دوای 10 كاتژمێر ئاگره‌كه‌ی باڵه‌كایه‌تی كۆنتڕۆڵكرا

هەواڵ / کوردستان :: 27/08/2019‌ :: 372‌ جار بینراوە
زیاتر له‌ 30 دۆنم له‌ پاوان و دارستان و ره‌ز و باغی هاوڵاتیان سوتاوه‌ فۆتۆ: ئەرشیف

دواڕۆژ، ئاكۆ حه‌مه‌د رابی 

دوای به‌رده‌وامبونی بۆ ماوه‌ی 10 كاتژمێر و سوتانی زیاتر له‌ 30 دۆنم له‌ پووش و پاوان و ره‌ز و باغی هاووڵاتیان، سه‌رئه‌نجام ئاگره‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی كۆنترۆڵكرا. 


رائید به‌یار باڵه‌كی، وته‌بێژی به‌رگری شارستانی سۆران (ئەمڕۆ سێشەممە 27ى ئابى 2019) به‌دواڕۆژی وت: دوای نزیكه‌ی 10 كاتژمێر تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی به‌هاوكاری ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی و ژینگه‌دۆستی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی توانییان ئاگره‌ گه‌وره‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی كۆنترۆڵبکەن. 

وتیشى: "ئه‌گه‌رچی ئاگره‌كه‌ هیچ زیانێكی گیانی به‌دواوه‌ نه‌بووه‌، به‌ڵام زیانێكی زۆر گه‌وره‌ی به‌ ژینگه‌ و سروشتی ناوچه‌كه‌ گه‌یاندووه‌ و زیاتر له‌ 30 دۆنم له‌ پاوان، دارستان، ره‌ز و باغی هاووڵاتیان سوتاوه‌ و چه‌ندین گوڵ و گوڵزاری ده‌گمه‌نی سروشتی و سه‌دانی زینده‌وه‌ری له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه‌ له‌ناوچوون". 

وته‌بێژی به‌رگری شارستانی سۆران باسی له‌وه‌شكرد: ئاگره‌كه‌ زۆر به‌زه‌حمه‌ت كۆنترۆڵكرا، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌خێرایی ته‌شه‌نه‌یسه‌ند و له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی با-ش به‌زوویی بڵاوده‌بوه‌وه‌ و تا ده‌هات گه‌وره‌تر ده‌بوو، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ دواجار كۆنترۆڵكرا. 

رونیشیكرده‌وه‌: به‌رگری شارستانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی دیكه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی جددی له‌ كه‌وتنه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌ ده‌كه‌ن و هه‌ر كه‌سێكیش به‌سه‌ریدا ساغ ببێته‌وه‌ كه‌ ده‌ستی هه‌بووه‌ له‌ كه‌وتنه‌وه‌یدا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ ئه‌ركی خۆیان هه‌ڵده‌ستن. 

پێداچونەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure