نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەى دۆخى عێراق هۆشداری دەدات

هەواڵ / عێراق :: 29/08/2019‌ :: 307‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ

رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەوەى ناکۆکییە هەرێمایەتییەکان رەنگە زیانێکى گەورە بە هەوڵەکانى بونیادنانەوە لە عێراق بدات.


جینین هینس، نێردەى تایبەتى نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (رۆژى چوارشەممە 28ى ئابى 2019) لە میانى دانیشتنێکى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى تایبەت بە عێراق رایگەیاند: سەرکردایەتى عێراق بەردەوامن لەگەڵ لایەنە هەرێمى و نێودەوڵەتییەکان بۆ زامنکردنى مانەوەى وڵات وەک خاکى هاوبەشى سەقامگیرى، نەک مەیدانى ناکۆکییە بەوەکالەتەکان.

هینس هۆشداریشیدا لەوەى ناکۆکییە هەرێمایەتییەکان رەنگە زیانێکى گەورە بە هەوڵەکانى بونیادنانەوە لە عێراق بدات.

هەروەک "پابەندى بەغداى بە دانانى سەرجەم لایەنەکانى وڵات لەژێر دەسەڵاتى دەوڵەت" بەرزنرخاند و وتى: "جێبەجێکردنى ئەو هەنگاوە کارێکى دروستە".

لاى خۆیەوە سەرهەد فەتاح، جێگرى نێردەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق وتى: "هەلى جێبەجێبوونى سەقامگیرى و پەرەپێدان لە وڵات راستەقینەیە، بەڵام لەبەردەم مەترسیدایە، بۆیە ناکرێت داوا لە بەغدا بکرێت لێبوردە بێت لەگەڵ زیادبوونى ناکۆکى بارگرژییەکان لە ناوچەکەدا".

دەربارەى پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و تورکیاش فەتاح روونیکردەوە: حکومەتى بەغدا نزیکەى 54 نامەى ئاراستەى ئەنقەرە کردووەو داواى لێکردووە بەخێرایى بۆردومانى خاکى عێراق رابوەستێنێت، کە لەئێستادا لە چوارچێوەى هێرشەکانى سوپاى تورکیا دژ بە چەکدارانى پارتى کرێکارانى کوردستان لەئارادایە.

دوپاتیشیکردەوە: حکومەتى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ رووبەڕووبونەوەى بەربەستە ئابورى و کۆمەڵایەتییە جۆراوجۆرەکان، ناچارە هەوڵەکانى چڕبکاتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پاشماوەى داعش، لەنێویشیاندا پرسى ئەو سەدان ئافرەتەى لەلاى چەکدارانى ئەو گروپە دەستبەسەرکراون لەگەڵ منداڵەکانیان.

ئا: شیروان شەریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure