پارتی داواى پۆستێك ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 31/08/2019‌ :: 1591‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لی حه‌مه‌سه‌عید

به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ و به‌رێوه‌بردنی ئیداره‌ی پارێزگاكه‌ پارتی پێشنیاریی كردووه‌ ناحییه‌ی خورماڵ بكرێته‌ قه‌زا و قایمقامی قه‌زاكه‌ش بدرێته‌ ئه‌وان.


ئه‌حمه‌د قه‌ده‌فه‌ری، جێگری به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی 9ی شاره‌زووری یه‌كێتی نیشتیمانى کوردستان (ئەمڕۆ شەممە 31ى ئابى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی كه‌ له‌ ساڵانی رابوردوودا له‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا واژۆده‌كران و دواتر نه‌ده‌كه‌وتنه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ی بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان داوای پۆستێكی باڵای ده‌كرد، له‌كاتێكدا دابه‌شكردنی پۆسته‌كانیش به‌گوێره‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی 30ی نیسانی 2014 دابه‌شكرابوون.

وتیشى: "له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌رپرسانی پارتی پێشنیاریان كردووه‌ كه‌ ناحییه‌ی خورماڵ بكرێته‌ قه‌زا و قایمقامی قه‌زاكه‌ش بدرێته‌ ئه‌وان و ئه‌و پێشنیاره‌ش گونجاوه‌ و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت و هیچ لایه‌نێك لاری له‌سه‌ر ئه‌م پێشنیاره‌ی پارتی ده‌رنه‌بڕیوه‌، بۆیه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حكومه‌ت كه‌ گۆڕانكاری ئیداری له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌دا ئه‌نجام بدات."

ئه‌و به‌رپرسه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: له‌ كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا جارێكی دیكه‌ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆده‌بینه‌وه‌ و سه‌رنج و پێشنیاره‌كانی خۆمان له‌باره‌ی به‌ قه‌زاكردنی ناحیه‌ی خورماڵ و پۆستی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ گشتییه‌كان و ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌خه‌ینه‌روو هاوكات رێككه‌وتنی كۆتاییش واژۆده‌كه‌ین".

پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، له‌ قایمقامی ناوه‌ندی هه‌ڵه‌بجه‌ و ناحییه‌كانی خورماڵ و سیروان و بیاره‌ و به‌مۆ پێكدێت و ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی نزیكه‌ی 120 هه‌زار كه‌س ده‌بێت.

 پێداچونه‌وه‌: هـ.ق
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure