هۆکاری "ژەهراوی"بوونی کرێکارەکانی نەخۆشخانەی فێرکاری ئاشکرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 02/09/2019‌ :: 944‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی خواردنگەیەكی بە بڕی ملیۆنێك دینار غەرامە كرد كە بەهۆی خواردنەكانییەوە هەشت كرێكار تووشی سكچوون و رشانەوە بوون.


د.یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی (ئەمڕۆ 2ی ئەیلولی 2019) لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "دوای رووداوەكەی شەوی رابوردوو لەنێو بەشەكانی فریاكەوتن و بوژانەوەی دڵ و فێركاری كە بووە هۆی تووشبوونی هەشت كرێكاری كۆمپانیایەك بەسكچوون و رشانەوە، بەدواداچوونمانکرد و بۆمان دەرکەوت، كۆمپانیاكە لەدەرەوەی نەخۆشخانە خواردنی بۆ هێنابوون".

وتيشى: "بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی سێ لیژنەی دروستكرد و دوای لێكۆڵینەوەی ورد لەشوێنی ئامادەكردنی ئەو خواردنەی بۆیان هاتبوو، دەركەوت ئەو شوێنە لەڕووی تەندروستییەوە بۆ ئامادەكردنی خواردن گونجاو نییە و شێوازی گواستنەوەشی لەڕێگەی ئۆتۆمبێلی تایبەتەوە گونجاو نەبووە، شوێنی دابەشكردنی خواردنەكەش بەسەر كرێكاراندا گونجاونەبووە، بۆیە بەڕێوەبەری گشتی بڕیاریدا بە غەرامەكردنی بڕی یەك ملیۆن دینار بۆ كۆمپانیاكە و داخستن و گۆڕینی شوێنی ئامادەكردنی خواردنەكە لە 48 كاتژمێردا".

 

پێداچوونەوە: ئەڤین
ب: ئا.ح




  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure