وۆركشۆپێك لەسەر میدیا و جێندەر ئەنجام دەدرێت

هەواڵ / کوردستان :: 27/08/2019‌ :: 296‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

رێكخراوی (Internews)ی ئەمەریكی بەهاوبەشی لەگەڵ سەنتەری (Metro) و رێكخراوی(Awan) وۆركشۆپێكی سێ‌ رۆژەیان دەربارەی میدیا و جێندەر رێكخستووە.


(ئەمڕۆ سێشەممە 27ی ئابی2019)، وۆركشۆپی تایبەت بە راهێنان لەسەر نووسینی ئەو راپۆرتانەی كە كێشەكانی ژنان بابەتی سەرەكین تیایدا، لە هۆڵی تایتانیك لە سلێمانی دەستیپێكرد. 

دالیا موراد، بەڕێوەبەری پڕۆژەكە بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەم پڕۆژەیە لە سەرتاسەری عێراق جێبەجێی دەكەین و ئامانجیشمان گرنگیدانە بە تایبەتمەندیی پرسەكانی ژنان لە راپۆرتەكانی میدیا و راهێنانی میدیاكاران لەسەر نووسینی راپۆرتی هەستیار و بەرپرسانە لەسەر مافەكانی مرۆڤ و ژنان بەتایبەتی، هەروەها كێشەكانی ژنان و توندوتیژی سێكسی".

وتیشی: "لەم وۆركشۆپەدا بەشداربووان راهێنان لەسەر چەمكەكانی جێندەر، پیشاندانی جێندەر لەمیدیادا، ژن وەك بابەتی هەواڵ و دروستكەری هەواڵ، وەردەگرن. سەرباری راهێنان و شیكردنەوەی هەندێ نموونە لە میدیای ناوخۆیی و راهێنانی دیكە لەسەر پڕۆسەی لەقاڵبدان و رەخنەی میدیایی".

پڕۆژەكە لەلایەن (SIDA Swedish International Development Cooperation Agency)  سپۆنسەر كراوە كە ئاژانسێكی حكومیی سویدی-یە و كاردەكات بۆ كەمكردنەوەی هەژاری لە جیهان و بە هاوكاری رێكخراوە ناوخۆییەكان كاردەكات بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتی سوید بۆ گەشەپێدان لە سەرتاپای جیهاندا.

پ: ل. م
بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure