چیرۆكى ئه‌و ژنه‌ى دوو ساڵ پێڵاوى هاوسه‌ره‌كه‌ى ماچ كردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 27/08/2019‌ :: 25016‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

ئه‌م سێ منداڵه‌ى وێنه‌كانیان له‌م راپۆرته‌دایه‌، چاوه‌ڕوانى هاتنه‌وه‌ى باوكیانن. دایكى ئه‌وان له‌گه‌ڵ هه‌ر لێدانێكى ده‌رگا، به‌ خه‌یاڵى گه‌ڕانه‌وه‌ى هاوسه‌ره‌كه‌ى، پێش منداڵه‌كانى خۆى ده‌رگا ده‌كاته‌وه‌ كه‌چى ئه‌و پیاوه‌ى كه‌ 5 ساڵ پێش ئێستا كه‌وتبووه‌ ده‌ستى داعش، هه‌ر ناگه‌ڕێته‌وه‌.


ئه‌حمه‌د حسێن زیاتر له‌ 20 ساڵ پێشمه‌رگه ‌بووه‌، رۆژى(7ى ئابى2014) له‌ میحوه‌رى به‌نداوى موسڵ، له‌گه‌ڵ 6 هاورێى خۆى له‌ هێزه‌كانى زێره‌ڤانى، كه‌وته‌ ده‌ست داعش و تائێستا چاره‌نووسى خۆى و هاوڕێكانى دیارنییه‌.

له‌ دواین خانووی ته‌جاوزى گه‌ڕه‌كى پیشه‌سازى له‌ دهۆك، ئێواره‌یه‌كى د‌ره‌نگ، ئێمه‌ تیمى دواڕۆژ، به ‌رێگایه‌كى خۆل و هه‌ورازى سه‌ختدا گه‌یشتینه‌ ماڵى ئه‌حمه‌د حسێن، هاوسه‌ره‌كه‌ى به ‌ناوى (پیرۆز موسا) به‌  رووخسارێكى داماو و ماندووه‌وه‌ پێشوازیى لێكردین.

جگه‌ له‌ پیرۆز و سێ منداڵه‌كه‌ى، گه‌نجێك به‌ناوى (نێچیرڤان) كه‌ براى پیرۆز-ه‌ له‌م ماڵه‌ ده‌ژین و وه‌ك خۆى ده‌ڵێت:"له‌وه‌ى ئه‌حمه‌د حسێن بێ سه‌روشوێنه‌، من بڕیارم داوه‌ له‌گه‌‌ڵ خوشك وخوارزاكانى خۆم بژیم بۆئه‌وه‌ى هاوكارییان بكه‌م".

دڵى نێچیرڤان له‌ حكومه‌ت و به‌رپرسه‌كانى دهۆك پڕبوو، پێش ئه‌وه‌ى هیچ پڕسیارێك بكه‌ین ئه‌و وتى:"چۆن ده‌بێت وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان نه‌زانن چاره‌نووسى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ چى به‌سه‌ر هات كه‌ كەوتبوونه‌ ده‌ست داعش؟ بۆچى به‌رپرسه‌كانى دهۆك له‌ روویان نایه‌ت رۆژێك سه‌ره‌دانى ئه‌م خێزانه‌ بكه‌ن، یان هاوكارییان بكه‌ن؟ ئه‌مه‌ عه‌یبه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ئیتر بابه‌س بێ، هیوادارین حكومه‌ت چاره‌نووسى باوكى ئه‌م منداڵانه‌ ئاشكرابكات".

بۆچى له‌م شوێنه‌ ناخۆشه‌ ده‌ژین؟ ئه‌مه‌ یه‌كه‌م پرسارى دواڕۆژ بوو. پیرۆز وتى:"ئێمه‌یش‌ وه‌ك زۆرێك له‌ خێزانه‌كانى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیده‌كان، ناچارین به‌هۆى هه‌ژارى و ده‌ستكورتى له‌م شوێنانه‌ بژین كه‌ زستانان ئاو دێته‌ ناو ماڵمان‌، ناتوانین نەوت بكڕین، ناتوانین روو له‌ شوێنێكى باشتر‌ بكه‌ین".

ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى به‌ دیل-ى كه‌وتبوونه‌ ده‌ست داعش و چاره‌نووسیان دیارنییه‌، حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان وه‌ك شه‌هید مووچه‌یان بۆ بڕیونه‌ته‌وه‌. بۆیه‌ ئه‌م خێزانه‌یش خۆیان به‌ خێزانى شه‌هید ده‌زانن،  پیرۆز ده‌ڵێت:"ئێمه‌ خێزانى شه‌هیدین و مووچه‌ى شه‌هید وه‌رده‌گرین به‌ڵام حكومه‌ت چه‌ندین مووچه‌ى شه‌هید قه‌رزدارى ئێمه‌یه‌. دواى ساڵێك له‌ بێسه‌روشوێنبوونى هاوسه‌ره‌كه‌م، هه‌موو به‌رپرسه‌كانى حكومه‌ت و ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان ئێمه‌یان له‌ بیركرد، ته‌نیا دراوسێكانمان هاوركارییمان ئێمه‌ ده‌كه‌ن".

پیرۆز وتیشى:"منداڵه‌كانى من شه‌عبان و سیراج و سیداد، هه‌موو رۆژێك چاوەڕوانى هاتنه‌وه‌ى باوكیان ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ هه‌ر لێدانێكى ده‌رگا من پێش هه‌موویان ده‌رگا ده‌كه‌مه‌وه، هه‌ستده‌كه‌م‌ ئه‌حمه‌د گه‌ڕایه‌وه‌ كه‌چى ئه‌و هه‌ر نایه‌ته‌وه‌، خۆزگه ئه‌و‌ بهاتایه‌ با دۆخى ئێمه‌ له‌ ئێستایش زۆر خراپتر بوایه‌".

پیرۆزى دڵشكاو و چاو له‌ڕێ، به‌ چاوى پڕ له‌ فرمێسكه‌وه‌ ده‌ڵێت:"جلوبه‌رگى هاوسه‌رى خۆم به‌ جوانى هه‌ڵگرتووه‌، دووساڵ پێڵاوى ئه‌وم بۆیاخ ده‌كرد و ماچم ده‌كرد و له‌ به‌رده‌گام داده‌نا، به‌ڵام له‌به‌ر دڵ و هه‌ستى منداڵه‌كان و خۆشم پێڵاوه‌كانم‌‌ هه‌ڵگرتووه‌".

پ: ل. م

ب: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure