سه‌عدى پیره‌: نوێنه‌رایه‌تى یه‌كێتى له‌ توركیا ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: پێش 3 هەفتە ‌ :: 269‌ جار بینراوە
سه‌عدى پیره‌

دواڕۆژ، سامان قوبادى

پارتى خه‌مسارده‌ له‌ دانانى ئه‌و پارێزگاره‌ى كاندیدى یه‌كێتییه‌ لە کەرکوک، ئه‌مه‌ وته‌ى سه‌عدى ئه‌حمه‌د پیره‌ ئه‌ندامى مەکتەبى سیاسى یه‌كێتی نیشتیمانى کوردستان-ه‌ کە له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا وه‌ڵامى چه‌ند پرسێكى تایبه‌ت به‌ كۆنگره‌ى یه‌كێتى و په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا و كابینه‌ى نوێ ده‌داته‌وه‌.

 
دواڕۆژ: ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى و توركیا چۆنه‌؟
سه‌عدى پیره‌:
په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا له‌ 2 ساڵى رابوردوودا به‌ره‌و خراپى رۆیشت، بۆ ئێمه‌ جێگه‌ى سه‌رسوڕمان بوو چونكه‌ یه‌كێتى كارى به‌ هاتوچۆ و رێڕه‌وى هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانى توركیا نییه‌، په‌كه‌كه‌ ئه‌گه‌ر بچێته‌ توركیا به‌ ناوچه‌ى زۆنى سه‌وز ناچێت، یه‌كێتى هه‌میشه‌ لایه‌نگرى چاره‌سه‌رى كێشه‌ی كورده‌ له‌ هه‌رچوار پارچه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ئاشتیانه‌، پاش گفتوگۆیه‌كى درێژ و وردبوونه‌ توركیا گوێى به‌و راپۆرته‌ دژه‌ یه‌كێتیانه‌ نه‌داوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ندێك دامه‌زراوه‌ى سیخوڕى دراوه‌ به‌ توركیا، به‌ڵكو بۆ نموونه‌ كۆمپانیاى توركیش ئێرلاین جارێكى تر گه‌شته‌كانى ده‌ستپێكرده‌وه‌ له‌ رێگه‌ى فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى، جگه‌له‌وه‌ ئه‌و گه‌مارۆیه‌ى خرابووه‌سه‌ر خێزانى به‌هرۆز گه‌ڵاڵى و ئۆفیسه‌كه‌شى داخرابوو له‌ئێستا به‌ره‌و ئه‌وه‌ ده‌چین ئه‌م گه‌مارۆیه‌ نه‌مێنێت، هه‌روه‌ها له‌ گفتوگۆى ئه‌وه‌داین له‌گه‌ڵ توركیا كه‌ نوێنه‌رایه‌تى یه‌كێتى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ بكه‌ینه‌وه‌، چونكه‌ بۆ ئێمه‌ زۆر گرنگه‌.

دواڕۆژ: ئایا دوباره‌ به‌هرۆز گه‌ڵاڵى وه‌كو نوێنه‌رى یه‌كێتى له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ده‌ست به‌كارده‌بێته‌وه‌؟
سه‌عدى پیره‌:
كاتێك دانه‌نراوه‌ بۆ كردنه‌وه‌ى نوێنه‌رایه‌تى، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خۆى رازى بێت هه‌ر ئه‌و داده‌نێینه‌وه‌، چونكه‌ سه‌ركه‌وتوو و شاره‌زایه‌ له‌ كاره‌كانى و زمانى توركیش به‌باشى ده‌زانێت، ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌ باشترین نوێنه‌ره‌كانى ئێمه‌.

دواڕۆژ: هه‌ڵوێستى یه‌كێتى له‌باره‌ى لابردنى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كانى باكورى كوردستان چییه‌؟
سه‌عدى پیره‌:
هیچ تێگه‌شتنێكمان نییه‌ بۆ ده‌ستگیركردنى سه‌رۆك شاره‌وانییه‌كان، چونكه‌ ئه‌وان چه‌كیان به‌ ده‌سته‌وه‌ نه‌بووه‌، ده‌ستگیركردنیان خه‌ڵك ده‌ترسێنێت به‌وه‌ى چه‌ك هه‌ڵبگرێت، به‌رده‌وامبوونى پرۆسه‌ى سیاسى جۆرێك له‌ متمانه‌ دروستده‌كات. 

دواڕۆژ: كه‌ى یه‌كێتى كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت؟ ئایا له‌ كۆبونه‌وه‌ى داهاتوو كاته‌كه‌ى دیارى ده‌كرێت؟
سه‌عدى پیره‌:
له‌چه‌ند رۆژى داهاتوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى رۆژى به‌ستى كۆنگره‌ دیارى ده‌كرێت، به‌ڵام له‌ 2019دا یه‌كێتى كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت.

دواڕۆژ: به‌رده‌وام ده‌ڵێن كۆنگره‌ى نوێبوونه‌وه‌ ده‌بێت، ئایا چاوه‌ڕوانى ئه‌مه‌ى لێده‌كرێت؟
سه‌عدى پیره‌:
ته‌نانه‌ت بۆ وڵاته‌ زلهێزه‌كان كۆنگره‌ى یه‌كێتى بووه‌ به‌شتێكى گرنگ، خۆشمان ئه‌وه‌نده‌مان باسكردووه‌ خه‌ریكه‌ له‌ ئامرازه‌وه‌ ده‌بێتە ئامانج، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كۆنگره‌ى نوێبوونه‌وه‌ په‌یڕه‌و و پڕۆگرامى تازه‌ ده‌بێت، له‌گه‌ڵ دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كانى داهاتوو.

دواڕۆژ: ئایا سكرتێر دیاریده‌كرێت؟
سه‌عدى پیره‌:
ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى شێوه‌ى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى وه‌كو پێشتر بمێنێته‌وه‌ یان گۆڕانكارى به‌سه‌ردا بێت، چه‌ند پێشنیارێك هه‌یه‌، له‌وانه‌ ده‌وترێت سكرتێرى گشتى هه‌بێت له‌گه‌ڵ جێگره‌كه‌ى، رایه‌كیش پێیوایه‌ مۆدێلى سكرتێرى گشتى له‌گه‌ڵ ئێستاى عێراق ناگونجێت، به‌ڵكو بكرێت به‌ سه‌رۆك و جێگرى هه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ده‌سته‌یه‌ك كاره‌كانى یه‌كێتى بگرێته‌ ئه‌ستۆ.

دواڕۆژ: بڕیارێك هه‌یه‌ بۆ گۆڕینى بریكار و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتییه‌كانى حكومه‌ت له‌ پشكى یه‌كێتى، ئەو بڕیارە جێبه‌جێ ده‌كرێت؟
سه‌عدى پیره‌:
بڕیارى جێگرى سكرتێرى گشتى هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى ماوه‌یه‌كى زۆر له‌ پۆسته‌كه‌یاندان، من پشتیوانى ده‌كه‌م، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى سه‌ركه‌وتوو نین له‌ كاره‌كانیان لایانبه‌رین، پێش ئه‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و جێگایانه‌ پڕبكه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ به‌تاڵى ماونه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ: پێتوایه‌ له‌ حاڵه‌تى راده‌ستنه‌كردنى نه‌وت و رێكنه‌كه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا، كابینه‌ى نوێ ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ چاوه‌ڕوانى ده‌كه‌ن؟
سه‌عدى پیره‌:
لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت هه‌یه‌ به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و پێشمه‌رگه‌، لیژنه‌یه‌كى تری تایبه‌ت به‌ نه‌وت و بودجه‌ و ئه‌و قه‌رزانه‌یه‌ كه‌ سامانه‌ سروشتییه‌كان گرێبه‌ستى كردووه‌ له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكان، ده‌بێت هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ تا سه‌رى ساڵ ئه‌م كێشانه‌ چاره‌سه‌ربكه‌ن، ئه‌گه‌رنا پێده‌چێت رووبه‌ڕووى كێشه‌ى گه‌وره‌ ببینه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ بودجه‌ى ساڵى داهاتوو، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌غدا باقى میزانیه‌كه‌ بنێرێت پێویسته‌ ئه‌و 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ رۆژێكدا به‌رهه‌مده‌هێنرێت بدرێت به‌ ناوه‌ند، كاتێك به‌غدا بودجه‌ى بڕى حكومه‌تى هه‌رێم چه‌ندین گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كۆمپانیاكانى بوارى نه‌وتدا كرد كه‌ كۆمپانیاكانى كرده‌ شه‌ریكى وه‌به‌رهێنان له‌ نه‌وتدا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌غدا ده‌یه‌وێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ربكات، پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان له‌م پابه‌ندى و قه‌رزانه‌ رزگاربكات، به‌شى كۆمپانیاكان بدات.

دواڕۆژ: زیاتر له‌ یه‌ك مانگه‌ پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر دانانى ته‌یب جه‌بار وه‌ك پارێزگارى كه‌ركوك رێككه‌وتوون، بۆچى ئێستا بێ ده‌نگى لێكراوه‌؟
سه‌عدى پیره‌:
پاش رێككه‌وتننامه‌كه‌ ده‌بوایه‌ پارتى و یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك سه‌ردانى پێكهاته‌كانیان بكردایه‌ و له‌گه‌ڵ به‌غداش گفتوگۆ بكرایه‌، به‌وه‌ ده‌كرێت كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا رێكبخرێت و لیستى برایه‌تى ده‌نگ بدات به‌ كاندیده‌ى دیاریكراوه‌، دواتریش ده‌بێت له‌ به‌غدا كارى بۆ بكرێت، به‌ڵام براده‌رانى پارتى ساردن له‌سه‌ر به‌ستنى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌ن بۆ دانانى پارێزگار، به‌گه‌رمى نه‌هاتونه‌ته‌ پێش.

دواڕۆژ: له‌ مانگی نیسانى ساڵى داهاتوو هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى عێراق ده‌كرێت، دانه‌نانى پارێزگارێكى كورد هۆكارنییه‌ بۆ له‌ده‌ستدانى ئه‌و پۆسته‌ له‌ داهاتوودا؟
سه‌عدى پیره‌:
پارێزگارى ئێستا سه‌رقاڵى سیاسه‌تى ته‌عریبه‌، له‌ مانگى ته‌مموزدا زیاتر له‌ 28 هه‌زار كه‌س كارتى ته‌مویلى بۆ كراوه‌ له‌ نه‌ته‌وه‌ى عه‌ره‌ب، بۆیه‌ ده‌بێت په‌له‌بكرێت لە دانانى پارێزگارێكى كورد، به‌ڵام ده‌وڵه‌تانى ناوچه‌كه‌ زیاتر له‌ توركمان و عه‌ره‌بى شاره‌كه‌ ده‌ست له‌ كه‌ركوك وه‌رده‌ده‌ن.

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure