تەندروستی سلێمانی لەبارەی چاندنی گورچیلە بۆ کەسانی بیانی هاتەدەنگ

هەواڵ / کوردستانی :: 31/08/2019‌ :: 373‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا و پشتیوان

بڕیاردەری لیژنەی چاندنی گورچیلە لە هەرێم رایدەگەیەنێت: تەندروستی سلێمانی رێنماییەكانی نەشتەرگەری بەخشین و چاندنی گورچیلە جێبەجێ ناكات، دەشڵێت: "رێنماییەكی دیكە بۆ بەخشینی گورچیلە دەردەكرێت"، تەندروستی سلێمانیش دەڵێت: "گورچیلە بەخشین بەپێی یاسا و رێنماییەكان بووە و بەكەسانی بیانیش نەدراوە". 

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لەماوەی هەشت مانگی رابوردوودا 529 كەس لە پارێزگاكانی هەرێم نەشتەرگەری بەخشین و چاندنی گورچیلەیان بۆ كراوە، هەروەها بەخشین و چاندنی گورچیلەی 36 كەس رەتكراوەتەوە بەهۆی ئەوەی مەرجەكانیان تیادا نەبووە.

بەپێی ئامارەكە: لەماوەی هەشت مانگی رابوردوودا لەسلێمانی نەشتەرگەری بەخشین و چاندنی گورچیلە بۆ زیاتر لە 200 نەخۆش كراوە، بەڵام بەشێك لەوانەی نەشتەرگەرییەكەیان بۆ كراوە، خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی دیكەی عێراق نەبوون و چاندنی گورچیلەیان بۆ كراوە، گورچیلەی هاووڵاتیانی هەرێم و عێراق بەو كەسانە دراوە كە كورد و عێراقی نەبوون، ئەمەش پێچەوانەی یاسایە.

بەپێی یاسای بەخشین و چاندنی ئەندامانی لەشی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان، چاندنی گورچیلە بە رەزامەندی بەخشەر و وەرگر دەبێت، هەروەها نابێت هاووڵاتیانی هەرێم یاخود عێراق گورچیلە بە كەسانی بیانی ببەخشن.

لاوەند سەردار میران، بڕیاردەری لیژنەی چاندنی گورچیلە لە كوردستان بۆ دواڕۆژی راگەیاند: لەسلێمانی رێنماییەكانی چاندنی گورچیلە جێبەجێ نەكراوە و ئەمەش گرفتی دروستكردووە، چونكە نابێت گورچیلە بە كەسانێك ببەخشرێت كە هاووڵاتی هەرێم یاخود عێراق نەبن.

وتیشی: "رێنماییەكی نوێ و یەكگرتوو لەماوەیەكی نزیكدا دەردەكرێت بۆ ئەوەی لەمەودوا چاندن و بەخشینی گورچیلە بەدەر لە رێنماییەكان نەكرێت، ئەگەر تەندروستی پارێزگاكانیش ئامادە نەبن وەكو خۆیان جێبەجێی بكەن، ئەوا سزای توند دەدرێن".

بیانووی تەندروستی سلێمانی بۆ چاندنی گورچیلە ئەوەیە كە رێنماییان پێنەگەیشتووە، بەڵام لاوەند سەردار وتی: "هەموو شوێنێك رێنمایی بۆ دەركراوە، جگە لە یاسا دەبێت كار بە رێنماییەكانیش بكرێت".

لەبەرامبەردا د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند "لەنەخۆشخانە حكومییەكانی سلێمانی گورچیلە بەخشین بەخەڵكانی بیانی نەكراوە، پڕۆسەكەش بەپێی یاسای پەرلەمانی كوردستان بووە و بۆ كەسە بیانییەكانیش تائێستا رێنمایی تایبەت بەبەڕێوەبەرایەتییەكەیان نەگەیشتووە".

ناوبراو روونیكردەوە: لەیاساكەدا هاتووە بەخشینی گورچیلە بەكەسی بیانی دەبێت لەلایەن وەزارەتەوە رەزامەندی نیشان بدرێت، حاڵەتیش هەبووە نووسراویان بۆ وەزارەت كردووە، بەڵام وەزارەت وەڵامی نەداونەتەوە، بۆیە ئەوانیش نەیانكردووە.

 

پ: ک. س

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure