له‌ شه‌ڕى نێوان دوو خێزاندا له‌ چه‌مچه‌ماڵ پێنج كه‌س بوونه‌ قوربانى

هەواڵ / کوردستان :: 26/08/2019‌ :: 1401‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن
 
له‌ شارۆچكه‌ى چه‌مچه‌ماڵ له‌سه‌ر كێشه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى كه‌ په‌یوه‌ندیى به‌ گونده‌كه‌یانه‌وه‌ هه‌یه‌، شه‌ڕه‌ته‌قه‌ له‌ نێوان دوو خێزاندا روویدا و به‌هۆیه‌وه‌ پێنج كه‌س برینداربوون كه‌ دووانیان ئافره‌تن.


ئه‌یوب حه‌مه‌ غه‌ریب، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستى چه‌مچه‌ماڵ (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 26ى ئابى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ له‌ چه‌مچه‌ماڵ له‌ ئاكامى شه‌ڕه‌ته‌قه‌ى نێوان دوو خێزان، پێنج كه‌س به‌ بریندارى گه‌یه‌نرانه‌ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتن كه‌ هه‌موویان گوله‌یان به‌ركه‌وتبوو و بریتیبوون له‌ دوو ئافره‌ت و سێ پیاو، له‌به‌ر سه‌ختیى برینه‌كانیشیان سێ كه‌سیان ره‌وانه‌ى سلێمانى كران.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسى چه‌مچه‌ماڵ به‌ دواڕۆژى وت: "ئه‌و دوو خێزانه‌ى شه‌ڕیان كردووه،‌ خه‌ڵكى گوندى (گوڵمكه‌وه)‌ن له‌ ناوچه‌ى شوان-ى سه‌ر به‌ شارى كه‌ركوك، به‌ڵام ئێستا له‌ چه‌مچه‌ماڵ نیشته‌جێن و هاتووچۆى گونده‌كه‌یان ده‌كه‌ن".

سه‌رچاوه‌كه‌ى پۆلیس وتیشى: "ئه‌و گونده‌ له‌سه‌ر كێشه‌ى زه‌ویوزار و لایه‌نگرى سیاسى، بوون به‌ دووبه‌ره‌ و ده‌مێكه‌ كێشه‌ له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ چه‌ند رۆژى رابوردوودا لایه‌نێكیان له‌ نێو گونده‌كه‌ ده‌ستكاریى زه‌وییه‌كانى كردووه‌ و ساترى لێداوه‌، ئه‌مه‌یش بووه‌ته‌ هۆى تووڕه‌بوونى به‌ره‌كه‌ى تر و ئه‌مڕۆ ئه‌و شه‌ڕه‌ى لێدروست بووه‌".

بۆ زانیاریى زیاتر، دواڕۆژ به‌ په‌یوه‌ندیكرد به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى چه‌مچه‌ماڵ-ه‌وه‌، به‌ڵام ئاماده‌نه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ قسه‌ بكات. هاوكات وته‌بێژى پۆلیسى سلێمانى-یش وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌كانى نه‌دایه‌وه‌. 
 
پ: ل. م
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure