منداڵ لە زەمەنی ئایپاد-دا

هەواڵ / چاوی تۆ :: 26/08/2019‌ :: 131‌ جار بینراوە
ن: بێریڤان

خاڵی جیاکردنەوەی منداڵی ئەم سەردەمە لەگەڵ منداڵی بەر لە سەرھەڵدانی تەکنۆلۆجیای زیرەک، ھەر ئەوەیە کە پێشوو چەند منداڵێک لە ماڵێکدا بەدیار تەلەفزیونێکەوە دادەنیشتن، بەڵام ئێستا ئەو دیمەنە گۆڕاوە بۆئەوەی ھەر منداڵێک لە سووچێکی ماڵ  بەبێدەنگی سەری خستووه‌تە سەر ئایپادەکەی. 

مەترسیە تەندروستیەکان لەلایەک، بەڵام بیری منداڵی سەردەمی ئایپاد بەجۆرێک کۆنتڕۆڵکراوە کە تەنھا ئەوە وەردەگرێ کە بە رووکەش دەخرێتە بەردەستی.

 پرسیارێکی گرنگ ئەوەیە: ئەوەی ئەمڕۆ منداڵ فێری دەبێ چەندی پێویستە و چەندی زیادەیە؟بەشێک لە دایکان و باوکان بێ ھیچ سڵەمینەوەیەک و کۆنتڕۆڵێک بیری منداڵیی منداڵەکانیان ئاوەڵاکردووە بە رووی ھێڵی بێ سنووری ئینتەرنێت کە ھیچ کات مەرج نیە بابەتەکان گونجاوبن بۆ تەمەنی ئەو منداڵە.

کۆمپانیای گوگڵ خزمەتگوزاریی (google family) خستووه‌تەگەڕ بۆ سنووردارکردنی ئەو بابەت و بەرنامانەی منداڵەکان سەیریان دەکه‌ن، دەتوانرێ کۆنتڕۆڵی ئەوەی منداڵەکە بەدوای دەگەڕێت لەژێر دەستی دایکان و باوکان بێ.

لەبەرئەوە گرنگە رۆشنبیریی بەکاربردن وەک بابەتێکی ھەستیار لەلایەن خێزانەکانەوە بە بەیاخەوە سەیربکرێت، شاگەشکەبوونی دایک و باوکان بەوەی منداڵەکانیان چەند وشەیەکی ئێنگلیزی فێربووە، نابێت فریوی ئەو زانینە رووکەشەیان بدات کە بیری منداڵەکانیان لەنێو تۆڕی ئینتەرنێتدا لە دەستێکی ئەمیندایە، بۆیە دڵخۆشبوون بەوەی منداڵەکان شارەزاییان ھەیە لە بوارێک، نابێ جێگای دڵنیایی خێزانەکان بێ.

پرسیاری گرنگ لەبارەی پەروەردە و فێرکردن لەسەردەمی ئایپاد ئەوەیە: مناڵەکان چی فێردەبن؟ منداڵەکان کام جۆر پەروەردە وەردەگرن؟ئەمانە خاڵی بەدواداچوونی گرنگن کە پێویستە ھەڵوەستەی جدی لەسەر بکرێت.

پ: ل. م



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure