چەند زانیارییەکی نوێ دەربارەی مێشكى مرۆڤ

هەواڵ / زانست :: پێش 2 هەفتە ‌ :: 226‌ جار بینراوە

سه‌رچاوه‌: گۆڤارى زانست و ته‌كنه‌لۆجیا 
ئاماده‌كردن و وه‌رگێڕان: دواڕۆژ 


مێشكى مرۆڤ كه‌ له‌ ناو كه‌لـله‌سه‌رێكى تۆكمه‌دا پارێزراوه‌، زۆر له‌مێژه‌ وه‌ك نهێنییه‌كى گه‌وره‌ زاناكانى سه‌رسامكردووه‌ و ئه‌وه‌نه‌ تواناكانى گه‌وره‌ و فراوانن كه‌ ده‌توانێت داهێنان بكات و مه‌سه‌له‌كان به‌شێوه‌یه‌كى بێوێنه‌ تێبگات و پڕۆسه‌ى ماتماتیكیى سه‌خت و ئاڵۆز ئه‌نجام بدات. هه‌موو ئه‌مانه‌یش له‌ڕێى به‌كارهێنانى بڕێك وزه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌شى داگیرساندنى گڵۆپێكى20وات-ى ده‌كات.

مرۆڤ توانیویه‌تى قه‌ڵه‌مبازى گه‌وره‌ بدات له‌ مه‌سه‌له‌ى تێگه‌یشتن له‌ مێشكى مرۆڤ. بۆ نموونه‌ ئێمه‌ له‌م ساڵانه‌ى دواییدا بۆمان ده‌ركه‌وت كه‌ خانه‌كانى مێشك ده‌توانن تازه‌ببنه‌وه‌ و ئه‌وه‌یشمان بۆ دیاریی بوو كه‌ چى له‌ناو مێشكدا رووده‌دات كاتێك ده‌ستده‌كات به‌ قسه‌كردن به‌رله‌وه‌ى بزانین كه‌سه‌كه‌ ده‌یه‌وێت چى بڵێت.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌تا زیاتر فێر ببین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ هێشتا زۆر نهێنى ماون نایزانین!

ـ چى وایكردووه‌ مێشكى مرۆڤ جیاواز و بێوێنه‌ بێت؟
ئاژه‌ڵه‌كانى دیكه‌ ده‌توانن كه‌لوپه‌ل به‌كاربهێنن یان رێگا و شوێنه‌كان بناسنه‌وه‌، به‌ڵام ئایا ده‌توانن وه‌ك مرۆڤ كۆمپیوته‌ر دابهێنن یاخود شیعر بنووسن؟ ئه‌مه‌ بێهاوتایى عه‌قڵى مرۆڤ ده‌رده‌خات به‌ڵام ئه‌وه‌ چیه‌ وایكردووه‌ مێشكى مرۆڤ به‌م شێوه‌یه‌ جیاواز بێت؟

مێشكى مرۆڤ نزیكه‌ى كیلۆونیوێكه‌ واته‌ %30ى مێشكى فیل و % 20ى مێشكى نه‌هه‌نگ-ه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌گه‌ر قه‌باره‌ى مرۆڤ به‌ به‌راورد وه‌ربگرین تێده‌گه‌ین كه‌ مێشكى مرۆڤ به‌ شێوه‌یه‌كى نائاسایی گه‌وره‌یه‌ به‌ جۆرێك كه‌ 7 بۆ 8 هێنده‌ى قه‌باره‌ى چاوه‌ڕوانكراوى مێشكى شیرده‌ره‌كان ده‌بێت ئه‌گه‌ر قه‌باره‌ى جه‌سته‌ بكه‌ین به‌ پێوه‌ر. به‌ڵام ئه‌م پێوه‌ره‌ سه‌ره‌تاییه‌ ناتوانێت لێكدانه‌وه‌ى زیره‌كیى مرۆڤ بكات. بۆ نموونه‌ قه‌باره‌ى مێشكى مه‌یموونى كه‌پوچى به‌ به‌راوورد به‌ جه‌سته‌ى گه‌وره‌تره‌ له‌ قه‌باره‌ى مێشكى گۆریلا كه‌چى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا گۆریلا زیره‌كتره‌، له‌مه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ قه‌باره‌ى مێشك هه‌موو شتێك نیه‌ به‌ڵكو گرنگتر ژماره‌ى ده‌ماره‌خانه‌كانه‌. مرۆڤ نزیكه‌ى 86 ملیار ده‌ماره‌خانه‌ى هه‌یه‌.

له‌ڕاستیدا مێشكى شیرده‌ره‌ پێشكه‌وتووه‌كان ده‌ماره‌خانه‌ى زیاترى تیایه‌ به‌ به‌راوورد به‌ شیرده‌ره‌كانى دیكه‌، جا له‌به‌رئه‌وه‌ى قه‌باره‌ى مێشكى مرۆڤ له‌چاو شیرده‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كاندا گه‌وره‌تره‌، كه‌واته‌ بڕێكى زۆرتر ده‌ماره‌خانه‌ى تێدایه‌. پێده‌چێت ئه‌مه‌ له‌ڕێى داهێنانى چێشتلێنانه‌وه‌ به‌دیهاتبێت چونكه‌ چێشتلێنان كالۆرى زیاتر له‌ خۆراكه‌كه‌ به‌رهه‌مده‌هێنێت بۆ دابینكردنى خۆراك بۆ ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ كه‌ له‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌كانى ترى جه‌سته‌ى مرۆڤ زیاتر وزه‌ به‌كارده‌هێنێت.

به‌ڵام سه‌ربارى ئه‌وه‌یش ره‌نگه‌ ته‌نیا ژماره‌ى ده‌ماره‌خانه‌كان گرنگترین هۆكار نه‌بێت به‌ڵكو شوێنى ده‌ماره‌خانه‌كانیش گرنگه‌. توانا گه‌وره‌كه‌ى مرۆڤ له‌وه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ به‌شێكى زۆرى ده‌ماره‌خانه‌كانى له‌ناو توێكڵى مێشكدان، واته‌ له‌و چینه‌ رووكارییه‌یی مێشك كه‌ له‌ پێچ و چاڵ و چۆڵى پێكهاتووه‌ و ده‌بێته‌ هۆى زیادبوونى پانتایى توێكڵى مێشك به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو ئه‌م جۆره‌ په‌یكه‌ره‌ بوار ده‌ڕه‌خسێنێت مرۆڤ ره‌فتارى ئاڵۆزتر گه‌شه‌ پێبدات نه‌ك هه‌ر ته‌نیا كاردانه‌وه‌ بنوێنێت به‌رامبه‌ر ورووژێنه‌ره‌كان، له‌م رووه‌وه‌ پسپۆڕانى ده‌مارنناسى ده‌ڵێن "هه‌بوونى توێكڵى مێشك وا ده‌كات ئه‌و بوونه‌وه‌ره‌ ئیتر كۆیله‌ى رووداوه‌كانى ده‌وروبه‌رى نه‌بێت به‌ڵكو ده‌توانێت له‌ نێوان چه‌ند بژارده‌یه‌كدا كارى دیكه‌ ئه‌نجامبدات".

جگه‌ له‌مه‌یش تیمێكى پسپۆڕى ده‌مارنناسى له‌ ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌یكدا له‌سه‌ر ئاژه‌ڵه‌ خوێنگه‌رمه‌كان، بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ژماره‌ى ده‌رماره‌خانه‌كانى توێكڵى مێشك په‌یوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌ درێژیى ته‌مه‌نه‌وه‌. جگه‌ له‌ ده‌ماره‌خانه‌كان جۆرێكى ترى خانه‌ هه‌یه‌ پێى ده‌گوترێت خانه‌ى ئه‌ستێره‌یی كه‌ رۆڵى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ له‌ گه‌شه‌پێدانى زیره‌كیى مرۆڤدا. به‌ڵام توانا كۆمپیوته‌رییه‌ زه‌به‌لاحه‌كه‌ى ئه‌و ژماره‌خانانه‌ى كه‌ له‌ توێكڵى مێشكدا هه‌ن و ژماره‌یان ده‌گاته‌ 16 ملیار خانه‌، ره‌نگه‌ تاقه‌ هۆكارێك بێت بۆ باڵاده‌ستبوونى مرۆڤ له‌ زانیارییدا.

هۆش چیه‌؟
ده‌توانین عه‌قڵى هۆشیار بچوێنین به‌ مقه‌ڵییه‌ك. مرۆڤ كاتێك له‌ قووڵایی خه‌ودا بێت، گڕى هۆش داده‌به‌زێت بۆ ئاستێكى نزم به‌ڵام نه‌گۆڕ. له‌كاتى خه‌وتنیشدا له‌ قۆناغى جووڵه‌ى خێرایی چاودا، واته‌ له‌و قۆناغه‌دا كه‌ مرۆڤ خه‌ون ده‌بینێت، گڕ و كڵپه‌كه‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌ به‌ڵام به‌ شێوه‌یه‌كى ناڕێكوپێك.

به‌ واتایه‌كى دیكه‌، هۆش كاتێك ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ ژماره‌یه‌ك به‌شى مێشك زانیاریى بنێرن بۆ تۆڕێك له‌ ده‌ماره‌خانه‌ى دیاریكراو. ئه‌گه‌ر ئه‌و ناردنه‌ نه‌بێت كه‌سه‌كه‌ له‌ بێهۆشیدا ده‌بێت و ئه‌گه‌ر ناردنه‌كه‌ به‌وپه‌ڕى نه‌بێت مرۆڤه‌كه‌ هه‌ست به‌ ئاستى جیاجیاى هۆش ده‌كات وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌كاتى خه‌وبینیندا رووده‌دات یان كاتێك كه‌ زه‌برێك به‌ر سه‌ر ده‌كه‌وێت. هێشتا ئه‌و نهێنییه‌ به‌ته‌واوى ساخنه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ چۆن كۆمه‌ڵێك ده‌ماره‌خانه‌ ده‌توانن زنجیره‌یه‌ك هه‌ست و بیرۆكه‌ وه‌بیربهێننه‌وه‌؟ بۆ نموونه‌ چۆن ره‌نگى سوور شێوه‌ى ته‌ماته‌ یاخود تامى شه‌راب-مان بیرده‌خاته‌وه‌؟. تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ریانخستووه‌ كه‌ مێشكى مرۆڤ ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ پێشكه‌شى هۆش ده‌كات كه‌ زۆر به‌ لاى كه‌سه‌كه‌وه‌ گرنگه‌، بۆ نموونه‌ سیستمى بینینمان بۆ ئاسانكردنى مه‌سه‌له‌كان سیمبولێكى ره‌نگیى ده‌به‌خشێت به‌ جیهانى ده‌وروبه‌رمان. ئه‌گه‌ر واى دابنێیت مێشكى مرۆڤ وه‌كو مۆبایلى زیره‌ك وایه‌ ئه‌وا هۆش شاشه‌كه‌یه‌تى له‌حاڵه‌تێكدا كه‌ شاشه‌كه‌ چه‌ند ئه‌پڵیكه‌یشنێكى جیاواز نیشان بدات.

گومانى تێدانیه‌ مێشكى مرۆڤ جیاوازتره‌ له‌ مێشكى مرۆڤى ئاسایی به‌ڵام جۆرى جیاوازیه‌كه‌ كێشه‌یه‌ . یه‌كه‌م خاڵ كه‌ تێبینیى ده‌كه‌ین ئه‌وه‌یه‌ كه‌سانى زیره‌ك زۆرجار مێشكیان گه‌وره‌تره‌. تاقیكردنه‌وه‌كان ده‌ڵێن قه‌باره‌ى ماده‌ خۆڵه‌مێشیه‌كه‌ له‌ به‌شى ناوچه‌واندا په‌یوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌ زیره‌كییه‌كى جیاوازه‌وه‌، وه‌ك بیركردنه‌وه‌ى لۆجیكى و چاره‌سه‌ركردنى گیروگرفته‌ تازه‌كان بێئه‌وه‌ى پێشتر هیچ زانیارییه‌كى هه‌بووبێت له‌سه‌رى. 

شێوه‌ پێچاوپێچیه‌كه‌ى مێشكى مرۆڤ و ئه‌و هه‌موو قوژبن و چاڵوچۆڵییه‌ كه‌ مادده‌ خۆڵه‌مێشیه‌كه‌ى تێدایه‌، وایانكردووه‌ مێشك له‌ كاكڵه‌گوێزێك بچێت. له‌م رێگه‌یه‌وه‌ پانتایی رووكارى مێشك زۆر گه‌وره‌تر ده‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌ماره‌خانه‌كانیش له‌ یه‌كترى نزیك ده‌بنه‌وه‌ و خێراتر په‌یوه‌ندیى دروست ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا . كه‌واته‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بڕى ئه‌و چاڵوچۆڵیانه‌ په‌یوه‌ندیى هه‌یه‌ به‌ خێرایی بیركردنه‌وه‌ و به‌هێزیى بیره‌وه‌رییه‌وه‌.

به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا تائێستا نازانین زیره‌كیى له‌كوێى مێشكدایه‌. تیۆرییه‌ك ده‌ڵێت بناغه‌ى بایۆلۆجى زیره‌كیى بریتیه‌ له‌ تۆڕێك كه‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى مێشك پێكه‌وه‌ده‌به‌ستێت. له‌م رووه‌وه‌ توانراوه‌ تۆڕێك بدۆزرێته‌وه‌ كه‌ 20 ناوچه‌ى جیاوازى مێشك پێكه‌وه‌ گرێده‌دات له‌ ناوچه‌كانى ناوچه‌وان و لاجانگ. پێویسته‌ ئه‌وه‌یش بزانین كه‌ به‌ ته‌نیا جیاوازییه‌ ئه‌نه‌تۆمیه‌كه‌ى مێشك خاڵ-ى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ نیه‌ بۆ زیره‌كى، به‌ڵكو پێویسته‌ ئامێرێكى كۆمپیوته‌ریى ناوخۆ هه‌بێت بتوانێ دابینكردنى وزه‌ مسۆگه‌ر بكات جگه‌ له‌وه‌یش هۆكارى بۆماوه‌یی نابێت فه‌رامۆش بكرێت.

ده‌زانین كه‌ سه‌دان جین به‌شدارن له‌ زیره‌كیدا و تا ئه‌و نهێنییانه‌ نه‌دۆزرێته‌وه‌ ناتوانین ئه‌و ناوه‌نده‌ بدۆزینه‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیاره‌ له‌ زیره‌كى.

بیركردنه‌وه‌ ساده‌ بێت یاخود بیركردنه‌وه‌ى ئه‌بستراكت، له‌ڕاستیدا ده‌ره‌نجامى كۆمه‌ڵه‌ ئاماژه‌یه‌كى كاره‌بایین كه‌ به‌ تۆڕى مێشكدا تێده‌په‌ڕن، ئه‌و تۆڕه‌ى كه‌ له‌ 86 ملیار ده‌ماره‌خانه‌ دروستبووه‌. تائێستا كه‌س نازانێت پڕۆسه‌ى بیركردنه‌وه‌ چۆن رووده‌دات و ته‌نانه‌ت بیرۆكه‌ سه‌ره‌تاییه‌ ئاسانه‌كانیش بڕێكى یه‌كجار زۆر چالاكیى له‌خۆده‌گرن. دیاره‌ هه‌تا بیركردنه‌وه‌یش زه‌حمه‌تتر بێت چالاكیى توێكڵى مێشك له‌ ناوچه‌ى ناوچه‌واندا درێژخایه‌نتر ده‌بێت. سه‌باره‌ت به‌ چه‌پله‌ر-ى و راستله‌ر-یش تازه‌ترین لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌ریخستووه‌ كه‌ شێوازى بیركردنه‌وه‌ و تواناى داهێنانیان جیاوانین له‌ یه‌كترى و ئه‌و قسه‌یه‌ ته‌نیا خورافاتێكه‌، هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیش له‌ ئارادا نیه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ لاكانى مێشك چالاكتر بێت له‌ لاكه‌ى دیكه‌.

پ: ل. م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure