ئاگرێكی هاوشێوەی "ئەمازۆن" لە ناوچەیەكی گەشتیاریی هەرێم كەوتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 27/08/2019‌ :: 337‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاكۆ حەمەد رابی 

لە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (سێشەممە 27ی ئابی 2019)ەوە ئاگرێكی گەورەی هاوشێوەی ئاگرەكەی ئەمازۆن لە سنووری ژمارەیەك گوند و ناوچەی گەشتیاریی و سروشتی باڵەكایەتی كەوتۆتەوە و بەرگری شارستانیش دەڵێت "كوژاندنەوەی سەخت و دژوارە". 



رائید بەیار باڵەكی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران بەدواڕۆژی وت: "لە پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە بەهۆكارێكی نادیار ئاگر لە رووبەرێكی بەرفراوانی باڵەكایەتی كەوتۆتەوە و تا ئێستاش ئاگرەكە خێراتر تەشەنە دەسەنێت و تادێت كوژاندنەوەی ئاگرەكە سەخت و زەحمەت دەبێت".  

ئاماژەی بەوەشدا كە ئاگرەكە سنووری گوندەكانی خۆشكان و قەیمسان و چەند گوندێكی تر و جوگرافیایەكی بەرفراوانی گەشتیاریی و سروشتی ناوچەكەی گرتۆتەوە. 

وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران روونیشیكردەوە: ئاگرەكە بۆتە مایەی سوتانی چەندین گوڵ و گوڵزاری سروشتی و رەز و باغی هاووڵاتیانی سنوورەكە. 

وتیشی: "ئاگرەكە هیچ زیانی گیانی بەدواوە نەبووە، بەڵام زیانێكی زۆری مادی بە ژینگە و سروشتی ناوچەكە گەیاندووە و ئێستاش تیمەكانی بەرگری شارستانی و هاوڵاتیان خەریكی كوژاندنەوەی ئاگرەكەن". 

بەوتەی هاوكار محەمەد ئەفسەر لە بەرگری شارستانی ئەو ئاگرەی ئێستا هاوشێوەی سوتانی دارستانی ئەمازۆنە و كوژاندنەوەی ئاگرەكەش سەخت و دژوارە. 

 

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure