سروشتی هەورامان لەنێوان گەشتیار و خاوەن باخ و كەپرەكاندا خەریكە لەناو دەچێت

هەواڵ / ئابوری :: 27/08/2019‌ :: 390‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتى عەلی حەمە سەعید

بەهۆی بەردەوامیی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما ڕۆژانە بە هەزاران گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەورامان دەكەن، بەڵام نەبوونی خزمەتگوزاری و بەرزیی نرخی كاڵا و شمەك گەشتیاریان نیگەران كردووە.

بەگوێرەی ئەو ئامارانەی كە لە بەڕێوبەرایەتیی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە بە دواڕۆژ دراون لە ماوەی 10 ڕۆژی ڕابوردوودا زیاتر لە 65 هەزار گەشتیار لە ناوچە جیاوازەكانی هەرێم و دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە ڕوویان لە سەیرانگا و ناوچە گەشتیارییەكانی هەورامان كردووە و ڕۆژانەش هاتنی گەشتیار بەردەوامیی هەیە.

كوێستان بەكر، یەكێك لەو گەشتیارانەیە، كە لە كەركوكەوە هاتبووە هاوینەهەواری ئەحمەد ئاوا بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "سروشتی ناوچەكە زۆر تایبەت و سەرنجڕاكێشە و كەشوهەوایەكی سازگاری هەیە، بەڵام نرخەكان زۆر بەرزن، كەپرێك دەگریت بۆ دانیشتن شەو و ڕۆژێك 24 كاتژمێرە، بەڵام لای خاوەن كەپرەكان 12 كاتژمێرە، نرخی كەپرەكان بەپێی گەورەیی و بچووكیی دەگۆڕێت، نرخ لە 20 هەزارەوە دەستپێدەكات هەتا 60 هەزار، ئەو ڕۆژانەشی پشوو بێت و گەشتیار زیاتر بێت، نرخەكان گرانتر دەبن، نرخی شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل 10 هەزار دینارە، لەكاتێكدا لە شوێنی ئاسایی تەنیا هەزار دینار وەردەگیرێت".

ڕزگار عەلی، یەكێكی تر لەو گەشتیارانەی كە لە ناوچەی گەرمیانەوە ڕووی لە هەورامان كردبوو بۆ دواڕۆژی ڕوونكردەوە، فڕێدانی پاشماوەی گەشتیاران و نەبوونی خزمەتگوزاری گرفتێكی دیكەیە گەشتیاران پێوەی گیرۆدەبوون، چونكە بەشێكی گەشتیاران پاشماوەكانیان لە شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن و خاوەن باخەكان وەك پێویست باخ و كەپرەكانیان خاوێن ناكەنەوە و رێگاوبانەكەش وەك پێویست نییە.

وەهاب ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "لە زۆربەی ناوچە گەشتیارییەكاندا تیمی تایبەت و كارمەندی جێگیرمان هەیە، ڕێنمایی دەدەنە خاوەن كەپر و گەشتیارەكان، بەڵام بەداخەوە ئەو كەسانەی خاوەن موڵكن ئەوەندەی بەدوای قازانجی خۆیانەوەن، ئەوەندە گرنكی بەپاك ڕاگرتنی ژینگەی ناوچەكە نادەن، لیژنەكانی ئێمە دەگەڕێن، هەر گەشتیارێك شوێنەكەی پیس بێت، یان پاشماوەكەی فڕێبدات بۆ ناو ئاوەكە، سزای مادیی دەدەین".


ئاماژەی بەوەشكرد، كە سزای سەرپێچیكاران بەتایبەت خاوەن باخ و كەپرە گەشتیارییەكان دەدەین ئەگەر بەردەوامبن لە گرانفرۆشی و پاك ڕانەگرتنی شوێنە گەشتیارییەكان، بۆیە گەشتیارانیش ئاگادار دەكەینەوە لەحاڵەتی گرانكردنی شوێنی دانیشتن و كاڵا و شمەك لە ناوچە گەشتیارییەكانی هەورامان لە ڕێگای پەیجی گەشتوگوزاری هەڵەبجەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك، یاخود لەڕێگەی تەلەفۆنەوە ئاگادارمان بكەنەوە لە هەر سەرپێچییەك بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی پێویست بگرینە بەر.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

ب: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە