رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كرا

هەواڵ / کوردستان :: 02/09/2019‌ :: 381‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ى ئه‌یلول، لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ ئاماده‌بوونى ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ بینانى مۆنۆمێنتى شه‌هیدان كۆبوونه‌وه‌ و رێككه‌وتنى سیاسیان بۆ پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ واژۆكرد.


له‌دواى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌رى، جێگرى به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ڵه‌بجه‌ى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: واژۆ له‌سه‌ر رێككه‌وتنى پێكهێنانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ كرا.

له‌باره‌ى ورده‌كارى رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى ئه‌وه‌ى خسته‌ڕوو: "به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌ن ده‌بێته‌ پشكى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان، جێگره‌كه‌ى ده‌درێته‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، پارتى دیموكراتى كوردستان له‌برى وه‌رگرتنى پۆستى قایمقامى قه‌زاى خورماڵ (له‌وكاته‌ى كه‌ له‌ ناحییه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ قه‌زا)، به‌ پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رى ناحییه‌ى به‌مۆ سازشیان كردووه‌".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: "له‌كۆى 25 كورسى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ كورسییه‌كان به‌مشێوه‌یه‌ دابه‌شكراون: یه‌كێتى شه‌ش كورسى به‌رده‌كه‌وێت، گۆڕان پێنج كورسى، یه‌كگرتووى ئیسلامى چوار كورسى، كۆمه‌ڵ سێ كورسى، پارتى دیموكراتى كوردستان دوو كورسى، بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى دوو كورسى، حزبى سۆسیالست و حزبى شیوعى و حزبى زه‌حمه‌تكێشان یه‌ك كورسى، كاكه‌ییه‌كان یه‌ك كورسى".

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێككه‌وتون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى، له‌ماوه‌ى هه‌فته‌یه‌كدا ناوى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌ن ره‌وانه‌ى دیوانى پارێزگا بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى راده‌ستى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكرێت.

ب: ئا.ح



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure