لایه‌نگرێکی داعش لە دیبه‌گه‌ سه‌ربڕا

هەواڵ / کوردستان :: 01/09/2019‌ :: 733‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

شه‌وی رابوردوو چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو له‌ناو كه‌مپی دیبه‌گه‌ كه‌سێكیان سه‌ر بڕیوه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ده‌ڵێت: "ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌ربڕدراوه،‌ پێشتر لایه‌نگری داعش بووه‌". 


سه‌رچاویه‌كی ئه‌منی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "شه‌وی رابوردوو چه‌ند كه‌سێك چوونه‌ته‌ ناو كه‌مپی دیبه‌گه ‌و كه‌سێكیان به‌ناوی (یوسف عامر محه‌مه‌د توعمە) لەدایکبووی ساڵی 2003 به‌ ره‌گه‌ز عەرەب سەربڕیوە كە خەڵكی گوندی گەنعوسی ئیمامی سەر بە پارێزگای دیالەیە".

سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی: "یوسف پێشتر خۆی و خانەوادەکەی چەکداری داعش بوون و دوای نه‌مانی داعش له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی هاتوونه‌ته‌ کەمپی دیبەگە و پێشده‌چێت شێوازی كوشتنه‌كه‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بووبێت". 

به‌پێی زانیارییه‌كان ئه‌و كه‌سانه‌ی تاوانه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه‌ بۆ شوێنێكی نادیار رایانكردووه‌و تاكو ئێستا ده‌ستگیرنه‌كراون و پۆلیس و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌. 

دواڕۆژ چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندی به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی دیبه‌گه‌وه‌ كرد، به‌ڵام ناوبراو په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی وەڵام نه‌دایه‌وه‌. 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure