تۆمەتبارێك لەسوریاوە رادەستی هەولێر دەكرێتەوە

هەواڵ / کوردستان :: 26/08/2019‌ :: 212‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئاراس عەزیز


لەدوای هەفتەیەك لە كوشتنی كەسێك و دواتر هەڵاتنی بۆ سوریا، پۆلیسی هەولێر توانییان ئەو تۆمەتبارە بگەڕێننەوە و دەستگیری بكەن.

ئەمڕۆ (یەكشەممە 26ی ئابی 2019) هۆگر عەزیز وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: "دوای ئەوەی كەسێك بەئۆتۆمبێلێكی جۆری BMW رۆژی (18ی ئابی 2019) لە نزیك بەنزینخانەی ئاكاری شاری هەولێر لە فەرمانبەرێكی مافی مرۆڤی عێراق بەناوی فەهد حەیدەر دەدات و گیان لەدەست دەدات، دوای هەفتەیەك توانرا ئەو تۆمەتبارە بگەڕێندرێتەوە هەولێر".

وتیشی: "لەدوای ئەنجامدانی رووداوەكە، تۆمەتبار هەڵاتبوو بۆ سوریا، بەڵام دوای لێكۆڵینەوە لەڕێگەی كەسوكارەكەی كە لەهەولێر دەژین، توانیمان تۆمەتبار بگەڕێنینەوە هەولێر و لەئێستادا بە مادەی 24 لە یاسای هاتوچۆ بەندە".

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتیشی: "ئەو ئۆتۆمبێلەی لە كارمەندەكەی داوە، هی  بوك گواستنەوە بووە و لە هۆڵێكی ئاهەنگ گێڕان توانیویانە ناسنامەی تاوانبار بدۆزنەوە كە برای بوكەكە بووە  بەناوی خالید عوسمان و خەڵكی رۆژئاوای سوریا بووە".

فەهد حەیدەر، تاقانەی چوار خوشك بووە و دایك و باوكی نەماوە،فەرمانبەری وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق و خوێندكاری ماستەر بوو لە بەشی كارگێڕی كار، رۆژی 18ی ئابی ئەمساڵ لەلایەن كەسێكەوە بەئۆتۆمبێل لێی درا و گیانی لەدەستدا.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure