سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم: پێنج ملیار و 608 ملیۆن دینار بۆ سه‌رژمێریى دابینكراوه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 607‌ جار بینراوە
سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم

دواڕۆژ، چاوپێكه‌وتن: سامان قوبادى
ئه‌نجامى سه‌رژمێریى گشتى، پشكه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌غدا دیاریى ده‌كات.  سیروان محه‌مه‌د سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ئامارى هه‌رێم و ئه‌ندامى ده‌سته‌ى باڵاى سه‌رژمێریى عێراق، له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژ-دا ده‌ڵێت"5 ملیار و 608 ملیۆن دینار دابینكراوه‌ و پێویستیشمان به‌ دامه‌زراندنى هه‌زاران كه‌سه‌ بۆ ئه‌نجامدانى پڕۆسه‌ى راپرسى".

دواڕۆژ: مانگى 10ى 2020 سه‌رژمێریى گشتى له‌ عێراقدا ده‌كرێت، ئاماده‌كارییه‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ كوێ گه‌یشتووه‌؟
سیروان محه‌مه‌د: ده‌مانه‌وێت به‌شێوه‌ى ئه‌لیكترۆنى ئه‌نجامى بده‌ین له‌ رێگاى تابلێت-ه‌وه‌، واته‌ شێوازى پڕۆگرامه‌كان ده‌ستكاریى ده‌كرێن و ئاماده‌كاریى بۆ ده‌كرێت تا حازر بكرێت. بۆ هه‌ر جۆره‌ سه‌رژمێرییه‌ك چه‌ند قۆناغێكى سه‌ره‌كی هه‌یه‌، ئاماده‌كاریى بۆ ئه‌نجامدانى، رۆژه‌كانى كارى مه‌یدانى، دواتر راگه‌یاندنى نیشانده‌ره‌كان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌یش راهێنان به‌ هه‌زاران كه‌س ده‌كه‌ین. له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌عێراق ساڵانێكى زۆره‌ سه‌رژمێریى گشتى نه‌كراوه‌، ئه‌مه‌ ده‌بێته‌ ته‌حه‌دیه‌كى تازه‌ بۆ حكومه‌تى ناوه‌ند و هه‌ردوو ده‌زگاى ئامار تا بتوانن پڕۆسه‌یه‌كى له‌م شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌به‌رن. پێویستمان به‌ هاوكاریى نێوده‌وڵه‌تى ده‌بێت بۆئه‌وه‌ى تیمێكى شاره‌زاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ قۆناغه‌كاندا له‌گه‌ڵمان بن تا وردبینیى پڕۆسه‌كه‌ بكه‌ن و په‌سه‌ندى بكه‌ن به‌وه‌ى ئه‌م شێوازه‌ى هه‌ڵبژێردراوه‌ بۆ سه‌رژمێریى له‌ عێراق ده‌گونجێت له‌گه‌ڵ راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.

دواڕۆژ: حكومه‌تى عێراق بڕى چه‌ند ملیارى بۆ پڕۆسه‌كه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ته‌رخانكردووه‌؟   چۆن پاره‌كه‌ ده‌نێردرێت؟
سیروان محه‌مه‌د: زیاتر له‌ 50 ملیار دیاریكراوه‌ بۆسه‌رژمێریى گشتى، له‌و رێژه‌یه‌ 12.67%ى بۆ هه‌رێمى كوردستانه‌ كه‌ پێنج ملیار و 608 ملیۆن دیناره‌، تائێستا یه‌كلاینه‌بووه‌ته‌وه‌ چۆن ده‌نێردرێت بۆ هه‌رێمى كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ى رێكاره‌ یاسایى و ئیدارییه‌كان له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ته‌واو نه‌بووه‌، ئێمه‌یش له‌سه‌ر خه‌تین له‌گه‌ڵ به‌غدا تا ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بگات به‌ده‌ستمان و چالاكیى پێ ئه‌نجامبده‌ین، به‌ڵام پاره‌كه‌ ناخرێته‌ سه‌ر پشكى هه‌رێم له‌ بودجه‌، به‌ڵكو به‌جیا ده‌نێردرێت، ده‌خرێته‌سه‌ر ژماره‌ حسابێكى تایبه‌ت له‌ بانكى فیدڕاڵى له‌ هه‌ولێر، دواتر به‌پێى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى پێماندراوه‌ خه‌رجى ده‌كه‌ین.

دواڕۆژ: بۆ ئه‌نجاندانى پڕۆسه‌ى سه‌رژمێریى گشتى له‌ هه‌رێمى كوردستان پێویستتان به‌ دامه‌زراندنى چه‌ند كه‌س هه‌یه‌؟
سیروان محه‌مه‌د: له‌ رابوردوودا داوامان له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌كرد بۆ پڕۆسه‌كه‌ هێزى كارى تایبه‌ت، كه‌ بریتین له‌ مامۆستایان، بۆمان دیاریى بكه‌ن، دوو بۆچوون هه‌یه‌، له‌ به‌غدا ده‌ڵێن پڕۆسه‌ى سه‌رژمێریى به‌ یه‌ك رۆژ ئه‌نجام بدرێت تا دووربین له‌ كێشه‌ى هاتوچۆى خه‌ڵك، یاخود عێراق به‌هۆى كێشه‌ى ئه‌منییه‌وه‌ مه‌به‌ستیه‌تى له‌و رۆژه‌دا بیكات. بۆچوونى دووه‌م ده‌ڵێت چه‌ند رۆژێك بخایه‌نێت، تائێستا ئه‌مه‌ یه‌لاكلایى نه‌بووه‌ته‌وه‌، له‌ 15ى ئه‌م مانگه‌ له‌ به‌غدا كۆده‌بینه‌وه‌ و ورده‌كارى و بڕیارى تێدا ده‌درێت، به‌ڵام بۆ سه‌رژمێریى پێویستمان به‌ دامه‌زراندنى هه‌زاران كه‌سه‌.

دواڕۆژ: له‌ ساڵى 1997 دواین سه‌رژمێریى له‌ عێراقدا به‌بێ هه‌رێمى كوردستان كرا، جگه‌ له‌ زیادبوونى ژماره‌ى دانیشتوان ئایا شێوازى ئه‌نجامدان و بنه‌ماكانى، گۆڕانى به‌سه‌ردا دێت؟
سیروان محه‌مه‌د: ئه‌و سه‌رژمێرییه‌ ناته‌واو بوو، به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان تێیدا به‌شدار نه‌بووه‌، ئێمه‌ باسى سه‌رژمێریى خه‌ڵك و ته‌نانه‌ت بیناكان ده‌كه‌ین و كۆدى بۆ داده‌نرێت، هه‌مان پڕۆسه‌یه‌، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه‌ به‌ ئه‌لیكترۆنى ده‌كرێت، یه‌كه‌م هه‌ڵه‌ى بژمێر زۆر كه‌متر ده‌كاته‌وه‌ و كاره‌كه‌ى ئاسانتر و خێراتر ده‌كات، كۆنتڕۆڵكردن و كوالێتى كۆنتڕۆڵكردنى كاره‌كه‌ زۆر باشتر ده‌بێت، دووه‌م به‌شێوه‌یه‌كى خێرا پڕۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌نجامه‌كه‌ى راده‌گه‌یه‌نرێت، له‌ پێشتردا نزیكه‌ى 9 مانگى ده‌خایاند تا ئه‌نجامه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان راده‌گه‌یه‌ندرا، ئه‌مجاره‌ له‌ ماوه‌ی دوو مانگدا سه‌رژمێرییه‌كه‌ ئاشكراده‌كرێت، پێویسته‌ هه‌موو هاووڵاتییه‌ك له‌ عێراق به‌شدار بێت.

دواڕۆژ، پێشتر ئه‌زموونى ئه‌لیكترۆنى تاقیكراوه‌ته‌وه‌، گره‌نتى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ساخته‌كارى و هه‌ڵه‌ى تێدا نه‌كرێت؟
سیروان محه‌مه‌د: هه‌ر بژمێرێك ژماره‌ى ئه‌و یه‌كه‌ نیشته‌جێبوونه‌ یان بیناكان، ئه‌وانه‌ى پێش رۆژى ژماردن ده‌یگرێته‌وه‌، بۆى دیاریى ده‌كرێت و له‌سه‌ر تابلێته‌كه‌ داده‌به‌زێت، بژمێر ناتوانێت جگه‌ له‌و یه‌كانه‌ى بۆى ده‌ستنیشانكراوه‌ سه‌ردانى بكات، له‌ڕێگه‌ى ئه‌لیكترۆنییه‌وه‌ له‌ سه‌نته‌رى كۆنتڕۆڵكردنى پڕۆسه‌كه‌ له‌ ده‌سته‌ى ئامار به‌ ئامێرىGPS  ده‌زانرێت كه‌ بژمێره‌كان چوونه‌ته‌ شوێنى دیاریكراو یان نا، ئه‌و یه‌كه‌یه‌ى پێویسته‌ سه‌رژمێریى بۆ بكرێت ناتوانرێت پڕى بكاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر دوو مه‌تر نزیك نه‌بێته‌وه‌ لێى، ئه‌وكات دڵنیاده‌بین كه‌ چووه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌، نه‌ك له‌ ناوچه‌یه‌كى تر پڕى كردبێته‌وه‌.

دواڕۆژ: سووده‌كانى سه‌رژمێریى گشتى بۆ هه‌رێمى كوردستان چین؟
سیروان محه‌مه‌د:  سوودێكى ئێجكار زۆرى هه‌یه‌ ته‌نانه‌ت بۆ عێراقیش، له‌ چوارچێوه‌ى راسپارده‌ى نێوده‌وڵه‌تى باس له‌وه‌كراوه‌ كه‌ هه‌ر وڵاتێك بۆ ماوه‌یه‌كى درێژ سه‌رژمێریى تێدا ئه‌نجامنه‌درا  به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانێت به‌رنامه‌ و پلانى خۆى بۆ بواره‌كانى ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌روه‌رده‌ و ته‌ندروستى دابنێت و سامانى وڵاته‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى روون و دادپه‌روه‌رانه‌ دابه‌ش بكات، بۆیه‌ بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان هه‌رچى پلان هه‌یه‌ ده‌بێت له‌ رێگه‌ى سه‌رژمێرییه‌وه‌ بكرێت.

دواڕۆژ: ئه‌نجامدانى سه‌رژمێریى ده‌بێته‌ هۆى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند؟ كاریگه‌ریى چۆن ده‌بێت له‌سه‌ر پشكى كورد له‌ بودجه‌ى عێراقدا؟
سیروان محه‌مه‌د: سه‌رژمێریى به‌شه‌ بودجه‌ى كورد له‌ عێراقدا دیاریى ده‌كات، ئه‌نجامدانى یه‌كێكه‌ له‌ رێگا سه‌ره‌كییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا بودجه‌، تا ساڵانه‌ ئه‌و بیانووه‌ نه‌مێنێت كه‌ ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێم چه‌نده‌، ئه‌مه‌ به‌ سه‌رژمێریى چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ دووربخرێته‌وه‌ له‌ هه‌ر تێكه‌ڵبوونێكى سیاسى و یاسایى كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ بابه‌تى تره‌وه‌، به‌ڵكو بۆ په‌ره‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یه‌.

دواڕۆژ: پاش ئه‌نجدامدانى پڕۆسه‌كه‌ ژماره‌ى دانیشتوانى هه‌رێم كه‌متر بێت وه‌ك له‌وه‌ى باس ده‌كرێت و بودجه‌ى له‌سه‌ر دانراوه‌، ئایا كێشه‌ى سیاسى و دارایى لێده‌كه‌وێته‌وه‌؟
سیروان محه‌مه‌د: چه‌ندین ساڵه‌ له‌سه‌ر پێشبینى و خه‌مڵاندن ده‌ڕۆین به‌ڕێوه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ سه‌رژمێرییه‌كى پاك ئه‌نجامبده‌ین و ژماره‌ى راسته‌قینه‌ى نه‌ته‌وه‌كان ده‌ربخه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌ردوو حكومه‌تى هه‌رێم و ناوه‌ند پێش ئه‌نجامدانى له‌سه‌ر رێككاره‌كانى رێكبكه‌ون و ئه‌نجامه‌كه‌ى قبووڵ بكه‌ن، كێشه‌ى لێنابێته‌وه‌.

دواڕۆژ: كه‌واته‌ هه‌موو ئیستحقاقێكى هه‌رێم به‌پێى ئه‌و ژماره‌یه‌ دیاریى ده‌كرێت كه‌ له‌سه‌رژمێرییه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت؟
سیروان محه‌مه‌د: به‌ڵى به‌پێى ئه‌وه‌ دیاری ده‌كرێت.

دواڕۆژ: ده‌وترێت ئه‌نجامدانى سه‌رژمێریى له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر كورد، وایه‌؟
سیروان محه‌مه‌د: ده‌بێت ئه‌و شوێنه‌ى سه‌رژمێریى تێدا ئه‌نجام ده‌درێت له‌ رووى ئه‌منییه‌وه‌ پارێزراو بێت، ئه‌گه‌رنا هیچ ئه‌نجامێكى سیاسى و یاسایى لێ ناكه‌وێته‌وه‌، سه‌رژمێریى په‌یوه‌ندى به‌ سنووره‌كانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو باسى ناوچه‌یه‌كى ئیدارى ده‌كات كه‌ ژماره‌ى دانیشتوان چه‌نده‌ و پێكهاته‌كه‌ى كێن و بیناكانى چه‌نده‌ و چۆنن، یان زانیاریى له‌باره‌ى زه‌وییه‌كانى، له‌ ئه‌نجامدا هیچ به‌ركه‌وته‌یه‌كى سیاسى و یاسایى لێ ناكه‌وێته‌وه‌. بڕیارى دادگاى ئیتیحادى هه‌یه‌ به‌وه‌ى هه‌ر بڕیارێكى سیاسى و یاسایى كه‌ بۆ سه‌رژمێریى دروست ده‌كرێت، نه‌ یاساییه‌ و كارى پێده‌كرێت، كاریگه‌ریشى نابێت له‌سه‌ر ده‌ستور. 

پ: ل. م
ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure