كۆبونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ڕێككه‌وتن كۆتایی هات

هەواڵ / کوردستان :: 28/08/2019‌ :: 213‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

نوێنەرى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هەڵەبجە لە کۆبونەوەیەکدا رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا و هه‌فته‌ی داهاتووش ناوی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌ن ره‌وانه‌ی حکومەت ده‌كرێت.


کۆبونەوەکە (ئەمڕۆ چوارشەممە 28ى ئابى 2019) له‌سه‌ر پێشنیارى نووسینگه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان لە هۆڵى مۆنۆمێنت بەڕێوەچوو.

سه‌رچنار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان و به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌کە به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌کە تایبه‌ت بوو به‌ قسه‌وباسكردن له‌باره‌ى بابه‌تى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و تیایدا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان ره‌زامه‌ندییان ده‌ربڕی كه‌ تا كۆتایی ھه‌فته‌ی داهاتوو، ناوی كاندیده‌كانیان بۆ ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ره‌وانه‌ی دیوانی پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ بكه‌ن.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: دواتریش له‌ دیوانی پارێزگاوه‌ ناوی كاندیده‌كان ره‌وانه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پاشان ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ی فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونیان وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بۆ ده‌ربكرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى په‌رله‌مان ئه‌وه‌شى رونكرده‌وه‌: دوابه‌دواى ده‌ستبه‌كاربوونى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌، سه‌رجه‌م پۆستى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان به‌گوێره‌ى به‌ركه‌وته‌ى حزبى به‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌كاندا دابه‌شده‌كرێن.

پێداچوونەوە: شیروان شەریف

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure