"بڕیارێكى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ زیان به‌ خوێندكاران ده‌گه‌یه‌نێت"

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 4890‌ جار بینراوە
لوقمان عه‌بدولكه‌ریم

دواڕۆژ، سامان قوبادى
 
بڕیاره‌كه‌ى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خوێندن به‌ زمانى ئینگلیزى له‌ وانه‌ى زانست و بیركارى بنه‌ڕه‌تى زیانى زۆر له‌ خوێندكار ده‌دات و ده‌بێته‌ هۆى چوونى ژماره‌یه‌كى زۆرى قوتابى بۆ خوێندنگه‌ ئه‌هلییه‌كان، مامۆستا لوقمان عه‌بدولكه‌ریم سه‌رۆكى لیژنه‌ى زانست له‌ یه‌كه‌ى سه‌رپه‌رشتی په‌روه‌رده‌ى سلێمانى له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا باس له‌وه‌ ده‌كات: ده‌بوایه‌ زه‌مینه‌سازى بۆ به‌ ئینگلیزى خوێندنى ئه‌و دوو وانه‌یه‌ بكرایه‌ پاشان جێبه‌جێبكرایه‌.

دواڕۆژ، بۆچى بڕیاردرا به‌ خوێندنى زانست و بیركارى به‌ زمانى ئینگلیزى، له‌ئێستاشدا بڕیاره‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنراوه‌ته‌وه‌؟
لوقمان عه‌بدولكه‌ریم:
پڕۆسه‌ى به‌ ئینگلیزیكردنى وانه‌ى زانست و بیركارى له‌ قۆناغى بنه‌ڕه‌تیدا سه‌ره‌تا ژماره‌یه‌كى كه‌م له‌ قوتابخانه‌كاندا جێبه‌جێكرا، ئه‌گه‌ر بتوانرێت زه‌مینه‌سازى بۆ بكرێت بڕیارێكى باشه‌، به‌ڵام كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ نه‌بوونى مامۆستاى پسپۆڕه‌ كه‌ بتوانێت به‌ زمانى ئینگیلزی وانه‌ى زانست و بیركارى بڵێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌شى وانه‌ى زانستیان ده‌وته‌وه‌ پسپۆڕیی كۆمه‌ڵایه‌تى و عه‌ره‌بى و هونه‌رن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى بوارى خۆیان نییه‌ به‌ باشى ناتوانن وانه‌كه‌ بڵێنه‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر به‌ زمانى ئینگلیزیش بێت زۆر خراپ و قورس ده‌بێت، به‌ڵام وه‌كو بیرۆكه‌ و بڕیاره‌كه‌ باشه‌ و له‌جێى خۆیه‌تى، ئه‌گه‌ر له‌ ژماره‌یه‌كى دیاریكراو له‌ قوتابخانه‌كاندا جێبه‌جێ بكرایه‌ سوودى گه‌وره‌ى به‌ خوێندكار ده‌گه‌یاند، به‌ڵام پێویسته‌ زه‌مینه‌سازى بۆ بكرێت، له‌ئێستادا قوتابخانه‌ ئه‌هلییه‌كان به‌ بڕێكى زۆر پاره‌ خوێندكار وه‌رده‌گرن، جگه‌له‌ شێوه‌ى بینا، جیاوازى سه‌ره‌كى له‌نێوان ئێمه‌ و ئه‌هلیه‌كاندا ته‌نیا زمانى ئینگلیزییه‌، ده‌بوایه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ میلاكى تایبه‌ت به‌و دوو وانه‌یه‌ى دابمه‌زراندایه‌ ئه‌وانه‌ى كه‌ زمانى ئینگلیزى ده‌زانن.

دواڕۆژ: به‌ڵام ئه‌و خواسته‌ى ئێوه‌ هه‌تانه‌ له‌سه‌ر میلاكى زانست و بیركارى به‌ زمانى ئینگلیزى پێچه‌وانه‌ى زانكۆكانه‌؟
لوقمان عه‌بدولكه‌ریم:
په‌یوه‌ندییه‌كى راسته‌وخۆ هه‌یه‌ له‌نێوان پێگه‌یاندن له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و خوێندنى باڵا، به‌شێكى زۆرى ئه‌و خوێندكارانه‌ى زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن له‌ په‌روه‌رده‌دا داده‌مه‌زرێن، ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده‌ به‌باشى قوتابییه‌كه‌ ئاماده‌بكات و بیداته‌ ده‌ست خوێندنى باڵا ئه‌وانیش له‌ ئاستێكى به‌رزدا پێى بگه‌یه‌نن، به‌ڵام زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌ قۆناغى بنه‌ڕه‌تى وانه‌كانیان ده‌وته‌وه‌ ده‌رچوى په‌یمانگاى مه‌ڵبه‌ندى مامۆستایانن نه‌ك زانكۆ، وه‌كو پێویست ئاماده‌نه‌كراون و زانست و بیركارى به‌ زمانى ئینگلیزى بڵێنه‌وه‌ و زمان به‌باشى نازانن، ته‌نانه‌ت كێشه‌مان له‌وه‌دا بوو زانست به‌ كوردى بڵێنه‌وه‌، بۆیه‌ هیچ ئاماده‌كارییه‌كى بۆ نه‌كرابوو.

دواڕۆژ: ئه‌گه‌ر زه‌مینه‌سازى بۆ بكرایه‌ و پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وامبوایه‌، لایه‌نه‌ ئیجابییه‌كانى چین؟
لوقمان عه‌بدولكه‌ریم:
هه‌ر به‌رده‌وام بوونه‌كه‌ گرنگ نییه‌، به‌ڵكو پێداویستییه‌كان وه‌كو بینا و بوونى تاقیگه‌ و كه‌لوپه‌لى بۆ دابینبكرایه‌ هه‌روه‌ها میلاكى تایبه‌تمه‌ند، ئه‌مانه‌ ته‌نیا له‌ نزیكه‌ى 15 قوتابخانه‌ هه‌بووه‌، به‌ڵام كه‌ ژماره‌ى قوتابخانه‌كان زیادكرا لێره‌دا كێشه‌ گه‌وره‌كه‌ دروست بوو، ئه‌گه‌ر به‌ زه‌مینه‌سازییه‌وه‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌رده‌وام  بوایه‌ جگه‌له‌ سوودگه‌یاندن به‌ خوێندكار له‌رووى فێربوونى زمانى ئینگلیزى، هاوكات یارمه‌تیده‌رێكى باش ده‌بێت بۆ ئه‌و خێزانانه‌ى تواناى داراییان كه‌مه‌ ناتوانن منداڵه‌كانیان بنێرنه‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلیه‌كان، هه‌روه‌ها پاره‌یه‌كى زۆریش بۆ ئه‌و خێزانانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ منداڵه‌كانیان ده‌نێرنه‌ ئه‌هلیه‌كان.

دواڕۆژ: قوتابی ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك به‌ ئینگلیزى ئه‌و دوو وانه‌یه‌ى خوێندووه‌، ئێستا كه‌ نه‌ماوه‌، ئایا نه‌بووته‌ هۆى ئه‌وه‌ى خوێندكار بچێته‌ قوتابخانه‌ى ئه‌هلى و خواستى زۆرى له‌سه‌ر بێت؟
لوقمان عه‌بدولكه‌ریم:
كه‌سوكارى قوتابى كه‌ ده‌بینێت هاوڕێى منداڵه‌كه‌ى له‌ ئه‌هلیه‌كان به‌ ئینگلیزى ده‌خوێنن، ده‌بێته‌  هۆى چاولێكه‌رى، ئه‌ویش منداڵه‌كه‌ى ده‌نێرێته‌ ئه‌وێ، بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ خوێندكارانى قوتابخانه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان بچنه‌ خوێندنگه‌ ئه‌هلییه‌كان، پڕۆسه‌كه‌ كه‌موكورتى زۆرى هه‌یه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌ت له‌نێوان دوو به‌رداشدایه‌ ئایا پڕۆسه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت یان بوه‌ستێت بۆ ئه‌وه‌ى زیانه‌كانى له‌وه‌ زیاتر نه‌بێ، چونكه‌ زیانى زۆر به‌ خوێندكار ده‌گه‌یه‌نێت.
  
دواڕۆژ: له‌كاتێكدا ماوه‌یه‌كى زۆر به‌ ئینگلیزى خوێندكار ده‌خوێنێت، دواتر ده‌بێت به‌ كوردى ئایا كێشه‌ى گه‌وره‌ بۆ قوتابى دروستناكات؟ كه‌واته‌ چاره‌سه‌ر چییه‌؟ 
لوقمان عه‌بدولكه‌ریم:
تائێستا به‌ نوسراوى فه‌رمى ورده‌كارى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خوێندن زانست و بیركارى به‌ زمانى ئینگلیزى ده‌رنه‌چووه‌ و نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ لیژنه‌كه‌، جگه‌له‌وه‌ قوتابییه‌ك كه‌ زیاتر له‌ سێ ساڵ زاراوه‌كانى به‌ئینگلیزى خوێندووه‌، راسته‌وخۆ كه‌ ده‌خرێته‌وه‌ سه‌ر كوردییه‌كه‌، چه‌ند كێشه‌یه‌كى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌وڵده‌ده‌ین له‌گه‌ڵ مامۆستایان ئه‌م كێشانه‌ى كه‌ رووده‌ده‌ن چاره‌سه‌رى بكه‌ین، به‌ڵام پێویسته‌ وه‌زاره‌ت لیژنه‌یه‌ك تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشانه‌ دروستبكات كه‌ به‌هۆى ئه‌م بڕیاره‌وه‌ دێته‌ئاراوه‌، پێشنیارمان ئه‌وه‌یه‌ راى پسپۆڕان بۆ چاره‌سه‌ركردنى وه‌ربگیرێت، داواشده‌كه‌ین میلاكى تایبه‌ت دابمه‌زرێنرێت بۆ ئه‌و دوو وانه‌یه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین كۆنفرانسى تایبه‌تى بۆ رێكبخرێن. 

پێداچونەوە: شیروان شەریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure