له‌سه‌ر فیلمه‌ دۆبلاژكراوه‌كان داوایه‌ك ئاڕاسته‌ى وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى كرا

هەواڵ / که‌لتور :: 02/09/2019‌ :: 316‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان رایده‌گه‌یه‌نێت: داوایان لە وه‌زیری رۆشنبیری كردووه‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌ى سانسۆری زیاتر بخاته‌سەر كه‌ناڵه‌كان و ئه‌و فیلمه‌ دۆبلاژكراوانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و به‌ هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌زانرێن.

كورده‌ عومه‌ر، به‌ڕێوبه‌ری گشتی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ئافره‌تان له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ (ئەمڕۆ دووشەممە 2ى ئابى 2019) به‌ دواڕۆژی وت: ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ  محه‌مه‌د سه‌عید عه‌لی، وه‌زیری رۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبووینه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێك داواكاری و پێشنیارمان خسته‌به‌رده‌مى.

وتیشی: "به‌ وه‌زیری رۆشنبیری-مان راگه‌یاندووه‌ كه‌ ته‌له‌فزیۆنه‌كانی هه‌رێم كرچوكاڵی زۆریان پێوه‌دیاره‌ و پێویسته‌ له‌مه‌ودوا سانسۆری زیاتر بخرێته‌سه‌ر كه‌ناڵه‌كان به‌ تایبه‌ت ئه‌و فیلمه‌ دۆبلاژكراوانه‌ی ئێستا بوونه‌ته‌ بابه‌تی زۆربه‌ی ماڵه‌كان و به‌هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی ده‌زانین له‌ هه‌رێمی كوردستان".

کوردە ئەوەشى خستەڕوو: جگه‌ له‌وه‌ی وه‌زیری رۆشنبیری داوای هه‌ماهه‌نگی له‌ وه‌زاره‌ت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد بۆ ئه‌و پرسه‌ تاوه‌كو چاره‌سه‌ری ئه‌و كرچوكاڵی و ناڕێكییه‌ی میدیا بكه‌ن، هاوكات به‌فه‌رمی رایگه‌یاند كه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا هه‌نگاوی نوێ به‌رامبه‌ر ئه‌و كه‌ناڵانه‌ ده‌گیرێته‌به‌ر و ئه‌و بابه‌ته‌ رێكده‌خه‌نه‌وه‌.

پێداچونه‌وه‌: هـ.ق
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure