لەگەڵ هەر ناوێك كە لەگەڵ ئەم كاتەدا گونجاو بێت و خزمەت بە هاووڵاتیان بكات، بۆیە گۆڕینی ناوی حیزب یەكێكە لەو مەسەلانەی ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت". 

لەكۆمەڵی ئیسلامی لیژنەیەكی باڵا بۆ ئامادەكارییەكانی بەستنی كۆنگرەی چوارەمی ئەو حیزبە پێكهێنراوە و بڕیارە لەكۆتایی ئەمساڵ ببەسترێت.

پ: ن.ر

پ: ک .س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure