کەرتی بیناسازی لە هەرێمی کوردستان پاشەکشەی کردووە

هەواڵ / ئابوری :: 29/08/2019‌ :: 245‌ جار بینراوە
"زیادکردنی باج و رسوماتیش کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی پڕۆژەکان"

دواڕۆژ، راپۆرتی سەنگین خۆشناو

لە چەند ساڵى رابوردوودا بەهۆى قەیرانى دارایى و شەڕى داعش کەرتی بیناسازی لە هەرێمى کوردستان پاشەکشەی کردووە بەجۆرێک بەپێی ئاماری دەستەی ئامار مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە بە رێژەی زیاتر لە 60% کەمیکردووە.


لەو چوارچێوەیەشدا سەرمایەدار و وەبەرهێن و بەڵێندەران دووچارى زیانی زۆر هاتوون، بەجۆرێک هەندێکیان ئیفلاسیان کردووە و هەیانە وڵاتى جێهێشتووە یان لە کارەکەیان دورکەوتونەتەوە.

دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەو داتایانە تۆمارناکەن کە ئاخۆ چەند پڕۆژەی خانووبەرە یاخود باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی کوردستان دروستکراون، وەزارەتی شارەوانیش هیچ ئامارێک ئاشکراناکات، بۆیە ئەو ئەرکە کەوتووەتە سەرشانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان.

بەپێی داتاکانی دەستەی ئامار کە پشتی بە ئاماری شارەوانی لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەستووە، لە ماوەی شەش ساڵی رابوردوودا پاشەکشێیەکی گەورە لە ژمارەی مۆڵەتی دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، بەجۆرێک لە ساڵی 2013 شارەوانییەکان مۆڵەتیان بە دروستکردنی 27.269 خانوو و باڵەخانە بە تێچووی زیاتر لە دوو ترلیۆن و 46 ملیار دینار داوە، بەڵام ساڵی رابوردوو تەنیا مۆڵەت بە دروستکردنی 9.746 خانوو و باڵەخانە بە تێچووی نزیکەی 658 ملیار و دوو ملیۆن دینار دراوە. لەم داتایەدا دەردەکەوێت دروستکردنی خانوو و باڵەخانە لە ساڵی 2018 بەراورد بە ساڵی 2013 بە رێژەی 64.2% کەمیکردووە.

بەپێی ئامارەکەی دەستەی ئامار ساڵ بە ساڵ کەرتی خانووبەرە و باڵەخانە پاشەکشەیکردووە. لە ساڵی 2014 مۆڵەت بە دروستکردنى 20.339 خانوو باڵەخانە دراوە، لە ساڵی 2015 بووەتە 15.047 مۆڵەت، لە ساڵی 2016 بووەتە 11.293 مۆڵەت و لە ساڵی 2017ش بۆ 9.110 مۆڵەت دابەزیووە.

موراد زەینەڵ ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەشی ئاماری بیناسازی لە دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتى: "قەیرانی دارایی و کەمبوونەوەی داهاتی حکومەت لەگەڵ وەستانی پێشینەی خانووبەرە هۆکارێکی سەرەکی کەمبوونەوەی وەبەرهێنانە لە کەرتی خانووبەرە".

ئەوەشى وت: "بەهۆی کەمبوونەوەی خواست لەسەر دروستکردنی خانوو و باڵەخانە، تێکڕای دەستی کار و کەرەستەکانی بیناسازیش رووی لە دابەزین کردووە، بەجۆرێک تێکڕای تێچووی یەک مەتر دووجا لە کاری بیناسازی لە ساڵی 2013 بە 268 هەزار دینار خەمڵێنراوە، بەڵام لە ساڵی 2018 بۆ 231 هەزار دینار دابەزیوە، ساڵی 2016 کەمترین ئاستی تۆمارکردووە کە تەنیا 214 هەزار دینار بووە".

ئەو بەرپرسەی دەستەی ئامار باس لەوەشدەکات: "تێچووی دروستکردنی پڕۆژەی باڵەخانە و خانووی نیشتەجێبوون لە شارێک بۆ شارێکی دیکە جیاوازە، بەجۆرێک بەرزترین تێچوو لە پارێزگای دهۆک بووە لە ساڵی 2013 کە بۆ هەر مەتر دووجایەک 303 هەزار دینار بووە. لە ساڵی 2018 بۆ 288 هەزار دینار دابەزیوە. دوای ئەو پارێزگای سلێمانی دێت کە پێشتر تێچووی دروستکردنی مەترێک دووجا لە کاری بیناسازی 260 هەزار دینار بووە، ساڵی رابردوو بۆ 191 هەزار دینار دابەزیوە. لە پارێزگای هەولێریش لە 253 هەزارەوە بۆ 227 هەزار دابەزیووە".

سەرەڕای پاشەکشەی کەرتی خانووبەرە و باڵەخانەی نیشتەجێبوون، بەڵام دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان بۆ ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە جۆراوجۆرەکان داوە تایبەت کەرتی خانووبەرە.

بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان لە هەولێر ساڵی 2013 مۆڵەت بە دروستکردنى 11.756 خانوو و باڵەخانە دراوە، بەڵام لە ساڵی 2018 بۆ 4.419 مۆڵەت دابەزیوە. پارێزگای سلێمانی بە پێدانی 9.153 مۆڵەت لە 2013 لە پلەی دووەم بووە، بەڵام لە ساڵی 2018 ژمارەی مۆڵەتەکانی بۆ 3.158 مۆڵەت دابەزیوە، پارێزگای دهۆک بەپێدانی 5.346 مۆڵەت لە 2013 لە پلەی سێیەم بووە، بەڵام لە ساڵی رابوردوو ژمارەی مۆڵەتەکانی بۆ 1.567 مۆڵەت دابەزیوە. گەرمیانیش ژمارەی مۆڵەتەکانی لە 1.014 مۆڵەتەوە بۆ 575 مۆڵەت دابەزیووە.

سەربەست محەمەد، بەڕێوەبەری ئامار لە دەستەی وەبەرهێنان وتى: راستە بەگشتی کەرتی خانووبەرە پاشەکشەی زۆری کردووە، چونکە وەبەرهێن پارەی لەبەردەست نەبووە کاربکات، حکومەتیش داهاتی کەمیکردووە.

سەربەست محەمەد بۆ دواڕۆژ وتیشى: "زیادکردنی باج و رسوماتیش کاریگەری بەرچاوی هەبووە لەسەر کەمبوونەوەی پڕۆژەکان، چونکە وەبەرهێن ئەو قازانجەی بۆ نامێنێتەوە کە هاندەرى بێت بۆ کارکردن".

بەڵێندەران کە بەشێکی سەرەکی دروستکردنی پڕۆژەکانن بەهۆی ئەو قەرزە زۆرەیان کە لای حکومەتە نەیانتوانیووە بەردەوام بن لە کارکردن لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.

ئەمساڵ حکومەت لە کۆی یەک ملیار دۆلار قەرزی بەڵێندەران تەنیا 200 ملیۆن دۆلار داونەتەوە، بەڵام بڕیاریشداوە هەر پڕۆژەیەکی وەستاو دەست بەکارنەکات وەردەگیرێتەوە و دەدرێتە کەسێکی دیکە.

سەرۆ دزەیی، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتى: "سەرباری ئەوەی تەواوی پارەکانمان وەرنەگرتووەتەوە، بەڵام زۆر پڕۆژەمان کەوتووەتەوە کار وەک پڕۆژەی فلۆریا ستی و چەند پڕۆژەیەکی دیکە".

وتیشى: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پارەیەکی زۆری بەڵێندەرانی لایە بۆیە ئەگەر بۆمان نەگەڕێننەوە چۆن بتوانین کاربکەین؟!".

پێداچونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure