كەی چارەنووسی بێسەروشوێنكراوانی كوردستان دیاریی دەكرێت

هەواڵ / چاوی تۆ :: 31/08/2019‌ :: 118‌ جار بینراوە

عەلی مەحمود محەمەد

بۆ ئەنفالەكان 15ساڵ چاوەڕوانیمان كرد تا وردەوردە روفاتی بەشێكی بچووكیان هاتەوە، لە قۆناغی بێسەروشوێنییەوە چوونە قۆناغی شەهادەت. بارزانیەكان20ساڵ و فەیلیەكان23 ساڵ، وەلێ بێسەروشوێنانی شەڕی ناوخۆیی هەموو لایەنەكان23 بۆ25ساڵی خۆی تێپەڕاند كە پشكی زۆریان دیلی جەنگ بوون و دەبوایا بەپێی رێككەوتنامەی جنێفی12ی ئابی1949مامەڵەیان لەگەڵدا بكرابایا و مافەكانیان پارێزراو بایا و لەگەڵ رێككەوتنی لایەنە بەشەڕهاتووەكان ئازاد بكرانایا، چ وەك جەستە و چ وەك چارەنووس.

تائێستا دایك و خوشك و هاوسەر و منداڵەكان لەگەڵ هەر هەواڵێكدا دڵیان رادەچەڵەكێت.

 "هەرچەندە بێسەروشوێنكردن مێژوویەكی كۆنتری لە كوردستاندا هەیە" كەسوكارەكانیان عەوداڵی خەبەری نوێن، پارچەقوماشێكن، گۆڕێكن، چیرۆكێكن، هاوكاری و قەرەبوو و داوای لێبوردن و مۆنۆمێنتێكن، چاوەڕوانی رۆژێكن تیایدا پڕ بەدڵ بدەن لە قوڵپەی گریان، بەدیار گۆڕێكەوە بگرێن، چاوەڕوانی پێشەنگێكن وەك دایكانی شەمەی ئەستەمبوڵ و دایكانی پلازا دی مایۆی بۆینس ئێرسن، لە رۆژێكدا وێنەی خۆشەویستەكانیان هەڵبگرن و بۆ چەند چركەیەك بە ئازیزانیان شادبنەوە، لەگەڵ گریاندا رق و داواكانی خۆیان بەتاڵ بكەنەوە، ئەوەی لە ناخیاندا قوڵپەدات بیهێننە قسە و رق و ئازارەكانیان بەتاڵ بكەنەوە.

بێسەروشوێنكردن تاوانێكی زەقی مافی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی و جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێونەتەوەیی و رێككەوتننامەی جنێف و رێككەوتننامەی نێونەتەوەیی دژ بە بێسەروشوێنكردن و دادگای تاوانی نیودەوڵەتی و...هتده‌، بەپێی پەیماننامەی رۆما دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیەوە، واتا تاوانێكی زەق و گەورەی جیهانییە و كات و شوێن تاوانكار لە سزا ناپارێزێت، هیچ دەسەڵات و گروپێك مافی بێسەروشوێنكردنی هاووڵاتیانیان نییە، بەهیچ بەهانەیەك، كە تاوانكار بەپێی یاسای نێودەوڵەتی نابێت لە سزا رزگاری بێت.

بە بێسەروشوێنكردن، پێشێلی مافی ژیان، مافی داكۆكی لەخۆ، مافی ئەشكەنجەنەكردن، مافی چارەسەری پزیشكی، مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە، مافی ناسنامە، مافی وتنی راستیەكان، مافی قەرەبووكردنەوە و داوای لێبووردنكردن، مافی رێزگرتن لە تەرمی قوربانییەكان....هتد-ی قوربانی پێشێلكراوە. هاوكات بێسەروشوێنكردن پێشێلی مافی بنەماڵەكانیشیانە لە دابیننەكردنی ئاسایش، مافی ئابووری بۆ ژیان، مافی خوێندن، چارەسەری تەندروستی و مافی دەرخستنی راستییەكان و نەشاردنەوەی حەقیقەتەكانە.

بێسەروشوێنكراوان بارمتەی پارتە بەشەڕهاتووەكانن نەك كەس و گروپ، بۆیە دیاریكردنی چارەنووسیان ئەركی پارت و لایەنەكان و سەركردەی لایەنەكانە نەك دەزگایەكی دی.

لەم یادەدا،25 ساڵ چاوەڕوانی كەم نییە. پێویستە دەسەڵاتدارانی كوردستان چارەنووسی بێسەروشوێنكراوانی كوردستان دیاریبكەن و لیژنەیەك بە بەشداریی رێكخراوە نێودەوڵەتییە تایبەتمەندەكان پێكبهێنن بۆ دەرخستنی راستییەكان و قەرەبووی قوربانییەكان لە رووی"ئابووری، داوای لێبووردنكردن، وتنی راستییەكان، دیاریكردنی چارەنووس، دروستكردنی مۆنۆمێنتی یاداوەری و دیاریكردنی رۆژێك بۆ بێسەروشوێنكراوان و...هتد".

وەك پشتیوانیكەرێكی هەمیشەیی بنەماڵەی بێسەروشوێنكراوان، تەنها دەتوانم بڵێم دڵم لەگەڵ دڵی دایكانیانە، بۆیە هەمیشە تاكەكەس بووم لەگەڵتان، بەڵام ئازارم وەك ئێوە نەبووە، بەڵكە خەمی ئێوە خەمی منیش بووە.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure