سزاى وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌درێت

هەواڵ / ئابوری :: 27/08/2019‌ :: 177‌ جار بینراوە

تاگ :: ئابوری

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى هه‌ولێر داوا له‌ وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات سێ پرۆژه‌ى گه‌وره‌ى نیشته‌جێبوون له‌ هه‌ولێر ته‌واو بكه‌ن، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانیش ده‌ڵێت: "هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێك له‌ماوه‌یه‌كى كورتدا ده‌ست به‌ پرۆژه‌كانى نه‌كاته‌وه‌، سزاده‌درێت".

له‌ ئاگادارییه‌كدا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى وه‌به‌رهێنانى هه‌ولێر داوا له‌ سه‌رجه‌م وه‌به‌رهێنه‌ران ده‌كات ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى سێ پڕۆژه‌ى گه‌وره‌ى نیشته‌جێبوون له‌ هه‌ولێر بكه‌ن كه‌ به‌هۆى قه‌یرانى داراییه‌وه‌ وه‌ستاون. 

سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی هەولێر (ئەمڕۆ سێشەممە 27ى ئابى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: زۆربه‌ى پرۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌ولێر ده‌ستبه‌كاربوونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سێ پرۆژه‌ى گه‌وره‌ى نیشته‌جێبوون له‌ پارێزگاى هه‌ولێر كێشه‌كانیان چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌، له‌وانه‌: پرۆژه‌ى ده‌شتى به‌هه‌شت، كانى ئه‌ڵمانى و كۆیه‌ ستى، بۆیه‌ داواكارین هه‌ر وه‌به‌رهێنه‌رێك ده‌توانێت، ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنى پرۆژه‌كان بكات سه‌ردانى ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان بكات بۆ ئه‌وه‌ى پرۆژه‌كانى پێبده‌ینه‌وه‌.
 
له‌باره‌ى ئه‌و پرۆژانه‌ى كه‌ تائێستا ده‌ستبه‌كارنه‌بوون، سامان عاره‌ب وتى: "نزیکەی سەدا 70 تا 80ی پرۆژەکان دەست بەکاربوونەتەوە، به‌ڵام ئه‌وانه‌ى له‌ ماوه‌یه‌كى نزیكدا ده‌ست به‌كارنەبنه‌وه‌ ئه‌وا مۆڵه‌ته‌كانیان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌". 

ماوه‌ى نۆ ساڵه‌ پرۆژەی نیشته‌جێبوونى دەشتی بەھەشت له‌ هه‌ولێر ته‌واونه‌كراوه‌ و ماوه‌ى شه‌ش ساڵه‌ پرۆژه‌كه‌ به‌ ته‌واوى راگیراوه‌، پرۆژه‌كه‌ له‌ 427 ڤێلا و ھەزار و 228 شوقە پێکھاتووه‌، هاوكات پرۆژەی نیشتەجێبوونی کۆیە ستی لە 36 ڤێلا و 450 خانوو پێکهاتووه‌ و ده‌بوو له‌ 2014دا ته‌واوبكرێت، به‌ڵام تائێستا ته‌واونه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها پرۆژەی کانی ئەڵمانی كه‌ لە 320 خانوو پێکدێت و ده‌بوو 2011 ته‌واو بكرێت، به‌ڵام تائێستا ته‌واونه‌كراوه‌.

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: شیروان شەریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە