"له‌ناو كه‌مپه‌كان توندوتیژى سێكسى هه‌یه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 29/08/2019‌ :: 8507‌ جار بینراوە

تاگ :: ئاواره‌

دواڕۆژ، ئاراس عه‌زیز

سەربارى دژوارى ژیان و گوزەرانیان تائێستا رۆژانه‌ 5 تا 15 خێزان داواى نیشته‌جێبوون له‌ كه‌مپه‌كان ده‌كه‌ن وەک ئەوەى بەرپرسێکى کەمپەکان باسیدەکات، دەڵێت: "له‌ناو كه‌مپه‌كان حاڵه‌تى توندوتیژى سێكسى و زۆر به‌شودانى منداڵ و لێدانیش هه‌یه‌".


رزگار عوبێد، به‌رپرسى كه‌مپه‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر (ئەمڕۆ پێنجشەممە 28ى ئابى 2019) بە دواڕۆژى راگەیاند: له‌گه‌ڵ خراپى دۆخى كه‌مپه‌كان رۆژانه‌ نزیكه‌ى 5 بۆ 15 خێزان داواى نیشته‌جێبوون له‌ناو كه‌مپه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش هێماى هه‌بوونى مه‌ترسى و خراپى دۆخى خه‌ڵكه‌ له‌ پارێزگاكانى عێراق.

وتیشى: "له‌ئێستادا خزمه‌تگوزارییه‌كانى خۆراك و خواردن خراپه‌ و هۆكاره‌كه‌شى بۆ راگرتنى هاوكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان یان كه‌مبوونه‌وه‌ى ئه‌و رێكخراوه‌ بیانیانه‌ دەگەڕێتەوە كه‌ پێشتر هه‌ماهه‌نگى زۆرى كه‌مپه‌كانیان ده‌كرد".

دەربارەى رووداوەکانى ناو کەمپەکانیش رزگار ئەوەى خستەڕوو: بێگومان له‌ زۆربه‌ى شوێنەکان بابه‌تى توندوتیژى هه‌یه‌ و له‌ناو كه‌مپه‌كانیش حاڵه‌تى توندوتیژى سێكسى و زۆر به‌شوودانى منداڵ و لێدانیش هه‌یه‌، به‌ڵام پێویسته‌ رێكخراوه‌كان و لایه‌نى په‌یوه‌ندیدار به‌كارى باشتر هه‌ڵسن بۆ بنبڕكردنى ئه‌و حاڵه‌تانه‌.

سەبارەت بە ئاماده‌كارییه‌كانیش بۆ وه‌رزى زستان بەرپرسى کەمپەکان وتى: "تائێستا كارى باش بۆ وه‌رزى سه‌رما كراوه‌، به‌ڵام پێویستمان به‌ خۆئاماده‌كردنى زیاتر هه‌یه‌ و خۆشبه‌ختانه‌ توانیومانه‌ (13) هه‌زار پارچه‌ جلوبه‌رگى زستان به‌سه‌ر منداڵانى كه‌مپه‌كان دابه‌شبكه‌ین و له‌هه‌وڵى كارى زیاترداین".

له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر شەش كه‌مپى ئاواره‌كانى عێراق هه‌یه‌، کە سێ كه‌مپى له‌ زۆنى حه‌سه‌ن شامه‌ و له‌ سنوورى به‌حركه‌ دوو كه‌مپ و له‌ دیبه‌گه‌ یەک كه‌مپ هه‌یه‌. چوار كه‌مپى تریش په‌نابه‌رانى رۆژئاواى سوریاى تێدا نیشته‌جێكراون.

پێداچونەوە: شیروان شەریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure