لە سێ مانگدا 56 كه‌س خنكاون

هەواڵ / کوردستانی :: 01/09/2019‌ :: 935‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

به‌پێی ئامارێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ماوه‌ی سێ مانگی ڕابوردوودا زیاتر له‌ 56 كه‌س له‌ ده‌ریاچه‌ و ڕووبار و زێیەكانی سنووری هه‌رێمی كوردستان خنكاون.

به‌پێی ئه‌و ئامارانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌ له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ماوه‌ی (1ی حوزه‌یران تاوه‌كو 31 ئابی 2019) زیاتر له‌ 56 كه‌س كه‌ به‌شێكیان گه‌شتیاربوون له‌ ده‌ریاچە و ڕووبار و زێیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان خنكاون و سێ له‌و كه‌سانه‌ش تاوه‌كو ئێستا ته‌رمه‌كانیان نه‌دۆزراونه‌ته‌وه‌.

هه‌ربه‌پێی ئاماره‌كانی فه‌رمانگه‌ی به‌رگری شارستانی هه‌رێمی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، له‌ماوه‌ی چوار ساڵدا له‌ ساڵه‌كانی (2016، 2017، 2018، 2019) چوار سه‌د كه‌س به‌هۆی ڕووداوی خنكان له‌ هه‌رێمی كوردستان گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌.

كازم سه‌بری، ئه‌فسه‌ری به‌رگری شارستانی له‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌وباره‌یه‌وه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: هه‌ڵكه‌وته‌ی هه‌ندێ شوێن وا رێككه‌وتووه‌، زێ و ڕووباری  پێدا تێپه‌ڕده‌بێت له‌ كاتی وه‌رزی هاوین خه‌ڵك له‌ شوێنه‌ جیاجیاكان سه‌ردانی ئه‌و شوێنانه‌ ده‌كه‌ن، زۆرجار به‌هۆی نه‌شاره‌زاییان  تووشی خنكان ده‌بن، هه‌رچه‌نده‌ تیمی به‌رگری شارستانی شاره‌زایش هه‌یه‌.

ئاشكراشیكرد: له‌ سه‌ره‌تای سێ  مانگی هاوینی ئه‌م ساڵ رێژه‌ی خنكان به‌راورد به‌ ساڵانی ڕابوردوو كه‌میكردووه‌، تاوه‌كو ئێستاش له‌ 32 حاڵه‌تی خنكان تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی ئاماده‌ بوونه‌ له‌ ده‌رهێنانی ته‌رمه‌كان.

ناوبراو، هۆكاری خنكانی هاووڵاتیان بۆ كه‌مته‌رخه‌می خودی هاووڵاتیان و پابه‌ندنه‌بوونیان به‌ ڕێنماییه‌كانی مه‌له‌كردن و پابه‌ندنه‌بوونی خاوه‌ن شوێنه‌ گه‌شتیارییه‌كانی قه‌راغ ئاوه‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه.‌

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: ئیحسانى مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure