زیانلێكه‌وتووانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر هیچ لایه‌نێك قه‌ره‌بوویان ناكاته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 01/09/2019‌ :: 152‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

دواى تێپه‌ڕبوونى نزیكه‌ى دوو ساڵ، هێشتا زیانلێكه‌وتووانى رووداوەکانی 16ى ئۆكتۆبه‌ر قه‌ره‌بوو نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و هاووڵاتییه‌ك كه‌ خانووه‌كه‌ى ڕووخاوه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات نه‌ حكومه‌تى عێراق و نه‌ حكومه‌تى هەرێم ئاوڕیان لێناده‌نه‌وه‌. 


عه‌دنان حاجى كه‌ریم، نوێنه‌رى خاوه‌ن خانووه‌ رووخاو و سووتاوه‌كانى كورد له‌ خورماتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: نزیكه‌ى دوو ساڵ به‌ سه‌ر رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ردا تێپەڕیوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى زیانى به‌ركه‌وتووه‌ نه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراق و نه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى هەرێمیشه‌وه‌ هیچ قه‌ره‌بوویه‌ك نه‌كراونه‌ته‌وه‌. 

وتیشى: "بۆ داواكردنى مافه‌كانمان ناچار ده‌بین به‌ رێگەى دیكه‌ى مه‌ده‌نییانه‌ داواكارییه‌كان بخه‌ینه‌ڕوو به‌ تایبه‌تى بۆ لایه‌نى كوردى، چونكه‌ ئێمه‌ له‌سه‌ر كوردایه‌تى و دۆسیه‌ى سیاسى كورد تووشى زیان هاتووین له‌ خورماتوو و پێویسته‌ حكومه‌تى كوردى قه‌ره‌بوومان بكاته‌وه‌".  

سه‌ردار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى قه‌زاى خورماتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: له‌سه‌ر زیانلێكه‌وتووانى رووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌ر چه‌ندین لیژنه‌ى سه‌ر به‌ حكومه‌تى عێراق و  رێكخراوى ناوخۆیى و بیانى سه‌ردانى شاره‌كه‌یان كردووه‌ و زیانه‌كانیان تۆمار كردووه‌. 

وتیشى: "وه‌كو لایه‌نى حكومى و ئیداریش داواكارى زیانلێكه‌وتووانمان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ بۆ حكومه‌تى عێراق، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا هیچیان بۆ نه‌كراوه‌ و ته‌نیا هه‌ندێك هاوكارى به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ دابه‌شكراوه‌ كه‌ خانووه‌كانیان سوتێندران ئه‌وه‌ش زۆر كه‌م بوو به‌راورد به‌ زیانه‌كان". 

له‌ڕووداوه‌كانى 16ى ئۆكتۆبه‌رى 2017دا دواى ئه‌وه‌ى خورماتوو كه‌وته‌ ده‌ستى چه‌كدارانى حه‌شدى شه‌عبى به‌ سه‌دان خانوو و دوكان، كارگه‌ و موڵكى هاووڵاتى كورد ته‌قێندرانه‌وه‌ و سوتێندران.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure