وادەی دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بكوژانی تاریقی بەقاڵ ئاشكرابوو

هەواڵ / کوردستان :: 28/08/2019‌ :: 689‌ جار بینراوە

تاگ :: داد

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

وا بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 12ی ئەیلولی 2019 دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بكوژانی تاریق رۆستەم ناسراو بە تاریقی بەقاڵ بەڕێوەبچێت.


دادوەر عومەر ئەحمەد، وتەبێژی سەرۆكایەتی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی (ئەمڕۆ چوارشەممە 28ی ئابی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: دووەم دانیشتنی دادگاییكردنی بكوژانی تاریق رۆستەم ناسراو بە تاریقی بەقاڵ بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوەبینیوە و رۆژی 12ی ئەیلول كە دەكاتە رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەدەچێت.

دوێنێ 27ی ئاب یەكەم دانیشتنی ئەو دۆسیەیە لەدادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، بەڵام دانیشتنەكە دواخرا، دادوەر عومەر وتی: "دواخستنی یەكەم دانیشتن بەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغی زۆربوو لە بەردەم هۆڵی دادگاییكردنەكە و تێپەڕبوونی كاتیش، چونكە لە رۆژێكدا نزیكەی 20 داوای یاسایی دەبینرێت، بۆیە بەباشزانراوە بخرێتە رۆژی پێنجشەممەیەك كە تەنها ئەو داوایەی تێدا ببینرێت".

دادوەر عومەر داوای لە كەسوكاری قوربانی و چالاكوان و هاوڵاتیانیش كرد لەكاتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی دادگا، هەوڵبدەن قەرەباڵغی زۆر لە بەردەم هۆڵی دادگاییكردنەكە دروستنەكەن و رێزی یاسا ئیجرائییەكانی دادگاییكردنەكە بگیرێت و بەپێی ماددەی 152 بۆ 160 لە بنەمای یاسای دادگەرییە سازاییەكان، ئیدارەدانی ئەو دادگاییكردنانە دەبێت رێزی لێبگیرێت، چونكە دادگا مەبەستییەتی مافی تەواو بەدۆسیەكە بدات.  

لە رۆژی 7ی نیسانی رابردوو ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی باندێكی راگەیاند كە چەند مانگێك بوو سەرقاڵی رفاندنی هاووڵاتیان و كوشتنیان بوو پاش دزینی ئۆتۆمبێلەكانیان، دیارترین قوربانیەكانیشیان تاریق رۆستەم ناسراو بەتاریقی بەقاڵ بوو كە یەكێك بوو لە كاسبكارانی شەقامی مەولەوی و دۆزینەوە و ئاشكراكردنی ئەو باندە دەنگدانەوەی لێكەوتەوە.

پێداچونەوە: شیروان شەریف

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure