"برنج لەناوخۆی کوردستاندا ساختە دەکرێت"

هەواڵ / کوردستان :: 04/09/2019‌ :: 2188‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، زریان محەمەد

ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستاندا بەڕێژەیەکی بەرچاو برنج بەکاردەھێنن کە بەچەندین جۆر و ناو لەبازاڕەکاندا دەفرۆشرێن، ھەندێک جاریش لە جۆر و چۆنیەتی برنج فێڵ دەکرێت.


بەھادین جەمال، بریکاری کۆمپانیایەکی برنج لە عێراق بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەھەرێمی کوردستان حاڵەتی ساختەکردنی برنج ھەیە و جۆری برنجی خراپ دەکرێتە ناو کیسەی برنجی کوالێتی کە بە گران بە خەڵک دەفرۆشرێتەوە.

ڕاشیگەیاند: زۆرجار برنج لەدەرەوە ھاوردە دەکرێت و لەناوخۆدا دەکرێتە کیسەوەو ھەندێکجاریش برنجی خراپ و ھەرزان لەناوخۆدا دەکڕدرێتەوەو لەناو کیسەی جۆری برنجی تردا دەفرۆشرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا: پێویستە لایەنی بەرپرس لەکاتی ھاتنە ناوەوەی بازاڕەکاندا دڵنیابێتەوە لەو کۆمپانیایەی برنج ھاوردە دەکات و دەبێت ڕێگربێت لە ھاتنی کیسی بەتاڵ لەگەڵ باری برنجەکاندا بێتە ناوەوە.

چاودێری بازرگانی سلێمانی دڵنیایی دەدات لەوەی بەوردی ئاگاداری کاری بازرگانان و ئەو مادانەن کە لە بازاڕدایە و ڕێگەنادات ھیچ کارێکی ساختە بکرێت.

هاوکات سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند: چاودێریکردنی ئێمە بەردەوامە لە بازاڕەکاندا لەسەر ھەموو جۆرە خۆراکێکی ساختە و ڕاستە حاڵەت ھەیە کە برنج دەکرێتە ناو فەردەی جیاوازەوە، بەڵام لەسەر شێوازی لۆگۆی کۆمپانیا بەناوبانگەکان تەقلید دەکرێتەوە.


ڕاشیگەیاند: تائێستا بە ھەزاران حاڵەتی سکاڵامان لا تۆمارکراوە لەلایەن بازرگانانەوە کە مادەکانیان تەقلید دەکرێتەوە، بەتایبەت ئەو کاڵایانەی بازاڕیان ھەیەو لەبرنجیشدا ئەو جۆرە تەقلیدانەش ھەیە.

لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی چاودێری تەواوی ئەو کاڵاو خۆراکانە دەکەن کە لەبازاڕدا دەفرۆشرێن، بەتایبەت ئەو خۆراکانەی کە ماوەکانیان بەسەرچووبێت یان نزیک بێت لە بەسەرچوون.

گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە ھاوبەشەکانی قایمقامێتی سلێمانی بە دواڕۆژی ڕاگەیاند: لەساڵانی ڕابردوودا حاڵەتی تێکردنەوەی برنج ھەبووە، لە ھەندێک کۆگادا کە برنجەکە ھی ئەو لۆگۆیانە نەبووە کۆ تۆمارکراوە ساختەی پێوە کراوە یان برنجی بایەعی کراوەتە ناو فەردەی کۆمپانیایەکی ترەوەو فرۆشراوەتەوە.

ڕاشیگەیاند: لەئەمساڵدا ھیچ حاڵەتێکی لەوشێوەیە نەبووە و ھەرشتێک لەو بابەتە ھەبێت، ئەوا ساختەکارییەو لیژنەکانمان دەستی بەسەردا دەگرن و بکەرانی ڕادەستی دادگا دەکرێن.

لە ڕۆژی  18/8/2019 ئاسایشی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکیدا کە وێنەیەکی بۆ دواڕۆژ نێردرابوو ئاماژەی بەوەدابوو کەسێکیان دەستگیرکردووە بەناوی ( ع،ف،ع ) لەکۆگایەکی عەمبار لە گەڕەکی قولەرەیسی شاری سلێمانی کە بڕى (13) تەن برنجی بایەعی لە کۆگاکەیدا عەمبار کردووە کە بەنیازبووە بیکاتە کیسی 25 کیلۆیی بەتاڵ لە جۆری قبلە و فاخر و تایلاندەوە لە بازاڕ بەگرانتر ساغیان بکاتەوەو بیانفرۆشێت بە هاووڵاتیان.

ئەو ڕاگەیەندراوەی ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە پێش ئەوەی بیانخاتە بازاڕەوە و ساغیان بکاتەوە دەستگیرا بەسەر برنجەکەدا و خاوەنەکەی ڕووبەڕووى لایەنى پەیوەندیدار کراوەتەوە.

پێداچونەوەو بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure